میهرەبان کچی مەلا حەسەنی مایییە. مایی گوندێکە لە ناوچەی عەشرەتی بەرواری باڵا لە باکووری ئامێدی. میهرەبان لە ساڵی 1858 لەو گوندەدا لە دایکبووه، دەبێت لە ماڵەوە بەهۆی باوکییەوە فێری نووسین و خوێندەواری بووبێ.
میهرەبان کچێکی شۆخ و شەنگ و ژیر و دەستڕەنگین بووه، لە چنین و نەقش و نیگاری مافوور هونەری نواندووه. لەناو خەڵکی بەمیهرەبان خاتوون ناوبانگی دەرکردووه. خەڵکی عەشرەت و دەوروبەر ڕێزیان لێ ناوه. لاوان گرفتاری بوون و خەونیان پێوە دیوە ڕۆژێ لە ڕۆژان ببێتە هاوسەری یەکێکیان، میهرەبان لە لای خۆیەوە دڵی چووبوو ئامۆزای خۆی ناوی فەقێ ئەحمەد بووه.
میری ڕێکەوتی وەکوو خەڵکەکە هەواڵی جوانی میهرەبانی بیستبوو، ئارەزووی ئەوەی هەبوو بیخوازێ، بۆ ئەم مەبەستە ڕووی کردووەتە گوندی مای و بووەتە میوانی ماڵی میهرەبان و لە مەلا حەسەنی باوکی داوای کردووه. بێگومان باوک بەخۆشییەوە ڕازی بووه.
لە هەڵبەستی میهرەباندا هەست بە دڵگەرمی و سۆزێکی ڕاستەقینە دەکرێ. میهرەبان زیرەکانە توانیویەتی بەم هەڵبەستە ئەوەی ناو دڵی بکاتەوە و وەسفێکی قووڵی دڵداریمان بۆ بکا. ئەوی ڕاستی بێ ئەم بیروڕایانە لای شاعیری دیکەش دەکەونە بەرچاو بەتایبەتی لای فەقێ تەیران، بەڵام میهرەبان خاتوون لە ئاسۆیێکی دیکەوە تەماشای مەسەلەکە دەکا.
لە بابەت مردنی میهرەبانەوە هەواڵ هەیە لە ساڵانی سەرەتای سەدەی بیستەم لە 1905، لە ئاوایی مای کۆچی دواییکردبێ. [1]