دانیشتووی: مەرخوز، #سەقز#
بەرپرسایەتی: کادر
ساڵی شەهیدبوون: 1374 (1985)
شەهید سەڵتەنە، کچی حاجی مارف ڕەشیدی و حەلیمە فەتاحی، ساڵی 1347ی هەتاوی، لە ئاوایی مەرخوز سەربە شارستانی سەقز، لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروردا چاوی بەدونیا هەڵێناوە.
لە سەرەتای ساڵەکانی شێستی هەتاویدا، پێوەندی بە ڕێکخستنەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانەوە دەگرێ، ئەوکات لە لایەن بەرپرسانی حیزبییەوە لەو دەڤەرە، لە تەشکیلاتی نهێنیدا سازمان دەدرێت.
شەهید سەڵتەنە، بەوپەرێ ژیریو چاوکراوەیی ئەرکە پێئەسپێردراوەکانی بە دڵسوزی بەرێوە دەبات، لە کاری ڕێکخستنی نهێنیدا وەکوو سوارچاکێک بەرەوپێش دەچێتو ئەزموون کەڵەکە دەکات، ناوبراو لە کاتی شەهید بوونیدا، خاوەنی پلەی کادری مەحەللی بوو.
شەهید سەڵتەنه، بە هۆی خۆش ناویو سڵنەکردنەوە لە بەکرێگیراوانو چڵکاوخۆرانی ڕێژیمو بەگژداچوونەوەیان، چەند جارێک لە لایەن دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەکەوێتە بەندیخانەو ئازارو جەزرەبە دەدرێت.
ناوبراو بەوپەڕی وەرەبەرزی، سەرەڕای ئازارو ئەزیەتێکی زۆر، هیچ نهێنیەک نادرکێنێ، باوەڕی قایمو پتەوی بە ڕێبازی کوردایەتیو ڕێگای پڕ لە سەروەری حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، هەرگیز ناهێڵن شەهید سەڵتەنە چۆک بۆ دوژمنانی ئازادی دابدات.
شەهید سەڵتەنە، لە نێو گوندی مەرخوزو دەوروبەریدا وەکوو کەسایەتیێکی کاراو لێهاتوو چاوی لێدەکرا، تەنانەت کاتێک باوکو براکانی لەسەر کوردایەتیو لایەنگری لە حیزبی دێموکڕات دەسبەسەر کرابوون، ناوبراو بەوپەڕی باوەڕبەخۆبوونو لێهاتوویەوە جڵەوی کاروباری ماڵو ڕاپەڕاندنی کارەکانی کێڵگەو مەزرای وەئەستۆ گرت، نەیهێشت تانەوتەشەری نەیارانی ئازادی بێتەوە سەر بنەماڵەکەی. کارێک کە لە ڕوانگەی زۆربەی خەڵکی ناوچەدا بەرانبەر بە ناوبراو کاریگەرو ئەرێنی بوو.
شەهید سەڵتەنە، بەردەوام لاوانی بۆ خوێندنو خۆپێگەیاندن هان دەدا، لە ڕوونکردنەوەی سیاسەتەکانی حیزبەکەیدا بۆ کۆمەڵانی خەڵک بە گشتیی، توێژی ژنان بە تایبەتی سەرکەوتوو بوو.
کرداری باش، ڕەوشت بەرزی، ڕاستگۆیی، قسە خۆشیو باوەڕبەخۆبوون لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی شەهید سەڵتەنە بوون.
شەهید سەڵتەنە، بە هۆی کەسایەتی بەرزو شوێندانەری خۆی، لە کاتی هاتنە ئارای زۆر ڕووداوو تەنگەوچەلەمەدا لە ناوچەکە بە گشتییو ئاوایی مەرخوز بەتایبەتی، ڕۆڵێکی دیارو ئەرێنی دەگێڕاو بە بوونی گەرمو گوڕی خۆی، بە ژیریو چاوکراوەیی ڕێگا چارەی شایانو شیاوی بۆ کێشەکان دەدۆزیەوە، بەرچاوڕوونانە خەڵکی بۆ تەباییو هەرەوەزیی هاندەدا.
مخابن، شەهید سەڵتەنە لە ڕێکەوتی 27ی جۆزەردانی ساڵی 1374ی هەتاوی، پاش 2 ساڵ بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشییەکی لە چارەنەهاتوو، بە هۆی شێرپەنجەی خوێنەوە، ماڵئاوایی لە بنەمەڵەو هاوسەنگەرانی خواست و ڕێگای خەباتی تژی لە سەروەری بە هاورێیانی لە حیزبی دێموکڕات سپارد.
یادی بەرێزو ڕێگای پڕ ڕێبوار بێ.