عەشیرەتی مەموند یان (مەموندی)، یەکێک لە عەشیرەتە دێرینەکانی کوردستانە، سەرجەلەیان بۆ میرەکانی دەوڵەتی مەروانی دەگەڕێتەوە، لەو بارەیەوە رێکار ئەحمەد کتێبێکی بەناوی (مەموندی و بۆچوونەکانی سەبارەت بە پەیدابوونی) نووسیوەو ساڵی 2011 لە باشووری کوردستان چاپ و بڵاوکراوەتەوە. لەم کتێبەدا بەوردی ئاماژە بە بنچینەو تیرەکانی عەشیرەتی مەموندی دراوە تیرەکانی عەشیرەتی مەموندی بریتین لە:
1/ مەموندە رەشکە
2/گەنجانی
3/کەور زەرد
4/قورەیشی
5/قڕان
6/شێخ مەموندی
7/مامڕەشان
8/هیزانی
9/مەلازادە
10/دزگر
11/مەمانی
12/نانبدەر
13/پیرخدری
14/مام غەزایی
جێی ئاماژەیە کە عەشیرەتی مەموندی سەرەتا لە نێو قەڵای هەولێرو گوندی کورتەکی نزیک هەولێر نیشتەجێبوون، دواتر کە زۆربوون و فراوانتربوون بەرەو گوندەکانی دەشتی هەولێر رۆیشتن کە ئەوکات چۆلەوانی بوو، تێیدا جێواربوون، بەڵام هەندێک لە بنەماڵەکان کە خەریکی ئاژەڵداری بوون، بۆ لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکانیان هاوینان روویان لە باکووری هەولێر دەکرد و بەرەو چیای سپیلک دەڕۆیشتن، سەرەنجام هەندێکیان لە گوندی شێخ مەموندیان کە دەکەوێتە نزیک هەریر جێواربوون.
دەکرێ بگوترێ کە بنەماڵەکانی عەشیرەتی مەموندی لە هەرگوندەکانی چوار دەورەی شاری هەولێر جێوارن.