وشەی (قەرز)، لە فەرهەنگی زمانی کوردیدا:
وشەی قەرز (قرض)، کە لەبنچینەدا، وشەیەکی کوردی نییە، بەڵکو وشەیەکی وەرگیراوە و لە زمانی عەرەبییەوە کەوتۆتە ناو فەرهەنگی زمانی کوردییەوە، وشە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر بێ مەرج دێت بەڵام لە تازەکەدا بە مەرجەوە وەردەگیرێت واتە ئه و وشەیەی کە دەچێتە ناو زمانێکی نوێوە دەکەوێتە ژێر ڕکێفی یاساو دەستوری فۆنەتیک و مۆرفۆلۆژی و سینتاکسی زمانە قەرزکەرەکەوە و بەرەبەرە تێکەڵ بە دانە زمانییەکان دەبێت، وشەی قەرزیش، بەم پرۆسەیەدا تێپەڕبووە، بۆ نمونە: لە ڕوی دەنگەوە، خۆی لەگەڵ دەستوری دەنگسازی زمانی کوردیدا گونجاندووە، بۆنمونە:دەنگی (ض) لە زمانی کوردیدا، گۆڕاوە بۆ دەنگی (ز).
قرض قەرز
هەروەها، ئەم وشەیە، بەشێوەی (قەرد و قەرت) یش گۆ دەکرێت.
هەروەها، ئەم وشەیە، چۆتە ناو پێکهاتەی وشەسازی و ڕستەسازی و ئیدیۆمی زمانی کوردییەوە، وەک:
لە پێکهاتەی وشەسازیدا، بەهۆی پاشگر، یان مۆرفیمی دیکەی سەربەخۆوە، وشەی داڕێژرا و لێکدراوی دروستکردووە:
قەرز + (دار) قەرزدار
هەروەها، بەشداری لە پێکهاتەی ئەم وشانەشدا کردووە و بەرهەمی دیکەی لێ بۆتەوە:
(قەرزبار، قەرزدانەوە، قەرزکردن، قەرزسەندنەوە، خاوەن قەرز، قەرزکوێر...هتد)
لە فرێزی چەسپاودا: قەرزی خەڵک، قەرزی شارەوانی، قەرزی بانق، قەرزی دەرەکی، قەرزی درێژخایەن.
لە پەند و ئیدیۆمدا:
قەرزی باوکی لەسەرمانه! (بۆ کەسێک بەکاردێت، کە منەت لەسەر خەڵکی بکات)
دەسماڵ سپی سابون بە قەرز. (بۆ کەسێک بەکاردێت، کە بەپارەی خەڵکی خۆی کەشخە و جوان بکات).
سەد بەرتیل قەرزێک نابژێرێت.(واتە: تا قەرزەکە و حەقەکە نەدرێتەوە هەرچی دیاری و بەخشش هەیە، بیدرێتێ شوێنی ناگرێتەوە).
هەواش بە قەرز وەردەگرین. (واتە: هیچ خزمەتگوزارییەک نییە).
پیری و سەد عەیب، قەرزاری هەزار.(واتە: قەرزاری ناخۆشترە لە پیری).
قەرز کۆن دەبێت، نافەوتێت. (هەموو کەسێک ئه و حەقەی لەلای کەسێکی دیکە هەیەتی، ڕۆژێک دێت، بە دەستی دەهێنێتەوە، بەڵام زوو، یان درەنگ).
قەرز دوو ماڵ ئاوەدان دەکاتەوە (واتە: ئەمە لایەنی ئەرێنی دیاردەی قەرزکردنە، بۆ ئەوەی دەوڵەمەندەکان، هاوکاری هەژاران بکەن و ئەوانیش دواتر قەرزەکەیان بدەنەوە).
بەمجۆرە، بۆمان دەردەکەوێت، کە ئەم وشە وەرگیراوە، توانیویەتی لە فەرهەنگی گشتی زمانی کوردیدا، شوێنی خۆی بکاتەوە و لە ئاخاوتنی ڕۆژانە و بواری دیکەدا، بەکاربێت.
وشەی (قەرز)، لە زمانی کوردیدا، هاوواتای دیکەشی هەیە، وەک (وام): کە کەسێک شتێک بداتە کەسێکی دی.
[1]