کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە ڕاگەیەنراوێکدا زۆر بە توندی وەڵامی ڕاپۆرت و دانپێدانانەکانی دەستگیکراوانی بادینان لەلایەن بەشێکی کەم لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم دەداتەوە و دەڵێت: پێمانوایە کە ئەو ئازادیخوازانە لە سەر بیروڕای ئازاد و لەسەر کاری ڕۆژنامەگەری لە لایەن #پارتی دیموکراتی کوردستان#ەوە بە بارمتە گیراون و هەموو ئەو دانپێدانانە لە ژێر زەختی بەدرەوشتانەی دەزگای پاراستندا لەوان وەرگیراوە.
کەجەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، هەموو ئەو دەنگ و نووسراوانەی کە لە ئەو ڤیدیۆیەدا هاتوون سیناریۆن و هیچ بنەمایەکی دادپەرەوەری و ئەخلاقی و ئینسانی یان نییە.
ڕایشیگەیاند، ئەم سیاسەتەی پاراستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بنەڕەتدا پیلانێکی تورکیایە بۆ شێواندنی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی نەوەکانی داهاتوو.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە:
بۆ ڕای گشتی گەلی کوردستان
لە ڕۆژی 4 ئاداری 2021 دەزگای پاراستنی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە ژێر ناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتێکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە، کە گەوایە چەند تاوانبارێک دان بەوەدا دەنێن، کە پەیوەندییان لە گەڵ (#پەکەکە# / PKK) هەبووە و ویستوییانە کاری تێکدەرانە بکەن.
ئەو ڤیدیۆیە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و لە یەکەم هەنگاودا زۆرینەی دامەزراوە پێکهێنەرەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان فەرمییبوونی ئەم ڕاپۆرتە ڤیدیۆیەیان ڕەت کردەوە و بێ ئاگابوونی خۆیان لە ڕاپۆرتێکی وەها ڕاگەیاند.
هەرەوەها پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینانیش لە بواری مافناسی و دادەوەرییەوە بێ بنەما بوونی ئەو تۆمەتانەییان ئاشکراکرد.
ئێمەش ئەو ڕاپۆرتە ڤیدیۆیە و هەموو ئەو تۆمەتانەی کە دراوەتە پاڵ بزووتنەوەکەمان بە تەواوی ڕەتیان دەکەینەوە و ڕایدەگەینین کە ئەو ناو و گرتەی دەنگ و شتی دیکە کە بۆ تۆمەتبارکردنی (پەکەکە / PKK) بەکار هاتووە دروستکراون و دورن لە ڕاستییەوە.
پێمانوایە کە ئەو ئازادیخوازانە لە سەر بیروڕای ئازاد و لەسەر کاری ڕۆژنامەگەری لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بە بارمتە گیراون و هەموو ئەو دانپێدانانە لە ژێر زەختی بەدرەوشتانەی دەزگای پاراستندا لەوان وەرگیراوە و ویژدانی ئاگای گەلەمەکان هیچ کاتێک بڕوا بەو سیناریۆیانە ناکات.
دەزگای پاراستنی پارتی پێشتر ڕۆژنامەنووسانی بە جەستە تیرۆر دەکرد، ئێستا وەکو جاران ئەوەی پێی ناکرێت، هەوڵ دەدات تیرۆری کەسایەتییان بکات، بەڵام هەموو ئەمانە دەرەنجامی پێچەوانەی هەیە و ئازادیخوازانی بەبارمتەگیراوی بادینان زیاتر لە جاران لە دڵی خەڵکدا جێگای ڕێز و خۆشەویستین.
ئەو ڤیدیۆی دانپێدانانە کە لە لایەن پاراستنی (پەدەکە / PDK) ەوە بۆ تاوانبارکردنی ئازادیخوازانی بادینان بڵاوکراوەتەوە لە بنەڕەتدا سەلمێنەری بێتاوانی ئەو ئازادیخوازانەیە و لە هەمانکاتدا بەبێچارەیی مانەوەی پارتی و پاراستن لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی ئاستیخۆشەویستی گەلی کوردستان و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ئەو ئازادیخوازانە نیشان دەدات.
هەموو ئەو دەنگ و نووسراوانەی کە لە ئەو ڤیدیۆیەدا هاتوون سیناریۆن و هیچ بنەمایەکی دادپەرەوەری و ئەخلاقی و ئینسانی یان نییە.
ئەگەر وەک ئەوەی کە لە ڤیدیۆیەکەی پاراستنی (پەدەکە / PDK) دا هاتووە وێنەگرتن لە گەڵ گەریلا تاوان بێت، ئەوا بەرلە هەموو کەسێک بۆ خۆیان سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان تاوانبار دەکەن، چونکە ئەو نەک تەنیا وێنە، تەنانەت ڤیدیۆشی هەیە.
