ناوی عەبدوڵڵا بەگ کوڕی سڵێمان بەگی کوڕی عەبدوڵڵا بەگە. باوکیشی و باپیریشی لە هۆنراوە و وێژەدا بەهرەیان هەبووە و بە کوردی و بە فارسی نووسیویانە و هۆنراوەیان وتووه، بەتایبەتیی عەبدوڵڵا بەگی باپیری لە زمان و وێژەی فارسیدا دەستێکی باڵای هەبووە و هەر بۆیە بە کاتبی فارسی ناوبراوە.
گۆران لە ساڵی 1904 یان لە 1905دا لە #هەڵەبجە# لەدایکبووه. بنەماڵەی باپیری لە بەگزادەی میران بەگی بوون لە ناوچەی #مەریوان# و عینایەتوڵڵا بەگی کوڕی ئەمانوڵڵا بەگیان بە خۆی و خێزانییەوە دێتە #سلێمانی# و لە ناوچەی قەرەداغ ماوەیەک دائەنیشێ. زۆری پێ ناچێت کۆچی دوایی کردووە.
عەبدوڵڵا بەگی کوڕی (باپیری گۆران) لەگەڵ هەموو خێزانەکەیاندا، ئەوەی لە برایەکی بچووکی و دایکی و ژنەکەی و منداڵەکانی خۆی پێکهاتووە ڕوودەکەنە هەڵەبجە چونکە خۆیان بە جاف زانیوە و لەوێ جێگر ئەبن. لەو گەشتەدا دایکی عەبدوڵڵا بەگ و براکەی بە نەخۆشی سێبەڕۆ دەمرن و ئەمێننەوە عەبدوڵڵا بەگ و منداڵەکانی خۆی ئەمانە بوون: مستەفا بەگ، نووری بەگ، نەفێ خان، سڵێمان بەگ و حەبیبە خان. لەمانە نەفێ خان شوو دەکات بە مەجید بەگی عوسمان پاشا. حەبیبە خانیش شوو دەکات بە یەکێک لە شێخانی خانەگای لای #پاوە#. مستەفا بەگ و نووری بەگیش کەسیان لەپاش بەجێنامێنێت. بەڵام سڵێمان بەگ ئەم منداڵانەی ئەبێ: عەلی. شەمسه، محەمەد، عەبدوڵڵا. عەلی و شەمسە بە لاوی مردوون. محەمەدیش کە ناوبانگی بوو بە حەمە بەگە ڕووشە پاش مردنی باوکی بە دوو ساڵ ئەکوژرێ. بەم چەشنە لەم بنەماڵەیە هەر عەبدوڵڵا (گۆرانی دواڕۆژ) دەمێنێتەوه.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/402/0001.JPG=KTML_Photo_Alt=گۆران=KTML_Style=width:20%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/402/0001.JPG=KTML_Photo_End=
گۆران لای باوکی قورئان و سەرەتای خوێندنی خوێندووە. پاشانیش لە مزگەوتی پاشای هەڵەبجە بووە بە فەقێ و تەنانەت ماوەیەکێش بە فەقێ عەبدوڵڵا ناسراوە.
لە دوا ساڵەکانی جەنگی یەکەم و سەرەتای هاتنی ئینگلیزدا، بۆ ماوەیەک هەڵەبجە چۆڵ دەبێت و خەڵک ڕوودەکەنە لادێکانی دەوروپشت. ماڵی باوکی گۆرانیش لە بەهاری 1919 وە تا پاییزی ئەو ڕوودەکەن چەمی بیارە و لەوێ لە باخێکدا هەوار ئەخەون و بۆ پاییز ئەوسا ئەگەرێنەوە بۆ هەڵەبجه.
گۆران خۆی بۆ مامۆستا ڕەفیق حلمی گێڕاوەتەوە و وتوویە: لەبیرمه، کە یەکەم قوتابخانەی زمانی تورک لە هەڵەبجە دانرا، بۆ پۆلی یەکەم وەرگیرام، بۆ پۆلێک وەرگیرام، ئەوەی بەڕێوبەرەکەمان بەڕەحمەت بێت تاهیر ئەفەندیی مەلا ئەمینی جەففار پێی ئەوت پۆلی ئیحتیات.
وەک گۆران خۆی گێڕاویەتەوە چوونی بۆ قوتابخانەی فەرمییشدا پچڕ پچڕ بووه. پۆلی چوارەمی لە سەردەمی داگیرکرانی هەڵەبجەدا لەلایەن ئینگلیزەوە تەواوکردووه.
هەر لە 1919دا سڵێمان بەگی باوکی گۆران کۆچی دوایی کردووە. پاشان لە 1921دا محەمەد بەگی برای، بە هاندانی مستەفا سائیب، لەگەڵ عەبولواحید نووریی خاڵۆزایدا ئەیاننێرێت بۆ قوتابجانەی عیلمییەی #کەرکووک# بۆ خوێندن. بەڵام هەر لەوساڵەدا محەمەد بەگی برایشی دەکوژرێ. ئیتر گۆران کەسی وەهای نامێنێ گوزەرانی خوێندنی خۆی و ژیانی دایکی ببات بەڕێوە، لەبەر ئەوە دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت و لە ساڵی 1922ەوە تا ساڵی 1925 گەلێ دەست تەنگی ئەچێژێ.
