نووسینی: د. #جەبار قادر#
دکتۆر عیسمەت شەریف وانلی ژیانێکی پان و بەرینی بەسەر برد و لە تەمەنی هەشتا و حەوت ساڵیدا ماڵاوایی لێکردین. هەرچەندە سەردانەکانی وانلی بۆ کوردستان، بەسەر یەکەوە یەک ساڵی تەمەنی پڕ ناکەنەوە و ساڵانی منداڵی و هەرزەکاری و لاوێتی لە شام و سێ لەسەر چواری ساڵانی تەمەنیشی لە سویسرا بەسەربرد، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو زۆر کورد بوو و هەمیشە لە هەوڵی کورد و کوردستاندا بوو. وانلی زیاتر لە نیو سەدەی تەمەنی بۆ خەبات لە پێناوی دۆزی کوردا تەرخان کرد.
عیسمەت شەریف وانلی لە بنەماڵەیەکی کوردی، بە ڕەچەڵەک باکووری، لە 21 نۆڤەمبەری ساڵی 1924 لە گەڕەکی کوردان (بۆ ئەوەی ناوی کوردی لێ بکەنەوە، شۆڤێنیستان زیاتر ناوی گەڕەکی ڕوکنەدینیان بە سەریدا سەپاند) لە شام هاتۆتە دونیاوە. بنەماڵەی باوکی محەمەد شەریف وانلی لە گوندێکی دەوروبەری وانەوە (گوندی زڤیک) لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا هاتوونەتە شام (دیمەشق) . کەسوکاری دایکیشی خەیریە عەبدوڵڵا هەر لەو کاتانەدا لە #ئامەد#ەوە هاتوونەتە شام.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/2343/0002.JPG=KTML_Photo_Alt=عیسمەت شەریف وانلی=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/2343/0002.JPG=KTML_Photo_End=
خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە شام (دیمەشق) تەواوکردووە. ئەو قوتابخانەی لێی دەخوێند لەلایەن عادیلە خانمی خوشکی سەڵاحەدینی ئەیوبییەوە لە سەدەی دوازدەی زانینییدا بنیات نرابوو و ئەو زانیارییانە لەسەر دەروازەکەی نووسرابوو. وانلی هێشتا لە قوتابخانەی ناوەندی دەیخوێند کاتێک لەگەڵ هاوڕێ و هاوپۆلەکانیدا لە گەڕەکی کوردان یانەیەکی وەرزشی تۆپی پێی بە نێوی (یانەی کوردستان) دامەزراند.
هەر لە تافی هەرزەکاری و لاوێتیدا بەهۆی ئەوەی لە بنەماڵەکەی دیار بوو، لەگەڵا کەسایەتییە دیارەکانی ئەو سەردەمەی کورددا ئاشنایی پەیدا کردبووە وەکوو: جەلادەت بەدرخان، مەمدوح سەلیم، قدری جەمیل پاشا، ئەکرەم جەمیل پاشا، نوورەددین زازا و قەدری جان، لە بەیرووتیش دەبێت.ە ناسیاو و دۆستی میر کامەران بەدرخان کە دوایی لە ئەوروپا بۆ دەمێکی درێژ بەردەوام دەبێت.
دوای تەواوکردنی قوتابخانە چووەتە بەیرووت و دەستی بە خوێندنی ئەندازە کردووە، بەڵام دوای دوو ساڵ خوێندن لەو بوارە، لەوە دەگات کە ئەوە ئەو دونیایە نییە کە ئەو حەزی لێدەکات. هەر لەو کاتەدا چەند کۆرسێکی فەلسەفەشی لە کۆلێجی ئەمریکی، کە دوایی دەبێت. بە زانکۆی ئەمریکی لە بەیرووت خوێندبوو.
زۆر جار بە خۆی دەیگێڕایەوە کە هەر لەو کاتەوە زۆری حەزی لە زانستی مێژوو دەکرد و هەمیشە ئەوەشی دەیوت کە بینینی محەمەد ئەمین زەکی بەگ ئیلهامی زۆری پێ بەخشیوە بۆ ئەو حەز و خولیایە بۆ مێژوو.
