ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێک لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن داعشەوە بە
📝 بەڵگەنامەکان
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەڵگەی لەبەردەستە، کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە بەرەکانی شەڕ دژی هێزەکانی پێشمەرگه مەوادی کیمیاوی بەکارهێناوە.
پاش ئەوەی رۆژی 23ی کانوونی دووەمی رابردوو ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو خۆی بە هێزەکانی پێشمەرگە تەقاندەوە، هێزەکانی پێشمەرگه بە مەبەستی ئەنجامدانی شیکردنەوە سەمپڵی خۆڵ و پاشماوەی تەقینەوەکەی کۆکردەوە و رەوانەی تاقیگەی ولاتێکی بەشدار لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد. شیکردنەوەکە، کە لە تاقیگەیەکی باوەڕپێکراوی یەکێتی ئەوڕووپا ئەنجامدراوە، دەریخستووە سەمپڵەکان رێژەیەکی بەرچاو لە ماددەی کلۆریان تێدایه، کە لە دروستکردنی چەکی کیمیاوی بەکاردێت. ئەمەش یەکەم لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیییە، کە دەیسەلمێنێ داعش لە دروستکردنی چەکدا سوودی لە ماددەی کلۆر وەرگرتووە.
ئەنجوومەنی ئاسایش زۆر بە توندی ئیدانەی بەکارهاتنی ئەم چەکە یا هەر چەکێکی قەدەغەکراوی دیکە دەکات. راستی پشتبەستنی داعش بە تاکتیکی وا بەڵگەی ئەوەیە، کە داعش لە پاشەکشە دایە، بۆیە نا ئومێدانە پەنا بۆ هەر ئامرازێک دەبات.
هێرشەکەی 23ی کانوونی دووەمی رابردوو لە شاڕێی 47 ی نێوان مووسڵ و سوریا لە چوارڕیانی کەسکێ روویدا، لە کاتێکدا هێزی پێشمەرگە لە پێگەی بەرگریدابوون لە پاش هێرشێکی دوو رۆژە بۆ سەر داعش، کە له و هێرشەدا 200 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە داعش پاککرایەوە و زیاتر لە 200 تیرۆریستیشی لێ کوژرا. هەروەها نزیکەی 20 بوتڵە غازی پڕکراو لە ماددەی کلۆر لە لۆریەک بارکرابوو تا لە تەقینەوەکە سوودی لی وەربگرێ.
ماوەیەکی زۆرە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گومانیان هەیە، کە داعش لە شەڕەکانیدا مادەی کیمیاوی بەکاردەهێنێ، تەنانەت لەم شەڕەی دوایی، کە لە دەوروبەری تکریت روویدا، لە هێرشێکی هاوشێوەی تۆمارکراو بە ڤیدیۆدا دوکەڵی پرتەقاڵی بەرز دەبێتەوە، ئەمەش نیشانەی بەکارهێنانی ماددەی کلۆرە. واتە داعش جارێکی دیکە دوای لە دەستدانی شارەکە ئەم چەکەی بەکارهێنایەوە، ئەمەش دەریدەخات هەر کاتێک داعش تووشی شکستی گەورە بێتەوە کلۆر وەک چەک بەکاردەهێنێ. ئەم دوو نموونەیەش نیشانەی ئەوەن داعش لەژێر گوشار دایە و بەردەوام خاک لە دەست دەدات.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
14ی ئاداری 2015