لەراگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی #سلێمانی# ڕۆژی چوار شەممە 18-9-2019 ڕاگەیەنراوە، لەدرێژەی کارو چالاکییەکانی 10 ڕۆژی ڕابردووی بنکەی پۆلیسی ڕزگاری، توانراوە 14 تۆمەتبار دەستگیربکرێن بەپێی چەند ماددەیەک لەیاسای سزادانی عیراقی.
ئاماژەبەوەشدراوە، تۆمەتبارێک دەستگیرکراوە بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی کە تۆمەتبار ڕاگیراوە لەسەر دۆسیەی کوشتنی هاوڵاتییەک.
ئەوەشخراوەتەروو، چوار تۆمەتبار دەستگیرکراون بەپێی ماددەی 456 لەیاسای سزادانی عیراقی کە تۆمەتباران هەستاون بەفێڵکردن لەهاووڵاتیان و لەو ڕێیەوە پارەیان لەهاووڵاتیان سەندووە.
پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستوەتەروو، کەچوار تۆمەتباری تر دەستگیرکراون بەپێی ماددەی 477 لەیاسای سزادان کە تۆمەتباران هەستاون بەزیان گەیاندن بەموڵک و ماڵی گشتی و سێ تۆمەتباری تر دەستگیرکراون بەپێی ماددەی 2 ی خراپ بەکار هێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی.
هەروەها تۆمەتبارێک دەستگیرکراوە بەپێی ماددەی 21ی چەک و دەستیشگیراوە بەسەر چەکێکی جۆری کڵاشینکۆفدا و تۆمەتبارێکی تر دەستگیرکراوە بەپێی ماددەی 402 لەیاسای سزادانی عیراقی، ماددەکە هەموو ئەو تاوانانە دەگرێتەوە کە دژی دابونەریتی گشتین.
پۆلیسی سلێمانی لەراگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لەدرێژەی هەڵمەتەکانییندا و دانانی بازگەی کاتی، شەوی ڕابردوو بنکەی پۆلیسی ڕزگاری دەستیگرت بەسەر 25 ماتۆڕسکیلی بێسەرەتاو 67 پەردەی ئۆتۆمبێل و زیاتر لە 15 لەزگەی جامی ڕەش لێکرانەوە.
لەبەرامبەریشدا دانیشتوانی سنووری بنکەی پۆلیسی ڕزگاری دەستخۆشییان لەهێزەکانی پۆلیس کرد، هەڵمەتی گەڕان و پشکنینی هێزەکانی پۆلیس بەردەوامیی دەبێت و هەرکەسێک سەرپێچی بکات دەستگیردەکرێت و ڕووبەڕوی یاسا دەکرێتەوە.[1]