لە کۆتایی ساڵی 1948 ڕوو دەکاتە سویسرا و لە 29 نۆڤەمبەری ئەو ساڵەدا دەگاتە لۆزان. وادیارە گرنگترین ڕووداوەکانی ژیانی وانلی لە مانگی نۆڤەمبەردا بوونە. هاتنەدونیاوە (هەرچەندە دەیوت کاتێک گەیشتووەتە سویسرا و ڕۆژی لەدایکبوونیان لێ پرسیوە ئەو ڕۆژەی بە بیردا هاتووە، دەنا وەکوو زوربەی کوردانی ئەو کاتە و دوای ئەوەش ڕۆژی ڕاستەقینەی لە دایکبوونی خۆی نەزانیوە) ، گەیشتنی بە سویسرا و لە کۆتاییدا کۆچی دوایی لە 9 نۆڤەمبەری 2011 دا. لە لۆزان لەگەڵ نوورەددین زازادا جارێکی تر یەک دەگرنەوە. زازا ڕۆڵێکی گەورە دەبینێ لە ڕێنمایی کردنی و هاندانی بۆ خوێندنی یاسا لە زانکۆی لۆزان. بە سەرکەوتوویی خوێندن تەواو دەکات وبۆ زیاتر لە بیست وپێنج ساڵ، گەلێ جار لەتەک کاری سیاسی و نووسیندا، لە بەشی یاسای کۆمپانیایەک لە لۆزان کار دەکات.
هەڵبژاردنی لۆزان لەلایەن وانلییەوە بۆ خوێندن و دوای ئەوەش بۆ ژیان و کار چیرۆکێکی لە پشتەوە بوو. چەند جارێک ئەوەی گێڕاوەتەوە کە ئەو بە خەیاڵی هەرزەکاریی خۆی وای بیر دەکردەوە کە دەبێت.لە لۆزان بژێ و هەوڵبدات پەیماننامەی لۆزان، کە کوردستانی کرد بە چوار بەشەوە، لەنێو ببات و هەوڵبدات بۆ ئەوەی پەیماننامەیەکی نوێ جێگەی بگرێتەوە، کە تێیدا دان بە مافەکانی کوردا بنرێت. لە واقیعدا ئەوە فەنتازیا و خەیاڵبڵاوی ساڵانی گەنجێتی وانلی بوو، کە لە دواییدا بۆ خۆی بەپێکەنینەوە باسی ئەو خەون و فەنتازیایەی دەکرد.
لە ساڵی 1956 لەتەک هەژدە قوتابی تری کوردا، کە لە ئەوروپا دەیانخوێند، کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردیان لە ئەوروپا دامەزراند. لە ساڵانی 1958 بۆ 1962 بە خۆی سەرۆکایەتی ئەو کۆمەڵەیەی دەکرد. هەر بە نێوی کۆمەڵەی خوێندکارانیشەوە لە ساڵی 1960 بەشداریی لە کۆنگرەی قوتابییانی جیهان لە بەغدا کرد.
وتارەکەی لەو کۆنگرەیە، کە بە فەرەنسی بوو و تێیدا ڕەخنەی لە مادەی دووی دەستووری کاتی ئێراق گرتبوو، دوای بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی خەبات هەڵایەکی گەورەی نایەوە و کێشەی نێوان #پارتی دیموکراتی کوردستان# و حکومەتی عەبدولکەریم قاسمی قووڵتر کردەوە و وانلیش لە ئێراق بە زۆر دەرکرا. زۆر جار ئەوەی دەگێڕایەوە، کە ئەو ئەفسەرە ئێراقییەی تا فڕۆکەکە بەرێی خستووە، ئامۆژگاری کردووە جارێکی تر سەردانی ئێراق نەکات. بەڵام وانلی ئامادە نەبوو مل بدات بۆ ئەو ئامۆژگارییە. ئەو چەند جارێکی تر سەردانی کوردستانی بە نهێنی کرد و و جارێکیش سەری لە ئێراقی هەمیشە پڕ لە کارەساتدا و ئەنجامەکەی ئەوبوو خەریک بوو سەری تێدا بچێت.
وانلی دەستی لە مێژوو هەڵنەگرت و لە شەستەکان لە زانکۆی جنیف ماستەری لەو بوارەدا بەدەست هێنا و لە ساڵی 1970 دکتۆرای لە مێژوو و سیاسەت لە زانکۆی لۆزان وەرگرت. تێزی دکتۆراکەی لە سەر دۆز و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بوو لە باشووری کوردستان. وەکوو چالاکوانێکی سیاسی و نوێنەری شۆڕشی ئەیلول لە دەرەوە و ئاگادار لە ڕووداوەکانی ئەو شۆڕشە و نهێنییەکانی، دکتۆرنامەکەی واتای خۆی هەیە لەو بارەیەوە وکارێکی باشە کە خەریکن وەریدەگێڕن و بڵاوی دەکەنەوە. لەسەر پێشنیاری دکتۆر کامەران بەدرخان عیسمەت شەریف وانلی بۆ ماوەیەک مامۆستای مێژوو و کولتوری کورد بوو لە سۆربۆن.
