نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر وا بڕوات یەک سەدەی دەوێت
لەلایەن یودیت نیورینگ
رەنگە چەند ساڵێکی دیکەی بوێت تاوەکو قەڵای هەولێر دەخرێتە لیستی شوێنەوارە جیهانییەکانی رێکخراوی یونسکۆ. بەڕێوەبەری پڕۆژەی نوێکردنەوەی قەڵا دەڵێت هێشتا هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەوبارەیەوە نەدراوە.
دارا یەعقوبی، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر، نیگەران نییە لە هەڵسەنگاندنە نێگەتیڤەکەی ئەنجومەنی نێودەوڵەتیی شوێنەوار (ICOMOS) کە راوێژ دەداتە یونسکۆ سەبارەت بە پاڵێوراوانی لیستی شوێنەوارەکانی ''زۆر لە شوێنەوارەکان کە داوایان پێشکەش کردووە بخرێنە ئەو لیستە، لە سەرەتاوە قبوڵ نەکراون. هەروەها زۆریان چەند ساڵێکیان بەسەربردووە لەو پرۆسەیەدا". لیستی شوێنەوارەکانی یونسکۆ بایەخێکی جیهانیی هەیە.
یەعقوبی گوتی، ئەو راپۆرتە نێگەتیڤەی (ICMOS) بۆ یونسکۆ بەمانای رەتکردنەوە نییە.
ئەنجومەنی نێودەوڵەتیی شوێنەوار (ICMOS) لە ساڵی 1965دامەزراوە، ئامۆژگاری دەداتە رێکخراوی یونسکۆ لەبارەی شوێنەوارەکانی جیهان.
گرنگیی قەڵای هەولێر لە مێژووە کۆنەکەیدایە: یونسکۆ دەڵێ "رەنگە قەڵای هەولێر کۆنترین شوێنی جیهان بێت کە بەردەوام خەڵکی تێدا ژیاوە". بەڵام کێشەی سەرەکی کە لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە، ئەوەیە کە ئەو مێژووە کۆنە دیار نییە.
ئەوەی دەبینرێت بیناکانی سەدەی 18 و 19ی سەردەمی عوسمانین بنیات دەنرێنەوە، نەک بەڵگەی ئاسەواری نیشتەجێبووونی زیاتر لە 6 هەزار ساڵ لەمەوبەر کە ئەوەش وا لەقەڵا دەکات بەهای بۆ لیستەکەی یونسکۆ هەبێت.
یەعقوبی ئەوە بە کێشە نازانێ چونکە لە پاش پێشکەشکردنی داواکارییەکەوە لە کانوونی دووەمی ساڵی پار، بە حەفارە کاری هەڵکەندن بۆ بینینی چینەکانی ژێرەوە کراوە. لەژێرەوەی قەڵا چەند چینێکی شارستانییەکانی پێشوو هەیە.
"دیواری بەرگری دەوروبەری قەڵامان دۆزیوەتەوە" کۆمیسیۆنەکە بەخۆشحاڵییەوە رایگەیاند ''تەنیا بە هەڵکەندنی پێنچ مەتر نموونەی سەردەمی ئیسلامی و ئاشووریمان دۆزیوەتەوە".
زیاد لەوەش تیشکە وێنەییەکان پاشماوەی بینایەکی گەورەیان نیشان داوە لە ژێر زەویەکەی قەڵادا، رەنگە پەرستگای عەشتار بێت کە دەگوترێت لە قەڵادا بووە.
دارا یەعقوبی پێنج ناوچەی شوێنەواری بۆ هەڵکەندن دەستنیشان کردووە کە لە ماوەی چەند ساڵێکدا جێبەجێ دەکرێن. هەروەها بە مەبەستی خێراکردنی پرۆسەکە یەعقوبی ماوەی کارکردنی لە پرۆژەکەدا لە 4 مانگەوە درێژ کردووەتەوە بۆ 7 مانگ.
