حەسەن سیساوەیی ناوی تەواوی (حەسەن ڕەسوڵ) ەو ساڵی 1926 لە گوندی #ئاری سیرەک# لەدایکبووە، هەلی خوێندەواری بۆ هەڵنەکەوتووە و لە ژیانیدا چەندین کاری گرانی کردووە.
ئەگەرچی باوکی پێی خۆشنە بووە، بەڵام ئەم هەر لە منداڵییەوە بە شێوەیەکی خۆڕسکانە ئارەزووی لە وتنی حەیران کردووە و بووە بە حەیرانبێژی دیوەخانی ئاغای سیساوە و نازناوی (حەسەن سیساوەیی) پێ دراوە و ساڵی 1958 حەیرانەکانی (غەریبم، حەیران بەربووم لە بەندێ) ی بۆ ئێستگەی بەغدا تۆمارکردووە.
ئەگەرچی زۆرتر وەک حەیرانبێژ ناسراوە، بەڵام لە داڕشتنی بیرۆکە و هونەری گێڕاوەی چیرۆکیشدا، توانایەکی بەرزی هەیە و خاوەنی چەندین چیرۆکە کە تا ئێستا بڵاونەکراونەتەوە.
ژمارەی کارە هونەرییەکانی زۆرن و لەبەر ئەوەی چەند بەرهەمێکی هونەریی لە کاتی خۆیاندا تۆمارنەکراون، نەماون. حەسەن سیساوەیی تاوەکوو کۆچی دواییشی کرد، ژیانی هاوسەریپێکنەهێنابوو و هەر لە گۆندی سیساوەیی سەربە شارۆچکەی شەقڵاوەیە و تا کۆچی دواییش هەر لەو گوندە ژیاوە.
حەسەن سیساوەیی بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە لای یەکێک لە خزمەکانی بەخێو دەکرێت بە هۆی نەخۆشییەوە لەنێو جێگە کەوت بوو .حەسەن سیساوەیی خاوەنی چەندین حەیران و لاوکی فۆلکلۆری کوردییە.
دوای ئەوەی لە لایەن تیمێکی تەندرووستی سەربە بەڕێوەبەرایەتی تەندرووستی شەقڵاوە بە ئەمبۆلانس ڕەوانەی نەخۆشخانەی شەقڵاوە کرا، کاتژمێر 3ی ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی #10-01-2015# هونەرمەندی میللی و حەیرانبێژ حەسەن سیساوەیی له تەمەنی89 ساڵیدا لە لە نەخۆشخانەی شەقڵاوە کۆچی دوایی کرد.
لەرێورەسمێکدا بە بەشداری کەسوکار و هەوادارانی، تەرمی حەسەن سیساوەیی کاتژمێر 5ی ئێوارەی هەمان ڕۆژ له گۆرستانی شارەدێی باسرمە بەخاک سپێردرا. [1] [2]