#مەریوان وریا قانع#
لەدواهەمین ڕۆژی مانگی دوازدەی ساڵی 2019 چین بۆ یەکەمجار دانی بەوەدا نا کە ڤایرۆسێکی تازە لەشاری وهان لەوڵاتەکەدا پەیدابووە و هۆکاری پەیدابوونەکەشی نازانن. 20 ڕۆژ دواتر، واتە لە ڕۆژی 20 مانگی یەکی ئەم ساڵدا، ئاشکرابوو کە ڤایرۆسەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە. چوار ڕۆژ دواتر چەند زانایەک لە گۆڤارێکی زانستیدا وتارێکیان بڵاوکردەوە و باسی ئەوەیان کرد کە ئەم ڤایرۆسە ئەگەری ئەوە تێدایە پەتایەکی جیهانیی دروستبکات.
مانگێک و چەند ڕۆژێک دواتر، لە ڕۆژی 9 مارتدا، ڤایرۆسەکە لە چینەوە بە چەندان شوێنی جیهاندا بڵاوبووبووە، بۆ نموونە دەوڵەتی ئیتالیا کارەنتینەکردنی سەرتاسەریی لە وڵاتەکەیاندا ڕاگەیاند.
بەمجۆرە جیهان بەتەواوی لەو ڕاستییە ناخۆشە گەیشت کە لەبەردەم پەتایەکی جیهانیی مەترسیداردایە و لە غیاب و نەبوونی ڤاکسین و دەرمانی تایبەتەدا، کارەنتینەکردن میکانیزمی هەرە سەرەکیی بەگژاچوونەوەی ڤایرۆسەکەیە.
دوای تێپەڕینی ئەو چەند مانگە بەسەر ئەم پەتا جیهانیەدا، ئەم ڤایرۆسە ئەگەر تەنها یەک حیکایەتی سەرەکیی و گرنگمان نیشانبدات، حیکایەتی ئەوەیە کە مرۆڤ بوونەوەرێکی تەنها و دابڕاو نییە، شتێک بەناوی تەنهابوون و دابڕانی مرۆڤەکان لەیەکتری بوونی نییە. ئەم ڤایرۆسە جارێکی تر ئەو ڕاستییە سادەیەی سەلماندەوە کە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیی و دەستەجەمعییە، بەبێ ئەوانیتر ناژیی، بۆیە ئەوەی بەسەر ”ئەوان“دا دێت بەسەر ”ئێمە“شدا ڕووئەدات. نیشانیداین کە ئەم سەری جیهان بەو ئەو سەری جیهان و باکوریی و بە باشوریی و خۆرهەڵاتیی بە خۆرئاوایەوە، بە دەیان شێوازی جیاواز بەیەکتریوە گرێدراوە. هەروەها نیشانیداین مرۆڤ بوونەوەرێکی پەیوەندیدار و پەیوەندیدروستکەرە.
ئەوەشی بەگژاچوونەوەی ئەم ڤایرۆسەی زەحمەت و تەحەمولنەکراو کردوە، ناچارکردنی مرۆڤە بۆ سڕینەوەیەکی کاتی ئەم ئاکارە پێکەوەیی و دەستەجەمعیەی مرۆڤبوون. ناچرکردنیەتی بەوەی بچێتەوە ماڵەکەی خۆی و لەوێدا بە دابڕاویی و بەبێ پەیوەندیی لەگەڵ ئەوانیتردا بژیی.
بەڵام ئەم ڤایرۆسە، کە لە بازاڕێک لە بازڕەکانی شاری وهان، Wuhan لە چین دروستبوو، لەشوێنێکدا دروستبوو کە ژمارەیەکی هێجگار زۆری مرۆڤ بەیەکەوەن و لەپاڵیەکدا خەریکی بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانەیانن. بەم مانایە ئەگەرچی مرۆڤ بوونەوەرێکە ناتوناێت تەنهابێت و بە دابڕاوی لەوانیتر بژیی، بەڵام ئەم پێکەوەبوون و لەگەڵ ئەوانیتردا بوونەش سەرچاوەی چەندەها مەترسیی و کێشە و قەیرانی گەورەیە. گوتە بەناوبانگەکەی بلیس باسکاڵ بۆ جاری هەزارهەمین ڕاستیی و دروستیی خۆی سەلماندا، ئەو قسەیەی کە دەڵێت ”هەموو کێشەکانی مرۆڤ لەو شوێنەوە دەستپێدەکات کە ناتوانێت لەناو ژوورێکدا بمێنێتەوە“.
بەدەر لەم ڕاستییە ئەوەی دۆخەکەی لە شاری وهاندا ترسناکتر کرد، تەنها پێکەوەبوونی ئەو هەموو مرۆڤە بەیەکەوە نەبوو، بەڵکو پێکەوەبوونیان بوو لەگەڵ ژمارەیەک زۆر لە ئاژەڵ و باڵندە و خشۆکدا کە لەناو سروشتدا پێکەوەبوونیان بەیەکەوە دەگمەنە، ئەگەر مەحاڵ نەبێت.
لە هەمانکاتدا تەنانەت ئەو ئاژەڵانەی لەوێدا و لەپاڵیەکدا دنراون و بەیەکەوە کۆکراونەتەوە، لە ناو سروشت خۆیدا، بەو شێوەیە لەیەکتری نزیک نین و پێکەوە نین. هیچ شتێک لە سروشتدا شەمشەکوێرە و مار، یان شەمشەکوێرە و کەروێشک، بەیەکەوە کۆناکاتەوە.
بە مانایەکی تر لەناو سروشت خۆیدا نە پەیوەندیی مرۆڤەکان لەگەڵ ئاژەڵەکان و نە پەیوەندیی ئاژەڵەکان لەگەڵیەکدا بەو شێوەیە نییە کە لەناو بازەڕدا دروستکراوە. لۆژیکی ئیشکردنی ئەو بازاڕە تەواو ناکۆکە بە لۆژیکی ئامادەگیی ئەو ئاژەڵانە لە سروشتدا و ناکۆکیشە بە لۆژیکی ئەو پەیوەندییەی مرۆڤ بە هەندێک لەو ئاژەڵانەوە گرێئەدات. تێکدانی ئەم لۆژیکە سروشتییە سەرچاوەی گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسەیە لە ئاژەڵەکانەوە بۆ یەکتریی و لەوانیشەوە بۆ مرۆڤ.
بە حوکمی ئەوەش جیهانی ئەمڕۆ جیهانێکی بە گلۆباڵ بووە و لێوانلێوە لە جوڵە و سەفەری بەردەوامی مرۆڤەکان و کاڵاکان و ڕووداوەکان، بۆیە ئەوەی لەو شاری وەهاندا ڕوویدا، بە ئاسانی بە بەشەکانی تری جیهاندا بڵاوبووەوە و پەتاکەی لە پەتایەکی ناوچەیی و ڕووداوی ناو بازاڕێکەوە، گۆڕیی بە پەتایەکی جیهانیی.