یەکێکی دیکە لە ئاستەنگەکانی بەردەم کۆمسیۆنەکەی یەعقوبی ئەوەیە کە ئێستا خەڵک لە قەڵادا ناژی: تەنیا دوو خێزان ماون بۆ سەلماندنی بانگەشەی "کۆنترین شوێنی جیهان کە تائێستاش ژیانی تێدا بەردەوامە". بۆیە ئەمە لە گرنگیی شوێنەکانی نیشتەجێبوونی قەڵا کەمدەکاتەوە.
"چۆن دەتوانی بەردەوام بیت لە پڕۆژەکە ئەگەر خەڵکی تێدا بژی؟'' یەعقوبی گوتی ''دەبێت خانووەکان چۆڵ بن، چونکە کۆڵانەکانی هەڵدەکەنین و سیستمی ئاوەڕۆی بۆ دابین دەکەین".
ICOMOS ئاماژە بەوە دەکات کە هێشتا پڕۆژەکە لە سەرەتادایە "لە ساڵی 2010ەوە تەنیا 25 خانوویەک تەواو کراوە، واتە 6 تا 7 خانوو لە ساڵێکدا. ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات، ئەوا تەواوبوونی پرۆژەکە تاوەکو کۆتایی ئەم سەدەیەی پێدەچێت. ئێستا هەندێک لەو خانووانەی گرنگی شوێنەوارییان هەیە رووخاون".
یەعقوبی دانی بەوەدا نا کە هەرچەندە پاراستنی ئەو خانووانەی لە مەترسی رووخاندان لە ئەستۆی ئەواندایە، بەڵام تا ئێستا نزیکەی 6 تاوەکو 7 خانوو رووخاون.
ئەو بەڵێنی دا لە 15 ساڵی داهاتوودا نزیکەی 200 خانوو تەواو بکات. بۆ ئەم مەبەستەش، کۆمیسیۆنی باڵا بانگهێشتی کەرتی تایبەت دەکات کە هەندێکیان ئێستا داوایان پێشکەش کردووە. بەڵام دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ بەشداریکردنیان لە پڕۆژەکە، وەک ICOMOS پێشنیازی کردووە، لانیکەم ساڵێکی دەوێت.
سەرۆکی ئەو کۆمیسیۆنە دەڵێت ICOMOS هەڵەی کردووە لە هەڵسەنگاندنەکەیدا کە گوتوویەتی زۆر لە بودجەی پرۆژەکە لە دەرەوەی وڵاتەوە هاتووە. ئەو گوتی "زۆر لەو بودجەیە کە بڕی 35 ملیۆن دۆلارە لە سێ ساڵی رابردوودا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابینکراوە".
راوێژکارەکانی یونسکۆ حەزیان بە پلانێک نییە بۆ دروستکردنی مۆزەخانەیەکی نەتەوەیی مۆدێرن لە تەنیشت قەڵا. پێشنیاز دەکەن ئەو مۆزەخانەیە بگۆڕدرێت یان ببرێتە شوێنێکی دیکە. ئەو بابەتە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە لەگەڵ پارێزگای هەولێر.
هەروەها نیگەرانی هەیە دەربارەی چوار گەڕەکی دەوروبەری قەڵا کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەژدە و نۆزدە. پێشنیاز کراوە کە ئەو ناوچانە بخرێنە سەر پرۆژەکە. هەندێک بازاڕ بنیاتنراون لەسەر شوێنێک کە رەنگە شوێنەواری بەنرخی مێژوویی تێدا بێت.
تەنیا ئەنجامێکی پۆزەتیڤی راپۆرتەکە لەسەر کاری کۆمسیۆنەکە ئەوەیە کە ICOMOS ئامۆژگاری دەدات کارەکانی کۆمسیۆنەکە بەهێز و فەرمی بکرێن. باقی خاڵەکانی دیکە هەموو نێگەتیڤن.
- 15-06-2014