ناونیشانی بابەت: سەبارەت بە ڕەگەزی سۆمەرییەکان و بنەچەیان
ئامادەکردنی: #هامنۆ ئەیوب هەورامی#
ڕوون و ئاشکرایە، کە چەندان بابەتی مێژوویی و شوێنەواری هەن، کە هەتاوەکوو ئێستا بەتەواوی یەکلایی نەکراونەتەوە و هەڵگری چەندان بۆچوونی جیاوارن لە یەکدی، هەر ئەوەشە وایکردووە، کە چەندان بیردۆزی جیاوازیان لەسەر بنووسرێت.
یەکێک لەو بوارانەش، کە هەتا ئێستا گوفتاری زۆری دەرهەق دەکرێت؛ بابەتی ڕەچەڵەکی سۆمەرییەکانە.
سۆمەرییەکان بەو پێوەرەی، کە دێرینترین ژیاری مرۆڤایەتین، زۆرجار توێژەرانی وڵاتە جیاوازەکان هەوڵیان داوە، کە بیانبەنەوە سەر ڕەچەڵەکی خۆیان، هەتاوەکوو ئەو مەزنایەتییە پەیوەستی خۆیان بکەن، هەربۆیە لێرەوە ئاشنای چەند بۆچوونێکی جیاواز دەبین لەسەریان.
یەکەمین کەس، کە ناوی سۆمەرییەکانی هێنابێت (یولیووس ئۆپێرت) بوو، کە لە ساڵی (1869ز) ڕایگەیاند، دەگەڕێنەوە بۆ سەر (تورانییەکان)، ئەحمەد سووسە و بەشێکی دیکەش دەیانگێڕنەوە بۆ ناوچەیەکی نێوان (هیندستان و ئەفغانستان و بەلووچستان)، هەندێکی دیکەش دەیانگێڕنەوە بۆ ناوچەی پشت قەفقاز و دەریای خەزەر، لەناویشیاندا هەندێکی دیکە دەڵێن ئەمانە لە ناوچەی سندەوە هاتوون. روبرتسیش قەفقاز وەک خاڵی جێگیریان دەزانێت.
بەڵام ئەوەی لە مێژوودا سەبارەت بە کۆچەکان دەیبینین ئەوەیە، کە زۆربەیجار کۆچەکان لە سنوورێکی نزیکەوەن، بۆ نموونە، ئەکەدی و ئاسووری و ئاموورییەکان لە نیمچەدوورگەی عەرەبەوە ڕوویان کردە دۆڵی نێوان دووڕووبار، یۆنانییەکانیش لە دەریای ئیجەوە ڕوویان کردە خۆرئاوای ئەنادۆڵ، بۆیە زۆر ئاساییتر و نزیکترە، کە وەک نووسەری مێژووی دێرینی کورد (#ئاکۆ محەمەد میرزادەیی#) ئاماژەی پێکردووە ئەوەیە، کە دەڵێت:لە هەزارەی چوارەمی پێش زایین، گرووپێکی کورد- واتە باوانی کورد، نەک خودی کورد بەو واتایەی ئێستا- کە پێشتر چیاکانیان بەجێهێشتبوو و کۆچیان بۆ باشووری میزۆپۆتامیا کردبوو؛ ئەوان بە ناوی سۆمەرییەکانەوە لەوێدا نیشتەجێ بوون و دەژیان.
چونکە زنجیرەچیای زاگرۆس نزیکترین شوێنە لە باشوور و ناوەڕاستی میزۆپۆتامیاوە و زۆر ئاسانترە لەوێوە شۆڕ ببنەوە بۆی، هەروەها ئەو گوتەیەی توێژەرانی شوێنەوارناسیش، کە کۆکن لەسەر ئەوەی سۆمەرییەکان سامی نین، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی لە باشوورەوە نەهاتوون.
چونکە لەسەر مۆرەکانیان وێنەی درەختی کاژ و سنەوبەری تێدایە، کە ئەوانە لە باکووری میزۆپۆتامیادا هەن. هەربۆیە توێژەری دیار (عبدالخالد صابر)، لەدوای شەنوکەوی سەرچاوە جیاوازەکان؛ لە سۆنگەی ئەو سەرچاوانەوە باس لەوە دەکات، کە زۆربەی توێژەران و شوێنەوارناسان پێیان وایە، شوێنی ڕەسەنی سۆمەرییەکان باکووری میزۆپۆتامیایە.
توێژەر (#شاسوار هەرشەمی#) بە وردبوونەوەی زمانەوانی سۆمەرییەکان جەخت لەوە دەکاتەوە، کە گونجاوترین شوێن بۆ خاکی ڕەسەنی سۆمەرییەکان (دەشتی نێوان هەردوو زێی گەورە و بچووکە، واتە ناوچەکانی ئێستای پارێزگای #هەولێر#)ە، چونکە لە داستانەکانی وەک (گیلگامێش)دا دەستەواژەی (زووئاب) یان (ئابزوو) وەک ئاوێکی پیرۆز هاتووە، چونکە بنەچەی سۆمەرییەکانیان بۆ گەڕاندووەتەوە، تەنانەت دروستبوونی ژیانیشیان بۆ هەمان شوێن گەڕاندووەتەوە، لەکاتێکدا هەردوو بڕگەی دەستەواژەکە تا ئێستاش وەک خۆی ماوەتەوە:
زاب زێ.
ئاب ئاو.
هەروەها ناوی (ئەربل - #ئەربیل#) بە هەمان جۆر دووپات کراوەتەوە، کە هەمان ناوی هەولێری ئێستایە، کە لە: ئوور شار. بیل هەمان خوداوەندی ئەن لیل ە، هاتووە.
بۆیە هەردوو دەستەواژەی (زاب و ئوور) مانەوەی یادگەی سۆمەرییەکان بووە بە خاکی ڕەسەنیانەوە.
کەواتە بۆچوونی نزیکتر لەڕاستی ئەوەیە، کە سۆمەرییەکان دەگەڕێنەوە بۆ باکووری مێزۆپۆتامیا و ڕەگەزی زاگرۆسییەکان و لەوێوە شۆڕبوونەتەوە بەرەو باشوور و لەوێدا ماونەتەوە، هەتا مۆرک و تایبەتمەندیی نوێیان لە شوێنە نوێکەیانەوە وەرگرتووە.
$سەرچاوەکان:$
1عبدالخالد صابر: سۆمەرییەکان.
2- شاسوار هەرشەمی: ئاوڕێک لە زمانی سومێری.
3- شاسوار هەرشەمی: مێژووی ئارامییەکان لە کوردستاندا.
4- ئاکۆ محەمەد میرزادەیی: مێژووی دێرینی کوردستان، ب1.
5- هاوار کەمال میرزا: مێژووی یۆنان.
6- هادی بەهمەنی: پەیامی هەورامان، ب1. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=