لە 7 ئوکتۆبەری 1976 پیاوکوژانی بەعسی ئێراق هەوڵی تیرۆرکردنیان دا و لە ماڵەکەی خۆی لە لۆزان بەسەختی برینداریان کرد. ئەو پیلانەی بەعسییەکان بەهۆی ئەو ڕاپۆرتەوە بوو، کە وانلی و وەزیرە جەزائیرییەکەی هاوڕێی لە بارەی سیاسەتەکانی حیزبی بەعسەوە لە باشووری کوردستان لە دوای نسکۆی 1975 بڵاویان کردەوە. ڕاپۆڕتەکە ئەنجامی سەردانی لێژنەیەک بوو، کە لە خۆی و وەزیرێکی پێشووی جەزائیر و کابرایەکی سویسری پێکهاتبوو، بۆ ئێراق و چەند دەڤەرێکی کوردستان لە هاوینی 1975دا.
ڕقی بەعسییەکانی سووریاش لە عیسمەت شەریف وانلی لەوانەی ئێراق کەمتر نەبوو و ئەوانیش فەرمانی لەسێدارەدانیان لە دژی دەرکردبوو.
وانلی زمانی فەرەنسی، عەرەبی، ئینگلیزی بە ڕەوانی دەزانی و لە تەمەنی حەفتا ساڵیشدا دەستی کردبوو بە فێربوونی زمانی کوردی، هەرچەندە زۆر بە باشی فێری نەبوو. ئەوەی بەلامەوە سەیر بوو وانلی، کە زیاتر لە شەست ساڵی تەمەنی لە ئەوروپا بە سەر بردبوو و کارمن خانمی هاوسەری خانمێکی سویسری فەرەنسی زمان بوو، هەمیشە دەیوت برادەری ئەوروپاییم زۆر کەمن و لە دەرەوەی کار و کۆڕ و کۆنفرانس ئەوەندە لەگەڵیان هەڵناسم ودانانیشم و دڵم هەر بە کۆڕ و مەجلیسی کوردان دەکرێتەوە، هەرچەندە ڕەخنەی جددیی هەبوو لەسەر گەلێ نەریتی ناحەز و بارودۆخی کولتوری و سیاسی و ڕۆشنبیری کوردی.
لە سەرەتای شەستەکاندا و لە دوای بەرپابوونی شۆڕشی ئەیلول (کۆمیتەی پاراستنی مافی گەلی کوردی) لە سویسرا دامەزراندبوو. لە ساڵی 1978 یشدا لەتەک کۆمەڵێک کەسایەتی کوردی پارچەکانی کوردستاندا هەوڵی دامەزراندنی پارتێکی کوردستانیان دا، بەڵام بەهۆی باری سیاسی ئەو سەردەمەی کوردستانەوە ئەنجامێکی ئەوتۆی لێ نەکەوتەوە. ساڵی 1985 (یەکێتی مافناسانی کوردی لە ئەوروپا) لەگەڵا کۆمەڵێک پارێزەردا دامەزراند. ساڵی 1995 بوو بە سەرۆکی (ئینستیتوتی بەرلین بۆ زانست ولێکۆڵین) و لە هەمان ساڵیشدا بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری (پارلەمانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات) هەڵبژێردرا. لە نیوەی دووەمی نەوەتەکاندا سەرپەشتی پڕۆژەیەکی تری نەتەوەیی کرد، ئەویش پڕۆژەی ئینسکڵۆپیدیای کوردستان بوو لەگەڵا کۆمەڵێک پسپۆڕ و شارەزای کورد و کوردناساندا. مخابن دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر خەرجی ئەو پڕۆژەیە دەستەبەر نەکرا لە ڕێگەی یۆنیسکۆ و فۆندی کولتوریی ئەوروپاوە. زۆری پێخۆش بوو کە پێشنیاری ئەوەم بۆ کرد ئەم پڕۆژەیە ببەینەوە بۆ کوردستان بە تایبەتیی دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی 2006 دا گەڕامەوە بۆ کوردستان. بێ یەک و دوو پێمی وت: گرنگ ئەوەیە ئەو بۆ پڕۆژەیە بۆ کورد و کوردستان ئەنجام بدرێ و هیچ گرنگ نییە ئێمە بیکەین یا کەسانی تر. بە خۆشحاڵییەوە لە ئەکادیمیای کوردی دەستمان بەو کارە کردووە و لە بەرنامەماندا بوو پایزی 2011 بانگهێشتی بکەین بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری کارکانمان بێت لەو پڕۆژە نەتەوەییە گرنگە، مخابن مەرگ دەرفەتی نەدا ئەو سەردانە بکات کە زۆر مەبەستی بوو. ساڵانی1999 - 2003 بە سەرۆکی (کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان) هەڵبژێردرا و نووسەری ئەم چەند دێڕەش شەرەفی ئەوەی هەبوو هەم لە پارلەمانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات لەتەکیدا کار بکات و هەم لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جێگری بێ و لە پڕۆژەی ئینسکڵۆپیدیای کوردستانیش هاوکاری یەکەمی بێت.
