هەندێ زانیاری لەبارەی پەندی پێشینانەوە
پەندی پێشینان، فەلسەفەی کۆمەڵایەتی خەڵکە، پەیوەندی بە هەموو لایەن و بوارەکانی ژیانی مرۆڤەوە هەیە، لە ئەنجامی ئەزموون و تاقیکردنەوە هاتوونەتە کایەوە و گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی سەدەکانی ڕابردووە، هەروەها دەربڕاوێکی وێژەییە و واتایەکی زۆری تێدا کۆ بۆتەوە، کە بە کەرەستەیەکی زمانیی کەم دەردەبڕدرێت.
پەندی پێشینانی کوردی بەشێکی دانەبڕاوی جیهانبینی مرۆڤی کوردە و بەرهەمی هزری کۆمەڵە، ئەدەبیش بونیادێکی زمانییە، زمان ئامراز و بۆتەی دەربڕینە ئەدەبییەکانە. هەر پەندێک بەرهەمی ژینگە و ئەزمونێکی جیاوازە و چیڕۆک و هۆکاری تایبەتییان هەیە و کات و شوێن و سەردەم و ژینگەی کۆمەڵایەتی ڕۆڵیان لە سەرهەڵدان و گوتنی پەندەکاندا هەیە، ئەم پەندانە لە سەردەمێکی کۆنەوە سەریان هەڵداوە و تا ئێستاش بەکاردەهێندرێن و کاریگەرییان بە ڕێژەی جیاواز، لەسەر ژیانی کۆمەڵ هەیە، چونکە پەندەکان فرە ئەرک و ڕەهەندن و ئەرکی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و ڕێکخستنیان هەیە.
بۆیە پەندەکان ڕەنگدانەوەی هۆش و هزر و دابونەریتی ئه و کۆمەڵگایەن، کە ئه و پەندەی تێدا لە دایکبووە، لێرەدا ئێمە ئاماژە به و پەندانە دەکەین، کە لە هزری کۆمەڵگای کوردیدا، دەربڕین لە ژن دەکەن، بە شێوازێکی نەرێنی:
1 بە تەزبیحی ملی ژن و خۆشی زستان باوەڕ مەکە.
ئه و پەندە ڕەنگدانەوەی ئه و چەمکەیە، کە لە هزری ئاخێوەرانی کورددا بوونی هەیە، بەوبۆچوونەی کە ژن متمانەیان پێ ناکرێت. واتای خوازەیی و ناڕاستەوخۆ لەم پەندەدا، ئەوەیە: کە مەرج نییە ئه و تەزبیحەی لە ملی ژنێک دایە و تەزبیحاتی پێ دەکات، نیشانەی باشبوونی ئه و ژنە بێت، هەروەک چۆن، زستان ئەگەر تاو نا تاوێک یان ڕۆژێک نا ڕۆژێک ئاو و هەواشی خۆش بێت، هەر زستانە و سارد و سڕی و بەفر و کڕێوەی خۆی هەر دەکات.
2 ژن و تفەنگ و ماین لەکن کێ بن هی وین.
دیسانەوە ئەم پەندەش دەلالەت لەوە دەکات، کە ژن شتێکی هەمیشەیی نییە و بۆی هەیە بڕوات، بۆیە لە ڕوانگەی تێڕوانینی هزری کۆمەڵایەتی و تاکی کوردەوە، ئەوانەی هەمیشەیین، پشت و کەسە نزیکەکانی پیاون، بەڵام خۆ لە ڕاستیدا، ئەوانیش هەر تا ئه و کاتە هی تۆن، کە لە لاتن، هەر کاتێک بارودۆخ و ژیانیان بگۆڕێت، دەبنە هی خەڵکانی دیکە، کەواتە، مرۆڤ هەر بۆخۆی لەم جیهانەدا، بوونێکی کاتی هەیە، بۆیە هەموو شتەکان کاتین، نەک هەر ژن و ماین و تفەنگ!
3 ژن عەقڵی لە کۆشیەتی کە هەڵسا لێی بەردەبێتەوە.
دیسانەوە ئەم پەندەش لە ڕوانگەیەکی نەرێنییەوە، وەسفی ژن دەکات، بە کائینێکی کەم هزر و کەم عەقڵ تێی دەڕوانێت!
4 سێبەرێ سوژنێ، بەقای ژنێ.
واتە: سێبەری سوژنێ چەندە کەم و بچووکە، بەقای ژنێش بەهەمان شێوەیە!
5 لەگەڵ کوڕم کێو دەبڕم، لەگەڵ کچم بۆ کێ بچم!
6 ئەگەر ژنێکت بوێت، سێ شتی باشی هەبێت، دەبێ سێ ژنی باشت هەبێت.
[1]