بابەت: وتار
نووسین: #ڕەنگین عەبدوڵڵا#
ڕەنگە هیچ بابەتێک هێندەی بابەتی خنکان بێ تەفسیر و سەربووردە نەبێ، بە جۆرێک هەرکات باسی خنکان هاتەگۆڕێ ئیدی بێدەنگ دەبین و وەک کردەیەکی سرووشتی و قەدەرێکی تاریک سەیری دەکەین. خنکاندن جۆری زۆرە، لەڕووی سایکۆلۆژییەوە بە جۆرێک لە ئەلیەناسیۆن و نامۆبوون باس دەکرێ و لە ڕووی ئینسرۆپۆلۆژییەوە ئیگۆی سوپەرمانە و هەروەها سۆسیۆلۆژیا بە پەراوێزکەوتن و حیرمانی تاک پڕۆسەی خنکانیان تیۆریزە کردووە.
مرۆڤ دەکرێ پڕ بە سییەکانی هەوا هەڵمژێ، بەڵام هەست بکات گەرووی ئەو بۆ هەوا تەنگەبەرە. دەکرێ هەنگاوەکانت بهاوێژی، بەڵام تەنها خۆت هەست بە خنکانی قاچەکانت بکەی. ئەوەی مرۆڤ لێی بەرپرسیارە هەوڵدانە بۆ ئەوەی نەخنکێت لە ڕاستیدا ئەوەی هێزی مانەوەشی پێدەبەخشێ هەستی نەخنکانە، بۆیە دەتوانێ شەڕ لەگەڵ چارەنووسی خۆی بکات. وەکو قورگ و هەناسە دەکرێ پەنجەکانی دەستیش بخنکێن بە جۆرێک تەوق بن بەسەر جەستەتەوە ئەگەر وانەبا چی لە دەستەکانمان بەنرخترە بۆ پاراستن، بەڵام وەک کورد دەڵێ ماری پێدەگرین. هەموو ئەندامێکی جەستەی مرۆڤ دەکرێ بە ڕێگای جیاواز بخنکێنرێ. دەکرێ مرۆڤێکی خنکاو بیت و جەستەیەکی سارد و سڕی ماندوو بەدوای خۆتتدا کێش بکەی. بەڵام هۆکار و فاکتەرەکانی پشتی خنکان چین و لە کوێدا هەستی خنکان لە مرۆڤدا دروست دەبێ.
یەکێک لەو خاڵانەی بۆ مرۆڤ قووتناچێ و بەتەواوەتی گۆشەگیری دەکات بابەتی هیوایە. هەرکات هیواو ئومێد لە ژیانی مرۆڤدا بەرەو کوژانەوە ڕۆیشت ئیدی خنکان دەستپێدەکات. هیوا بۆ ئازادی، بۆ کەرامەت بۆ نان، سیانەی ئەو تێرمانەن مرۆڤ لە ئەگەری خنکان دووردەخەنەوە. هەرکات لەم جۆرە هەلومەرجە نزیک بووینەوە ئیدی سەرەولێژبوونەوەیەک بەرەو نامۆبوون و بێهیوایی دەستپێدەکات کە لە دواجارا بە خنکان کۆتایی دێت.
هەڵەین ئەگەر پێمان وابێ خنکان تەنها کاتێک ڕوو دەدا کە کەسێک دەستی خستبێتە بینەقاقامان. یان لە شیرین خەودا سەرینێک بخرێتە سەر دەممان و بتاسێین. وەکو چۆن خنکانمان هەیە بە نەبوونی دادپەروەری لە وڵات ئاوهاش خنکان هەیە بەو هەموو ڕێگرییە ئاینی و کەلتورییانە هیچ تێگەشتنێکی ناوکۆیی لە نێوان هۆشیاری نەوەی نوێ و سەردەمەکەی لەگەڵ ڕابردوو نابینینەوە.
کاتێک هەست بکەی بەهرەکانت و خەونەکانت لە گۆشەگیریی و نامۆبووندا دەژین هەناسەت توند دەبێ. ئەو کاتەی خەڵکانێکی گەندەڵ و نابەرپرس دەبینی وڵات تاڵان دەکەن و تۆش ناتوانی ڕێگری بکەی هەست بە خنکان دەکەی. هەندێک جار کۆچ و ڕاکردن و دوورکەوتنەوە دەبێت بەو نوزەی ئەو هیوایەی کە لە خنکان نەجاتت دەدا، بەڵام بە داخەوە خنکانی دەریاچەی ئیجە و دەریاچەی کاڵاس و کەناراوەکانی دنیا ئەو هیوایەت پێڕەوانابینن و تۆ دەخنکێیت.
هەندێک جار لە خنکان و دڵ ڕەقی دنیا ناترسین و بەرگری دەکەین بەڵام بارانێکی تووڕە دەتوانێ ببێت بەلافاو لە شارێکی بێ پلانی تەلارسازیدا لە شیرینی خەودا ئاو بێتە ژوورەوەو تۆ دەخنکێیت.
بۆ ئەوەی بیر لە چارەسەری خنکانی بە کۆمەڵ بکەینەوە دەبێ بیر بکەینەوە. هەموو بەهرەو هێزی فیکری خۆمان بەکار ببەین تارووبەڕووی مەترسی خنکان ببینەوە. هێشتا درەنگ نییە دەست بە دروستکردنی خەونی گەورە و ڕووداوی گەورە و هیوای گەورە بکەین لای تاکی کورد. پلان و ستراتیژی حکومەتی هەرێم دەبێت بە ئاڕاستەی دروستکردنەوەی هاونیشتمانی خاوەن خەون و هیوا ئیش بکات. ئیشکردن لەسەر تاکی کورد یەک لە ئەرک و وەزیفە هەرە قورسەکەی حکومەت و تەواوی سەندیکا و داموودەزگا پەروەردەیی و پیشەییەکانی حکومەتە، وڵات ناتوانێ تەنها یەک هەنگاویش بچێتە پێشەوە ئەگەر تاکەکانی کۆمەڵگا بێ هیواو خەونی گەورە بژین. ئیشکردن لەسەر هیوای نەخنکان زۆر قورسترە لە پرسی خنکان خۆی.
[1]