وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند بارەگایەکی مۆسادیان لە شوێنێکی هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج، ئەمەش لە کاتێکدایە عێراق دەڵێت، ئەو شوێنەی ئێران کردوویەتییە ئامانج، شوێنی سڤیل بووە و بارەگای مۆساد نەبووە.
ڕۆژی 17-01-2024 حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پانێلێکدا لە کۆڕبەندی داڤۆس، لە بارەی پەلاماردانی شاری هەولێر بە مووشەکی بالیستی رایگەیاند ئێمە، بارەگای مۆسادمان لە شوێنێکی هەرێمی کوردستان بە وردی کردە ئامانج، ئەوەش بە واتای بەئامانجگرتنی عێراق نییە، بەڵکو ئیسرائیل دوژمنی هاوبەشی عێراق و ئێرانە.
کاژێر 11:30ی شەوی دووشەممە 15-01-2024 سوپای پاسدارانی ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر، پێنج لەو مووشەکانە بە ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن.
وەزیری دەرەوەی ئێران، لەبارەی بە ئامانجکردنی ئەو شوێنە سڤیلە، گوتی زانیاریی هێزە ئەمنییەکانی ئێمە لەبارەی ئەو شوێنەی لە کوردستانی عێراق کرایە ئامانج، وردن. دەستوپەیوەندەکانی مۆساد و ئەو کارگوزارانەش کە لە تێکدانی ئاسایشی ئێراندا دەستیان هەبووە، کرانە ئامانجی هێرشە وەڵامدەرەوەکەی ئێمە.
هەرچەندە وەزیری دەرەوەی ئێران، دەڵێت بەرپرسە ئەمنییەکانیان لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەرقاڵی بەدواداچوونی بابەتەکەن، بەڵام دەشڵێت: زانیارییە وردەکانی ئێمە دەیسەلمێنن؛ ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج پەیوەندیی بە مۆسادەوە هەبووە و هەڵە لەلایەن ئێرانەوە نەکراوە.
بەڵام قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئەو بانگەشەیەی وەزیرە ئێرانییەکە رەتدەکاتەوە. ئەعرەجی کە رۆژی سێشەممە سەردانی ماڵە بۆردوومانکراوەکەی #پێشڕەو دزەیی# کرد، رایگەیاند بانگەشەکان کە باس لەوە دەکەن بارەگای مۆسادە، راست نین، ئەمە دەکرێتە راپۆرتێکی فەرمی و دەدرێتە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان.
بۆردوومانەکەی ئێران گیانلەدەستدانی پێشڕەو دزەیی و منداڵێکی و هاوڕێیەکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی لێکەوتەوە، هەروەها 16 کەسیش بەهۆی هێرشەکەوە بریندار بوون.
بۆردوومانەکەی ئێران لە کاتێکدایە، ئەو وڵاتە ساڵی رابردوو رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆ کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت ئێمە رێککەوتنێکی ئەمنیمان لەگەڵ عێراق هەیە، ئەو رێککەوتنە حکومەت و بەرپرسانی ناوچەیی کوردستانی عێراق رووبەڕووی بەرپرسیاریەتییەک دەکاتەوە کە ئاسایشی سنوورەکانی ئێمە بپارێزن، هێرشەکەی ئێمە لە چوارچێوەی رێککەوتنە ئەمنییەکە و لە چوارچێوەی بەرگری رەوای خۆمان بەرامبەر خراپ سوودوەرگرتنی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستانی عێراق دژی ئاسایشی نیشتمانی ئێران بووە.[1]