گوتەبێژی ڕەوتی موستەقبەل و ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی بووە لە شاری قامشلی، زیندانی سیاسی و تێکۆشەر و سەرکردە شەهید مەشعەل تەمۆ لەدایکبووی ساڵی 1958ی شاری دێرباسیەی ڕۆژاوای کوردستانە.
لە سەرەتای تەمەنی لاویدا دەستی بە خەباتی سیاسی کردووە و بیست ساڵ ئەندامی پارتی یەکێتی نەتەوەیی کوردی بووە کە دواتر ئەو پارتییە قەدەغە کرا.
لە ساڵی 2004 یەکێک بووە لە سەرکردەکانی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی شاری #قامیشلۆ#ی ڕۆژاوای کوردستان دژی ڕژێمی بەعسی سووری کە بەشار ئەسەد سەرۆکایەتی دەکات، لەو ڕاپەڕینەدا هەزاران کورد لەلایەن ڕژێمی بەعسی سووری دەستبەسەرکران و ژمارەیەکی زۆریش شەهید و بریندارکران و چەندین کەسیش لەگرتووخانەکەن لە ئەنجامی ئەشکەنجەی دژوار کەمئەندامبوون
شەهید مەشعەل تەمۆ لە ساڵی 11-05-2009 لەلایەن دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعسی سووریا بەهۆکاری سیاسی دەستبەسەر کراو ماوەی 3 ساڵ و نیو حوکم درا
لە ڕۆژی 02-06-2011 ئازاد دەکرێت و داوای لێدەکرێت لەگەڵ بەرپرسانی ڕژێمەکەی #بەشار ئەسەد# چاوپێکەوتن و گفتوگۆ.ئەنجام بدات بەڵام شەهید مەشعەل تەمۆ جوامێرانە ئەم داوایەی ڕژێمی قەبوڵنەکرد
دواتر بڕیاری دامەزراندنی ڕەوتی دواڕۆژ (تیار المستقبل)یدا کە ڕەوتێکی گەنجانەی لیبراڵ بوو وە دژی هەموو جۆرە بەحیزبیکردنێکی داواکاریە نەتەوەییەکان بوو
مانگی سێپتێمبەری 2011 لە هەوڵێکی تیرۆرکردن ڕزگاری بوو کە بەپلانی ڕژێمی بەعسی لەلایەن چەند چەکدارێکەوە هێرشی کرایە سەر.
ڕۆژی 07-10-2011 کاتژمێر چواری دوای نیوەڕۆ شەهید مەشعەل تەمۆ کاتێک بەشێوەیەکی نهێنی لە گەڕەکی ڕۆژاوای شاری قامیشلی لە ماڵی هاوڕێیەکی بوو کە لە زیندان پێکەوەببوون، دوای ئەوەی لەدەرگای ماڵەکە دەدرێت چەند بکوژێک کە سەربەدەزگای هەواڵگری ڕژێمی بەعسی سووریا بوون بەچەکەوە دێنە ژوورەوە تەقە لە سەرکردەی کورد مەشعەل تەمۆ دەکەن و شەهیدی دەکەن و ئافرەتێکیش کە هاوڕێیەکی نزیکی مەشعەل بوو هەروەها ئەندامێکی سەرکردایەتی ڕەوتی دواڕۆژ (تیار المستقبل) بوو ناوی زاهیدە ڕەشیلکۆ بوو بەهەمان شێوە لەلایەن بکوژەکانەوە بەکلاشینکۆف سێ گوللەی بەردەکەوێ برینداردەکرێت و هەردووکیان بەبرینداری لە تەنیشت یەکتر دەکەون، زاهیدە بەبرینداری ڕوو لەمەشعەل دەکات و دەڵێت مەشعەل ئێمە دەمرین، مەشعەل بەزەردەخەنەی سەرلێوی سەری دەجوڵێنێ واتە بەڵێ دەمرین، ئەوەبوو لە #07-10-2011# لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی سووریا تیرۆرکرا و بۆ دواجار ماڵئاوای لە ژیان کرد و شەهیدبوو و خاتوو زاهیدەش تا ئێستاش لەئەڵمانیا لەژێر چارەسەری پزیشکیدایە بەهۆی برینەکانییەوە.[1]