ناو: پۆڵا
نازناو: نانەوازادە
ناوی باوک: هاشم نانەوازادە
ناوی دایک: حەلیمە حەبیب پەنا
ساڵی لەدایکبوون: ساڵی 1955ز.
شوێنی لەدایکبوون: #مەهاباد#
ڕۆژی کۆچی دوایی: #25-02-2024#
$ژیاننامە$
مامۆستا پۆڵا نانەوازادە، ساڵی 1955ز. لە شاری مەهاباد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە مەهاباد تەواوکردووە، پاشان لە بەشی کیمیا لە زانکۆی تاران وەردەگیرێت، بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوونییەوە بە کاروباری سیاسی نەیتوانی بەردەوام بێت لە خوێندنەکەی.
ساڵی 1979ز. لەگەڵ پازدە کەسی دیکە لە یەکەم سەرهەڵدانی جەماوەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن حکوومەتی شای ئێرانەوە دەگیرێت و داوای حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەکرێت، بەڵام بەهۆی پەرەگرتنی شۆڕشی گەلانی ئێران پاشی چوار مانگ و نیو لە زیندان ئازاد دەکرێ. ڕۆژی 22ی ڕێبەندانی ساڵی 1979ز. کە بە ڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بەناوبانگە لە چەککردنی پێنج پێگەی سەرەکی هێزەکانی ڕێژیمی شا لەنێو شاری مەهاباد و دەوروبەری شاردا دەستی سەرەکی هەبووە و ئەوە بووەتە سەرەتای ژیانی پێشمەرگایەتیی پۆڵا و ماوەی 15 ساڵ لە دووحیزبی دێمۆکڕات و پارتی ئازادی کوردستاندا هەڵسووڕانی سیاسی هەبووە.
پۆڵا کوڕی هاشمی نانەوازادە، شاعیرێکی بەناوبانگی ناوچەی موکریانەو خۆی زۆر درەنگ و لە تەمەنی 55 ساڵی ڕا دەستی بە نووسینی هەڵبەست کردووە، بەڵام بەهۆی تۆمارکردنی هەڵبەستەکانی و بڵاو کردنەوەی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زۆر زوو چووە دە نێو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە و لە ئەدەبیاتی بەرگری نەتەوەییدا بووە بە خاوەن جێگە و پێگەیەکی تایبەت بە خۆی.
پۆڵا، ماوەی 37 ساڵە لە وڵاتی سوید دەژی و لەوێ خانەنشین بووە و ئاواتی هەرە گەورەی ڕزگاری کوردستان و گەڕانەوەیەتی بۆ زێد و نیشتمانی خۆی و ئەوە لە زۆربەی هەڵبەستەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە.
پۆڵا، ساڵی 1993ز. بەشێک لە هەڵبەستەکانی بابی بەناوی لالە بەدەستان لە وڵاتی سوید بە چاپ گەیاندووە و (هاواری سەربەخۆیی) ناوی دیوانی هەڵبەستەکانی خۆیەتی کە ساڵی 2021ز. لە پەرتووکخانەی زانکۆ لە #هەولێر# چاپ کراوە. [1]