گۆران بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1925دا بە مامۆستایی لە قوتابخانەی هەڵەبجە دامەزراوە و تا 1937 لە قوتابخانەکانی ئەو ناوچەیەدا ماوەتەوه. پاشان گوێزراوەتەوە بۆ ئەشغاڵ-بەشی کاروباری ڕێگاوبان و تا گیرانی یەکەمی لە 1951دا، جگە لەو چەند ساڵەی، ئەوەی لەگەڵ چەند ڕۆشنبیرێکی تری کوردا ئەچێ بۆ یافا و لە ئێستگەی ڕادیۆی ڕۆژهەڵات نزیک بە مەبەستی بەشداری لە خەباتدا لە دژی فاشیزم بەشی کوردستان دەکەنەوه، لە ئەشغاڵدا ئەمێنێتەوه.
لە تەشرینی دووەمی 1952دا لە بەندیخانەی یەکەمی دێتەدەر و دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و دەبێت بە بەرپرسی ڕۆژنامەی ژین. تا ئەیلوولی 1954 لەسەر ئەم کارە ئەمێنێتەوه. لە 1954.10.17دا بۆ جاری دووەم لەگەڵ کۆمەڵێ لە ئاشتی خوازانی سلێمانی ئەگیرێ و فەرمانی ساڵێ بەندو ساڵێ خستنە ژێر چاودێریی پۆلیسی بەسەردا ئەدرێ. ماوەی بەندکردنەکەی لە سلێمانی، کەرکووک، کوت، بەعقووبە و نوگرە سەلمان و ماوەی چاودێرییەکەشی لە بەدرە بەسەردەبا.
لە 1956.09.12دا ئەم فەرمانی بەندکردنەی تەواو دەکات و ئازاد دەکرێت و دەچێتە بەغدا و چەند ڕۆژێک لەوێ لە یەکێک لە پڕوژە میریەکانی خانوودا دەبێت بە چاوەشی کرێکار. زۆری پێناچێت دیسانەوە لە هێرشی میریدا بۆ سەر نیشتمانپەروەران بە بۆنەی دەستدرێژییە سێ قۆڵییەکەی سەر میسرەوه، ئەگیرێتەوە لە 1956.11.17دا دادگای عورفی لە کەرکووک فەرمانی سێ ساڵ بەندی بە بارمتە دانانی هەزار دیناری کاتی دەسپێنێت بەسەریدا، ئەویش بەوەی کە تا سێ ساڵ ورتەوی لە دەم دەرنەیەت و کردەوەی وای لێ نەوەشێتەوە میری پێی دڵگران ببێ.=KTML_Quote_Begin==KTML_Style=width:20%;float:right;=KTML_Quote_Icon=❞ =KTML_Quote_Content=پاییز پاییز، بووکی قژ زەرد
من مات تۆ زیت، هەردوو هاودەرد
من فرمێسکم تۆ بارانت
من هەناسەم، تۆ بای ساردت=KTML_Quote_End=
گۆران نە هەزار دینارەکەی دەبێت و ئە ئەشیەوێ گفتی وەها بە میری بدات، بۆیە دەخرێتەوە بەندیخانە و تا 1958.08.10 پاش سەرکەوتنی شۆڕشی 14ی گەلاوێژ لە زینداندا ئازاد دەکرێت. گۆران ئەم ماوەیەی بەندیخانەی کەرکووک و بەعقووبە بەسەربردووه.
پاش بەربوونی لە زیندان دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و پاش ئەوە بە ماوەیەک لەگەڵ شاندێکی میللی سەر لە یەکێتیی سۆڤیەت ئەوسا و چینی میللی و کۆریای دیموکراتی (باکووری) ئەدا.
لە سەرەتای 1959دا سەرپەرشتیی گۆڤاری شەفەق ئەگرێتە دەست و بە ناوی بەیان دەردەکات. لە ئیسکانی سلێمانیش دایدەمەزرێنێت و تا ناوەڕاستی 1960 کاری تێدا دەکات. ئەنجا بەبیانووی ئەوەوە کە گوایە بێپرس کاری بەجێهێشتووە-کار بەجێهێشتنەکەی بۆچوون بووە بۆ شەقڵاوە بۆ بەشداربوون لە کۆنگرەی دووەمی مامۆستایانی کورددا-لەسەر کار لای دەبەن.
لەناوەڕاستی ساڵی 1960دا دێتە بەغدا و دەبێت بە یاریدەدەری پڕۆفیسۆر لە بەشی کوردی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا و بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی ئازادی.
لە سەرەتای 1962دا ژانەسک زۆری پێ ئەهێنێ. دەرئەکەوێ کە گەدەی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووه. نەشتەرگەرێکی سەرکەوتووی لە بەغدا بۆ دەکرێت بەڵام بەداخەوە پاش واده. پاش ئەو نەشتەرگەرییە لە نیساندا ئەچێ بۆ مۆسکۆ و سێ مانگێک لە نەخۆشخانەی کرێملین و سەنەتۆری بەرڤیخە بەسەرئەبا و پاشان دەگەڕێتەوە بۆ ئێراق. پاش گەڕانەوەی بەماوەیەکی کەم نەخۆشییەکەی سەرهەڵدەداتەوە و تەنگی پێ هەڵدەچنێ. لەبەر ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و لەوێ لە جێدا ئەکەوێ.
لە کاژمێر نۆ و نیوی بەیانی 1962-11-18 چاوی یەکجاری دەنێتەوه.[1]