ناوەندی” ئەرشیف و لێکۆڵینەوە و پەڕتووکخانەی ژنی کورد” لە سلێمانی کرایەوە.
#24-06-2023#
دوای تەواوبوونی ئامادەکارییەکان، ناوەندی” ئەرشیف و لێکۆڵینەوە و پەڕتووکخانەی ژنی کورد” لە سلێمانی بەڕووی ژنانی هەرچوار پارچەی کوردستاندا کرایەوە .
ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی چەندان کەسایەتی، مەراسیمێک بۆ کردنەوەی ناوەندی” ئەرشیف و لێکۆڵینەوە و پەڕتووکخانەی ژنی کورد” لەلایەن دامەزرێنەرانی ناوەندەکەوە سازکرا و بە ئامادەبووان ڕاگەیەنرا، سبەینێ لە کاتژمێر 10ی بەیانییەوە ناوەندەکە بە ڕووی ژنانی هەر چوار بەشی کوردستاندا دەکرێتەوە.
لەسەرەتای مەراسیمەکەدا، وتاری دامەزرێنەرانی ناوەندەکە لەلایەن گوڵان بەختیار، ئەندامی ناوەندەکەوە خوێنرایەوە، تێیدا دەستکەوتەکانی ئەو ناوەندە بۆ ژنی کورد خرایەڕوو، شەهید ناگیهان ئارکارسەل، کە یەکێکە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری ناوەندەکە بەبیرهێنرایەوە.
لە مەراسیمەکەدا چەندان کەسایەتی لە توێژە جیاوازەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان ئامادەییان هەبوو، هەروەها ڤیدیۆیەک سەبارەت بە کارەکانی ناوەندەکە و پاڵنەرو ئامانجەکان لە درووستکردنی ناوەندەکە نیشانی ئامادەبووان درا، دواتر لەلایەن گرووپی تەوارەوە گۆرانییەک و چەند پارچە میوزیکێک پێشکەشکرا.
لە چوارچێوەی مەراسیمی کردنەوەی ناوەندەکە، هونەرمەند ژینا سەقزیی چەند گۆرانییەکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، هەروەها ژنانی کورد و جیهان لە ڕێی ڤیدۆیی تۆمارکراوە وە پەیامی پیرۆزبایی خۆیان ئاڕاستەی دامەزرێنەرانی ناوەندەکە و ژنانی کورد کرد.
ناوەندی” ئەرشیف و لێکۆڵینەوە و پەڕتووکخانەی ژنی کورد” پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی کوردستانە بۆ ئەرشیفکردن و پاراستنی نووسین و بەرهەمەکانی نووسەرە ژنەکانی کورد، لەگەڵ بە بەڵگەکردن و نووسینەوەی مێژووە زارەکییەکان و لێکۆڵینەوە لە بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگە.
بیرۆکەی بوونیادنانی ئەم ناوەندە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2020، شەهید ناگیهان ئارکارسەل، یەکێکە لە ئەندامانی دامەزرێنەری ناوەندەکە، دوای تەواوبوونی ئامادەکارییەکانی بڕیارە سبەینێ ناوەندەکە بەڕووی ژناندا بکرێتەوە.[1]