لە ساڵیادی کۆچی دواییی #مام جەلال#دا، یادی سەرکردەیەکی خەباتگێڕ دەکەینەوە کە کۆچکردنی بۆشاییەکی گەورەی لە کاری دەوڵەتی و سیاسیدا دروستکرد. لەناو کێشە و ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆدا لە عێراق و ناوچەکە زیاتر لە هەموو کاتێک هەست بە بۆشاییی مام جەلال دەکەین، بەڕاستی مام جەلال سیمبولێکی کاری هاوبەش بوو.
پەیوەندیی بەهێزی نێوان هەردوو سەرۆک مام جەلال و کاک مەسعوود بارزانی، قۆناغێکی بەهێزی کاری هاوبەشی لە کوردستان هێنایە کایەوە کە ئەنجامەکەی چەسپاندنی بەشێکی زۆری داواکانی گەلی کوردستان بوو لە بەڵگەنامەکانی کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و دەستووری عێراقدا، هەروەها لە ئەنجامی ئەوەدا بۆ یەکەمجار پێگەیەکی بەهێز بۆ کورد و نەتەوەکانی دیکە لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا دروستبوو و دیموکراسی لە عێراق گەشەکردنێکی زۆری بەخۆیەوە بینی.
مام جەلال، پشتیوانێکی زۆر گەورە بوو بۆ کاری من لە دروستکردن و ڕیشەدارکردنی کاری هاوبەش و بەڕێوەبردنی هاوبەش لە هەرێمی کوردستان کاتێک کابینەی پێنجەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانمان پێکهێنا و بەر لەوەش لە نزیککردنەوەی ئیدارەکان و دروستکردنی یەکبڕیاری لەسەر زۆر پرسی سیاسی و ئیداری لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
03-10-2019 کە یادی کۆچی دواییی مام جەلال دەکەینەوە، باشترین وەفاداری ئەوەیە یەکڕیزیی گەلەکەمان و هاوبەشی لە کاری سیاسی و بەڕێوەبردندا، پەیوەندییەکان و هاوهەڵوێستیی نێوان #پارتی دیموکراتی کوردستان# و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و هەموو هێزەکانی کوردستان لەسەر پرسە هاوبەشە کوردستانی و عێراقییەکان بەهێز بکەین.
یادی مام جەلال مایەی خێر و تەبایی بێت و سڵاو و دروود بۆ گیانی دەنێرین.[1]