ساڵی(1917ز.) لە گوندی دەوەشاری سەربە شاری #مەهاباد# ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە.. چالاکی سیاسی و زیندانی سیاسی، بەڕێوەبەری چاپخانەی #کوردستان# لە کۆماری کوردستان، کەسێکی نزیکی ڕابەرانی کۆمار بووە.
سەعید ناکام، لە ناوەڕاستی سییەکانی سەدەی بیست لە ڕێی #حسێن حوزنی موکریانی#یەوە لە موکریانەوە بۆ یەکەمجار دێتە باشوور. پاشان لە سلێمانی نیشتەجێ دەبێت و لەگەڵ خاتوو مەلیح ڕەشید ئەمینی جۆڵا هاوسەرگیریی دەکات. لە خاتوو مەلیح (5) منداڵی دەبێت بەناوەکانی شێرکۆ، نەرمین، شەرمین، سمکۆ و پشکۆ.[1]
لە کاتی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە ڕێی #ئیبراهیم ئەحمەد#ەوە دەگەڕێتەوە بۆ مەهاباد و تا ڕووخانی کۆمار لەوێ دەمێنێتەوە.
پاش ڕووخانی کۆمار بەیەکجاری کۆچ دەکات بۆ باشووری کوردستان و لە شاری #سلێمانی# نیشتەجێ دەبێت، ماوەیەکی زۆر لەوێ دەمێنێتەوە، پاشان دووردەخرێتەوە بۆ باشووری ئێراق. خاوەنی کۆمەڵێک نووسین و وەرگێڕانی گرنگە.
ساڵانی دواییی تەمەنی لە شارۆچکەی #شەقڵاوە# بەسەر بردووە. ڕۆژی #02-02-2011#ز. کۆچی دوایی کردووە.
سەعید ناکام (بەپێی لێدوانی پشکۆی کوڕی) لەسەر وەسیەتی خۆی دەیەوێت لە سلێمانی بنێژرێت، بەڵام ئەو وەسیەتەی ناهێنرێتەدی.