$ژیاننامە$
لە سابڵاخی #موکریان# لەدایکبووە، بەگەنجی تێکەڵاوی جوڵانەوەی کورد بووە، یەکێ بوو لە دامەزرێنەرانی (ژ.ک- ژیانەوەی کورد) و تا هەڵوەشانەوەی ئەو ڕێکخراوە زەبیحی سکرتێری بوو.
دوای ئەوە بوو بەئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموکراتی کوردستان. دامەزرێنەری #گۆڤاری نیشتمان# بوو کە بڵاوکراوەیەکی نهێنی (ژ.ک) بوو.
هەروەها گەلێ وتار و نووسینی لەرۆژنامەی کوردستاندا بڵاوکردۆتەوە کە ئۆرگانی حزبی دیموکراتی کوردستان بوو.
پاش ڕووخانی حکومەتەکەی #مەهاباد#، بەنهێنی خۆی ئەگەیەنێتە عێراق و دوای ئەوەی کە لە عێراقیش ئاشکرا دەبێت ڕوودەکاتە سوریا و لەوێش بەشدارییەکی کاریگەری کرد بۆ هاندانی دامەزراندنی (پارتی دیموکراتی کورد).
پاشان گەڕایەوە عێراق و لەناو ڕیزەکانی #پارتی دیموکراتی کوردستان#دا کەوتە کارکردن.
ماوەیەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی بوو.
لە دەستپێکی شۆڕشی ئەیلول دا لێپرسراوی لقی #کەرکووک# و دواتر لێپرسراوی لقی بەغدا بوو.
زەبیحی خۆنەویست و دڵفراوان و نەفسبەرز بوو. پسپۆرێکی کەموێنەی زمان و ئەدەب و مێژووی کورد بوو.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/726/0006.JPG=KTML_Photo_Alt=عەبدولڕەحمان زەبیحی=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/726/0006.JPG=KTML_Photo_End=
لەو جۆرە سیاسییانە بوو کە دەیوت کورد کەوتە هەر پارچەیەکی کوردستانەوە پێویستە خزمەتی ئەو پارچەیە بکات، بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا پڕۆژە ڕۆشنبیرییەکەی تەواوبکات و تەنیا دوو بەرگی لە فەرهەنگە کوردی بەکوردییەکەی بڵاوکراونەتەوە و ئەو تێکۆشەرە خۆنەویستە لە هەلومەرجێکی ئاڵۆزداو لە ناوچەیەکی سنووری نێوان عێراق - ئێران دا بێسەرو شوێن بوو.[1]
..
زەبیحی (1881-1941)، خەڵکی ناوچەی موکریانە.
شێخ باباسمایلی بەرزەنجی ناسراو بە (زەبیحی)، کوڕی شێخ ئەحمەد، کوڕی شێخ سمایلی جاشێران بەناوبانگ بە شێخ سمایلی کڵاوقووچ، کوڕی شێخ محەمەدی ئۆتەمیش، کوڕی شێخ بابای لەگز، ساڵی 1881 لە گوندی غەوسابادیی مەهاباد لە دایک بووە.
شێخ ئەحمەدی باوکی زەبیحی برای شێخ باباسەعیدی بەرزەنجی (1859- 1915) یە، شێخ باباسەعیدی بەرزەنجی بە هۆی فتوای دژ بە تورکانی عوسمانی، بە فەرمانی بابی عالی و بە دەستی ئەفسەری سوپای عوسمانی (عومەر ناجی بەگ) لە زستانی ساڵی 1915 لە گوندی کەرێزەی گڵی لە دار درا. زەبیحی خاوەنی دوو کوڕ و شەش کچ بوو، لە ساڵی 1941 لە تەمەنی شەست ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە لە گوندی جاشێرانی نزیک #شنۆ# نێژراوە.
$زەبیحی و #کۆمەڵەی ژێ#- کاف$
بەهاتنی هێزەکانی سۆڤییەت و بریتانیا بۆ ئێران دەوڵەتی ناوەندیی لاواز بوو و دوای هاتنەسەرکاری محەممەد ڕەزای کوڕی ڕەزا شا، بەستێنیکی لەبارپێکهات بۆ بووژانەوەی حیزب و ڕێکخراوەکان.
لەم هەلومەرجەدا ئەفسەرێکی باشووری کوردستان بەناوی میرحاج ئەحمەد بە نوێنەرایەتی لە لایەن حیزبی هیوا دەچێتە مەهاباد و پێوەندی دەگرێت بە عەبدولرەحمان زەبیحی و بەمشێوازە بە بەشداری نوێنەری حیزبی هیوا و بەدەستی کۆمەڵێک بژاردەی شاری مەهاباد بەنەهێنی کۆمەڵەی ژێ کاف وەک یەکەمین حیزبی سیاسی کوردی بە هەڵگرتنی دروشمی کوردستانی گەورە و بە ئامانجی ڕزگاری نەتەوەیی لە ڕۆژی 25ی گەلاوێژی 1942 لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزرا.
بە بەستنی پەیمانی هاوکاری لەگەڵ کوردانی باشووری کوردستان لە داڵانپەڕ (سێ سنوور) و بەستنی یەکەمین کۆبوونەوەی گەورەی خۆی، کۆمەڵەی ژێ کاف دەست بە چالاکییەکانی دەکات.
$هۆنراوەکانی$
زەبیحی بە هەردوو زمانی کوردی و زمانی فارسی شیعری بەرزی لەدوا بەجێماوە کە تا ئێستا چاپ و بڵاو نەکراونەتەوە.شیعرەکانی زەبیحی بە هۆی پەیوەندی بنەماڵەیی بە تەریقەتەوە و پلەی شێخایەتی لە کوردستاندا، باری ئایینیان هەیە و دەکەونە خانەی غەزەلەکانی بەرزی عیرفانی. ئەوەی تا ئێستا لە شیعرەکانی زەبیحی بەدەست کەوتبێ هەر ئەوانەن کە لە تەکیە و خانەقاکاندا بە دەف لەلایەن دەنگخۆشانەوە گوتراون و بەهۆی وەرگرتنەوە لە زمانی ئەم و ئەو زۆر و کەم هەڵەیان تێکەوتووە. دەستنووسێکی دیوانی زبیحی تا ئێستا بەدی نەهاتووە.
$نموونەیەک لە هۆنراوەکانی$
ڕووی تۆ خورشیدە قوربان، یا نە ماهی ئەنوەرە
عاشقی بێچارە بۆ وەسڵی تۆ هەر سەوداسەرە
چاو لە ڕێگای دیتنی باڵای وەکو شمشادی تۆم
گەر دەبینم قامەتت بۆ من هەمیشە مەحشەرە
لەشکری زوڵفت لە بۆ قەتڵم هەمیشە حازرە
وەرنە سەیری تیری موژگانی لە دڵدا نەشتەرە
ڕووت گوڵ و نارنج و لیمۆ یا هەناری گوڵ بەدەم
دانەیی یاقووتە خاڵت غەبغەبت وەک کەوسەرە
پێم دەڵێن مەستە (زەبیحی) سەرخۆشە، نابێ خومار
چۆن نەنۆشم جامی مەی؟ خۆی ساقی و هەم دڵبەرە[2]