عیسمەت شەریف وانلی لەنێوڕاستی شەستەکانەوە ئەوەی ڕاگەیاندبوو کە ئۆتۆنۆمی دادی کورد نادات و پێویستە کورد داوای دەوڵەتی فیدراڵی دیموکراتی بکات، مادام ناتوانێت دەوڵەتی نەتەوەیی سەربەخۆی خۆی دابمەزرێنێ. ئەمەی بەڕوونی لە تێزی دکتۆراکەی لە ساڵی 1970 خسووەتە ڕوو. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش لێکۆڵینەوەیەکی فراوانی لەسەر سیستەمی فیدراڵی و دەستووری ئێراق ئامادە کرد و من کردم بە کوردی و بڵاو کرایەوە.
وانلی تا بڵێی پیاوێکی ئیشکەر بوو، لە کارکردن وەرس نەدەبوو، ڕۆژانە زیاتر لە دە سەعات خەریکی نووسین و خوێندنەوە بوو. لە سەدان کۆنفرانس و کۆبوونەوە و سیمپۆزیۆمدا بەشداری کردووە و داخوازییەکانی کوردی خسووەتە ڕوو. لەسەر داخوازی مافی کورد زۆر توند بوو و ئامادە نەبوو نەرمی بنوێنێت و سازش بکات.
لە ژیانی خۆیدا گەلێ کەسایەتی و سەرکردەی کوردستانی و جیهانی بینیبوو. بێجگە لە سەرکردەکانی بزاڤی سیاسی و ڕۆشنبیری کوردی لە چلەکانی سەدەی ڕابردووەوە تا دەسپێکی ئەم سەدەیە لە هەرچوار پارچەی کوردستان، عەبدولکەریم قاسم، خومەینی، قەزافی، پاپای ڤاتیکانی پێشوو و گەلێ لە سەرکردەکانی ئیسرائیلی بینیبوو. کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەوروپا زۆریان عیسمەت شەریف وانلیان دەناسی و ڕێزیان لێدەگرت.
کاتی خۆی زۆر هەوڵم لەگەڵیدا بیرەوەرییەکانی بنووسێتەوە. هەمیشە دەیوت کاتم نییە. جارێک ڕێککەوتین کە من کۆمەڵێک پرسیاری بۆ بنێرم ئەو وەڵامم بداتەوە. کاتێک پرسیارەکانم بۆی نارد وتی ئەمە پێویستی بەوەیە پەرتووکێک بنووسم. لە کۆتاییدا لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا بە نێوی (بۆ مێژوو) ، کە بۆ میدیا تیڤی ئامادەم دەکرد چاوپێکەوتنێکی پێنج کاتژمێریم لەگەڵیدا بە زمانی عەرەبی ئەنجامدا. بەشی زۆری بیرەوەرییەکانی لەو پرۆگرامەدا گێرایەوە و لە کاتی خۆیدا لەو تەلەڤزیۆنە بڵاو کرایەوە. هەر بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆگرامەش ژمارەیەکی زۆر وێنەی دەگمەنی پێشکەش کردم، کە هەندێکێانم لە کاتی خۆیدا بڵاوکردەوە و ئەوانی تریشیان لە داهاتوودا بڵاو دەکەینەوە. سەرباری ئەوە لەم پازدە ساڵەی دوایی تەمەنیدا هەرچی شتێکی نووسیبێ دانەیەکی لێی بۆم ناردووە و ژمارەیەکی زۆر نامە گۆرینەوە لەنێوانماندا هەبووە، هیوادارم لە داهاتوودا دەرفەت هەبێت بڵاویان بکەمەوە.
لە 9 نۆڤەمبەری 2011 لە کاتژمێر چواری سەر لەبەیانیدا لە تەمەنی 87 ساڵیدا لە شاری لۆزان کۆچی دوایی کرد. وانلی تەنیا کوڕێکی هەیە کە ناوی سیامەندە.
پڕۆفیسۆر وانلی ژمارەیەکی زۆر وتار ولێکۆڵینەوە بەرهەمی زانستی بە فەرەنسی، ئینگلیزی، ئەڵمانی و عەرەبی بڵاوکردووەتەوە و بەشێک لە نووسینەکانی کراون بە کوردی، تورکی، ڕووسی و فارسی. سڵاو لە ڕوحی پاکی وانلی و هەمیشە لە یادماندا بەزیندوویی دەمێنێتەوە. [1]