ئەم تاوانبارکردنە لە هەمانکاتدا سووکایەتیکردنە بە هەموو ئەو پێشمەرگانەی کە لە کاتی شەڕی #داعش#دا شان بە شانی گەریلا شەڕیان کردووە و لەگەڵ گەریلا بە شانازییەوە وێنە و سێڵفییان گرتووە.
هەروەها سووکایەتیکردنە بە ئەو هەڤاڵە پێشمەرگانەی کە لەگەڵ هەڤاڵانی گەریلا لە یەک سەنگەردا شەهیدبوون.
ئەم سیاسەتەی پاراستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بنەڕەتدا پیلانێکی تورکیایە بۆ شێواندنی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی نەوەکانی داهاتوو، چونکە گەریلا ناسنامەی خۆڕاگریی نەتەوەی کوردە و هەر کوردێکی نیشتمانپەروەر و هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز شانازی پێوەدەکات.
لە ڕاپۆرتە ڤیدیۆیەکەدا زۆر تانە و تۆمەتی بێ بنەما ئاڕاستەی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستانیش کراوە.
ئێمە چەندین جاران ڕامانگەیاندووە، کە بە هیچ شێوەیەک لە دژی پێگەی هەرێمی باشووری کوردستان نین و ئەم پێگەیە و گەلەکەشمان لە مەترسیدارترین دۆخدا پاراستووە و لەمەو بەدواش دەیپارێزین.
گەوەرترین مەترسی بۆ سەر پێگە و گەلی باشووری کوردستان و تەنانەت هەموو کوردستانیش سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانە، کە ڕێگا بۆ داگیرکەر خۆش دەکات و پاکانە بۆ کۆمەڵکوژییەکانی دەکات.
تورکیا بە ڕێگەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە باشووری داگیرکردوە، ئابووری ئەم نیشتمانە تاڵان دەکات و دەیڕۆخێنێت، سیاسەتێکی فەرهەنگی زاڵ کردووە، کە کەلتوور و کۆمەڵگا و تاکی کورد هەڵدەوشێنێتەوە، ئێستاش خەریکە دەسەڵاتی دادوەری بەتەواوی تەسلیمی تورکیا دەکات و لەسەر داوای تورکیا ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی دەگرێت.
ئەو سیاسەتی ئەمنی، سەربازی، ئابووری و کەلتوورییەی کە ئێستا لە دژی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان پەیڕەو دەکرێت، درێژکراوەی هەمان سیاسەتە کە دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە دژی سیاسەتمەدار و چالاکوانانی کورد پەیڕەوی دەکەن.
رێکەوت نییە کە لە ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی داگیرکاری تورکیا بۆ سەر هەرێمی گارە #مەسرور بارزانی# چالاکوانانی بادینان بە سیخوڕ ناودەبات و لەو ڕۆژەی کە خائین و نۆکەری تورکیا و قەسابی شەنگال و #عەفرین# و #سەرێکانی# (نەسر حەریری) لە کۆشکەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە #هەولێر# لە سەر فەڕشی سوور پێشوازیی لێدەکرێت، ڤیدیۆی دانپێدانانی هەمان چالاکوانان لە لایەن مەسرور بارزانییەوە بڵاو دەکرێتەوە.
ئەو ڕاپۆرتە ڤیدیۆییە بۆ پەردەپۆشکردنی هەموو ئەو تاوانە نەتەوەیی و ئەخلاقییانەیە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامی دەدات، بۆ پەردەپۆشکردنی تیرۆری ڕۆژنامەوانان و ئازادیخوازان و پەرلەمانتارانە، بۆ پەردەپۆشکردنی پێشوازیکردنە لە قەسابی عەفرین و سەرێکانی و شەنگال (نەسر حەریری) لە کۆشک و تەلاری پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر فەرشی سوور، بۆ پەردەپۆشکردنی شکستی مێژوویی تورکیایە لە گارە و لە حەفتانین، بۆ پەردەپۆشکردنی ڕادەستکردنەوەی سیاسەتمەداری کورد عومەر بارتانە بە دەوڵەتی تورکیا، بۆ پەردەپۆشکردنی دزی و گەندەڵی و سیاسەتی هەژارکردنی خەڵکی باشووری کوردستانە.
لێرەدا بانگەوازی لە ڕای گشتی و هەموو هێز و لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەکەین کە لە بەرامبەر پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکان، زیندانیکردن و ئەشکەنجەکردنی ئازادیخوازان، چەواشەکردنی ڕاستییەکان و سووکایەتیکردن بە بەها نیشتمانییەکان ئەرک و بەرپرسیارێتی دیموکراتی خۆیان بە جێ بهێنن.