پەیامێک لە سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستانەوە سەبارەت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی
دادگای باڵای فیدراڵی ئێراق بڕیاری داوە بە نادرووستی ناردنی ئەو بڕە پارەیەی کە لەچوارچێوەی دەستور و یاساکان و هەروەها ڕێکەوتنەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی، پێویست بوو بۆ هەرێم بنێردرێت.
ئەم بڕیارە هیچ خزمەت بە سەقامگیری و ئارامی لە ئێراقدا ناکات، بە پێچەوانەوە، لەدژی ئەو هەوڵ و کۆششانەیە کە لە ساڵی ڕابردوو، ئێراقی لە قەیرانێکی سەخت دەرباز کرد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و لەکاتێکیشدایە کە پێشڤەچونێکی باش لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ڕابردوو.
ئێمە پێشتریش بۆچوونی خۆمان ڕاگەیاندووە کە دادگای فیدراڵی ئێستای ئێراق نادەستورییە و پێویستە پێداچوونەوە بە پێکهاتەی ئەو دادگایەدا بکرێت، ئەویش بەرێگەی یاسایەکی نوێ کە بەپێی حوکمەکانی دەستور بێت بە تایبەت حوکمەکانی مادەی 92 کە بە ڕوونی باس لە میکانیزمەکانی دامەزراندنی دادگای فیدراڵی دەکات.
ناکرێت لە قۆناغێکی هەستیاری وەک ئێستای ئێراقدا، دادگای باڵای فیدراڵی بە چاوی زۆرینە و کەمینە بڕیار بدات و جیاوازی لەنێوان پێکهاتەکانی ئێراقدا بکات بە تایبەت بابەتی موچە و قوتی خەڵک کە دەبێت دوور بێت لە هەر گوشارو دەستێوەردانێکی سیاسی یان بەناو یاسایی. لێرەدا داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین لەشوێنی ئاڵۆزترکردنی کێشە و گرفتەکان، بەدوای چارەسەریی دەستوری و یاساییدا بگەڕێن و لە هەموویان گرنگتر داڕشتنی یاسایەکی نوێ بۆ پێکهێنانی دادگای فیدراڵی کە تێیدا مافی هەموو لایەنێک بە بێ ڕەچاوکردنی زۆرینە یان کەمینە پارێزراو بێت و ناوەرۆکی دەستوری ساڵی 2005، کە هەموو گەلانی ئێراق دەنگیان پێداوە جێبەجێ بکرێت.[1]
دادوەر
عەبدولجەبار عەزیز حەسەن
سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان
26/1/2023
Dieser Artikel wurde in (کوردیی ناوەڕاست) Sprache geschrieben wurde, klicken Sie auf das Symbol
, um die Artikel in der Originalsprache zu öffnen!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dieser Artikel wurde bereits 787 mal angesehen
Schreiben Sie Ihren Kommentar zu diesem Artikel!