لەجادەی سەهۆڵەکە لەشاری #سلێمانی#، پرۆژەی پاسێکی جێگیر بۆتە جێگای سەرنجی هاوڵاتیان.. خاوەنی پاسەکەش کە کچە خوێندکارێکی کۆلێژی هونەرە جوانەکانە، دەلێت گەران بەدوای بژێوی، هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی بیرۆکەی نوێ ئامانجی سەرەکی پرۆژەکەیە.
لەرێ نەجمەدین، خوێندکاری قۆناغی چوارەمی کۆلێژی هونەرە جوانەکانە لەزانکۆی سلێمانی.. ئه و بەهاوبەشی لەگەڵ هاوسەرەکەی کەبەهەمان شێوە خوێندکاری هەمان کۆلێژە بیرۆکەی دانانی پاسێکی جێگیریان لەجادەی سەهۆڵەکە کردۆتە سەرچاوەیەک بۆ پەیدا کردنی بژێوی ژیان، ڕاکێشانی سەرنجی پیادەڕەوانی ئه و شەقامە بەلای کاڵاکانیاندا کەبریتین لەفرۆشتنی چەند جۆرێکی دیاری کراو لەجلوبەرگ وپۆشاکی بڕاندی هاوردە کراو لەبازاڕەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان... لەرێ نەجمەدین، دەربارەی بیرۆکەی پرۆژەکه و شێوازی کارکردنی ڕۆژانەی بۆ ماڵپەری چاوی خەڵک، دەلێت ڕۆژانە لەکاتژمێر 5 ی سەر لەئێوارەوە بۆ 12ی شه و پێشوازی لەکڕیارەکانمان دەکەین.. گەنجان بەرێژەیەکی باش سەردانمان دەکەن، ئەوەش ئومێدی زیاترمان پێدەبەخشێت بۆ بەردەوام بوون وهەوڵدان بۆ فراوان کردنی زیاتری پرۆژەکە لەداهاتوودا.
بیرۆکەی پرۆژەکەی لەرئ تاکلایانە نییە بەڵکو، وەکو خۆی ئاماژەی پێکرد پرۆژەیەکی هاوبەشی خۆی وهاوسەرەکەیەتی بەوپێیەی هەردووکیان پێشتر لەبواری فرۆشتنی پۆشاکدا کاریان کردووە بەڵام، بەردەوام نەبوون، لەئێستاشدا سەرلەنوێ ڕوویان لەبووارەکە کردۆتەوە پێشتر دوکانێکی تایبەت بەفرۆشتنی جل وبەرگمان هەبوو، دواتریش لەناو بازاری شاری سلێمانی ماوەیەک کاری ئوتوی جل وبەرگمان دەکردو ئێستاش لەم پرۆژە نوێیەدا دەستبەکارین.. بارو گوزەرانی ئێستای ژیان دەخوازێت بەردەوام بەدوای بیرۆکەی نوێ وهەلی کاری گونجاودا بگەرێین.
پاسەکەی لەرێ بە (Saw Shop) ناسراوە.. ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ بڕاندی یەک له و جۆرە پۆشاکانەی لەنێو پاسەکەدا نمایش کراون، سەرچاوەی بەرهەمهێنانیشیان وڵاتی تورکیایە ستایلی پۆشاکەکان گەنجانەن، لەلایەن هەردوو ڕەگەزیشەوە بەکاردەهێنرین، سەرجەمیشیان لەوڵاتی تورکیاوە هاوردە کراون.. سەبارەت بەنرخەکانیشیان دەتوانم بلێم تاڕادیەکی زۆر گۆنجاون 10 20 هەزار دینار ئەوەش بەپشت بەستن بەتۆکمەیی وکوالێتی جۆری پۆشاکەکان.
لەرێ وهاوسەرەکەی بۆ مانەوه و بەردەوامبوون لەشوێنی کارەکەیان، پێشوەخت ڕەزامەندی بەرێوبەرایەتی ئاسایشی سلێمانیان وەرگرتووە بەڵام، سەرباری بەدەستهێنانی ڕەزامەندی، بەرپرسانی شارەوانی، هاتوچوو وهەروەها ژووری بازرگانی سلێمانیش تاڕادەیەک ئاستەنگیان بۆ دروست دەکەن وداوایان لێدەکەن پاسەکەیان بۆ جێگایەکی تر بگوازنەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان پێیان وایە ئێمە ئاستەنگیمان بۆ شەقام دروستکردووە هەرچەندە ئێمە پێشوەخت ڕەزامەندی بەرێوبەرایەتی ئاسایشمان وەرگرتووە.. هیوادارین بەرپرسانی شارەوانی وهاتوچوو وهەروەها ژووری بازرگانی سلێمانیش هاوکارمان بن بۆ ئەوەی بتوانین لەکارەکەمان بەردەوام بین وهاوکات، پرۆژەکەشمان بکەینە سیمایەکی تری جوانی لەشارەکەدا، وەکو لەرێ خۆی ئاماژەی پێکرد.