ناوی تەواوی مەدهۆشی شاعیر؛ محەمەد عەلی محەمەدی حاجی مستەفای قوربانییە، ساڵی 1919ز. لە شاری #سلێمانی# لەدایکبووە و قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە.
لە تەمەنی منداڵیدا شاگرد خەیات بووە، لە ساڵی 1939ز. دەستی کردووە بە هۆنراوە نووسین و یەکەم هۆنراوەی لە ساڵی 1940ز. لە ڕۆژنامەی ژیندا بڵاوکردووەتەوە لەژێر ناوی (بە عەشقی تۆ بریندارم)، #پیرەمێرد#ی نەمر کەمێک دەستکاری ئەم هۆنراوەی بۆ کردووە.
ئەم شاعیرانە زۆر کاریگەر بوون لەلای مەدهۆش #نالی#، #گۆران#، پیرەمێرد، #عەلی کەمال باپیر ئاغا#، دنیای ئەوین و بابەتی سۆزداری بەشێکی زۆری لەهۆنراوەکانی داگیرکردووە، دیمەنی شاخەکانی کوردستان کاریگەریی هەبووە بۆ نووسینی هۆنراوەکانی، ڕێڕەوی دانانی هۆنراوە و پەیڕەوی شاعیر دەردەکەوێت لە سەرەتادا ویستویەتی بەشێوەی کێشی عەرووزی و بابەتی کلاسیکی وەک هەڵبەستەکانی نالی بێتە گۆڕپانەوە، چەند هەنگاوێکی سەرکەوتووانەی ناوه، توانیویەتی سامانێکی نوێ و پێویست بخاتە سەر تۆماری گەورەی هۆنراوەی کوردی، توانیویەتی هەنگاوێکی نوێ بهاوێت لە زمانی کچەکان خۆیانەوە دەربارەی خۆشەویستی و جوانی و گیروگرفتە کۆمەڵایەتییەکانیان بەدەست کۆمەڵ و نەریتی دواکەوتوی کۆمەڵەوە.
مەدهۆشی شاعیر، لە ژیانی خۆیدا چەندین بەرهەمی تۆمار کردووە. لەوانەش:
1.#هەمیشە بەهار؛ نەژاد و فەرەیدون# -چیرۆکی هۆنراوە -ساڵی 1941 تا 1982ز. شەش جار چاپکراوەتەوه.
2. #دڵ و گوڵ# -کوورتە چیرۆک-لە ساڵی 1959ز. چاپکراوە.
3. سەرگوڵ -کوورتە چیرۆک -ساڵی 1961ز. چاپکراوە.
4. #شیرین# -کۆمەڵە هۆنراوە -ساڵی 1962ز. چاپکراوه.
5. #دڵی کچان# -کۆمەڵە هۆنراوە-ساڵی 1967ز. چاپکراوه.
6. #نەریمان چی لێهات؟# -کوورتە چیرۆک-ساڵی 1968ز. چاپکراوه.
7. #دڵی کوڕان# -کۆمەڵە هۆنراوە -ساڵی 1972ز. چاپکراوه.
8. دیوانی #یانەی دڵان# (بەرگی یەکەم) -ساڵی 1982ز. چاپکراوە و لە ساڵی 2004ز. چاپی دووەم کراوە و لە سالێ 2006ز. چاپی سێیەم کراوە.
9. دیوانی #یانەی دڵان - بەشی 2# -ساڵی 2004ز. چاپکراوه.
10. بەرەو پایزەبەهارێکی تر -کوورتە چیرۆک -1988ز.
11.دڵی #پێشمەرگە# (یان دڵداری و نیشتمانپەروەری) چیرۆکی هۆنراوەیە کە تا ئێستا لە چاپ نەدراوە، فریا نەکەوت لە چیرۆکەوە هەمووی بکات بەهۆنراوە.
12. #دیاری شارەزوور#
ئەم شاعیرە لە 24ی شوباتی ساڵی 1994ز. لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کردووە.[1]