پەرتووکی (#نەژاد و مێژوو# ) لە وتووێژێکدا
$#نەجاتی عەبدوڵڵا#: مێژوو بۆ من کۆڵەگەیەکی گەورەی نیشتمانسازیی و درووستکردنەوەی مرۆڤی کوردە.$
دیداری: #دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم#
لە ماوەی ڕابردوودا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە درێژەی بەخششە کولتووری و فەرهەنگییەکانی خۆی لە بواری چاپکردنی پەرتووکدا، پەرتووکێکی گرنگی لە بواری مێژوودا چاپ و بڵاو کردەوە، پەرتووکەکە بریتی بوو لە (نەژاد و مێژوو) ئەم پەرتووکە لەلایەن (کلود لێڤی- شتراوس) نووسراوە و وەرگێڕ و ئەکادمیستی ناوداری کورد (د. نەجاتی عەبدوڵڵا) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، لە فەڕەنسیەوە وەریگێراوەتە سەر زمانی کوردی، لەم دیدارەدا لەگەڵ نەجاتی عەبدوڵڵا، باس لە گرنگی و ڕەهەندەکانی پەرتووکەکە دەکەین، بەو ئومێدەی بەرچاوڕوونییەک بێت بۆ خوێنەر تا خۆیان لە خوێندنەوەی ئەم پەرتووکە گرنگە بێبەش نەکەن.
سەردەم: پەرتووکی نەژاد و مێژوو چۆن پەرتووکێکە و چ بەها و گرنگییەکی هەیە بۆ خوێنەری کورد؟
نەجاتی عەبدوڵڵا: ڕاستییەکەی ڕەنگە بایەخ و گرینگی ئەم پەرتووکە بۆ ئێمە زیاتر لەوەدا بێ، کە دژی ڕەگەزپەرستی و باڵادەستیی نەتەوەیی نووسراوە، کە ئێمەی کورد زۆر بە دەست ئەم دوو چەمکەوە گرفتار بووین. هەموو نەتەوە سەردەستەکانی دەوروبەری ئێمە، هەمیشە بە جۆرێک مامەڵەیان لەگەڵ ئێمە کردووە، وەک ئەوەی ئەوان خاوەن کولتوورێکی بەرزتر بن و ئێمەیش زۆر لە خوار ئەوان بین، شتراوس لەم پەرتووکەدا زۆر بەوردی لەم بیرە ناڕاستە و نازانستییە دەدات، کە هیچ شتێک نییە باڵادەستیی فەرهەنگێک یان کولتوورێک بەسەر کولتوورێکی دیکە دووپات بکاتەوە. هەموو فەرهەنگەکان بە یەکەوە کۆیەکی فرەهەنگی مرۆڤایەتی پێک دەهێنن. ئەم بیرە پاک و ئینسانییە لە زانستی ئیتنۆلۆژییدا، وەک مرۆڤایەتییەکی تازە سەیر دەکرێت، کە بایەخ بە فرەچەشنیی کولتوورەکان و بەشداریی هەموو فەرهەنگەکان دەکات لە درووستکردنی شارەستانییەتی مرۆڤایەتیدا. لەم پەرتووکە شتراوس پرسی ئیتنۆسێنتریسم (ناوەندێتیی ئیتنیکی) و فرەچەشنەیی کولتوورەکان و لەوێشەوە بە هەموو هێزێکییەوە هەوڵی ڕێگری و هەڵتەکاندنی بیری نەژادپەرستی و ڕاسیزم و بیری نەریتخوازیی و باو دەکات و هەر لەوێشەوە دەرگەیەکی بەرفراوان بۆ باسی فرەچەشنەیی کولتووریی دەکاتەوە، کە ئەم بابەت و دەروازانە لە هەموو ڕوویێکەوە بۆ کۆمەڵگەی کوردی زۆر پێویستن، نەخوازەش کە (کوردستانی باشوور) بە نیوەچڵیی لە دەست ستەمگەریی و جیاکاریی نەژادیی ڕزگاری بووە. بۆیە پێم وایە ئەم پەرتووکە بۆ پەرتووکخانەی کوردی، کارێکی زۆر پێویست و بەجێ دەبێت و هەر ئەم پێویستییەش بوو، دواجار بوو بە هۆکاری وەرگێڕانی ئەم سەرچاوە گەوهەرە ئینسانییە بۆ سەر زمانی کوردی. چاو چەندە جوانە کاتێک شتراوس لە دژی بیرۆکەی جیاکاریی نەژادی دەوەستێتەوە لە وەسفی مرۆڤی بەربەری دەڵێت ( مرۆڤی بەربەری بەر لە هەرچی شت، ئەو مرۆڤەیە کە باوەڕی بە بەربەرییەت هەیە).
سەردەم: گرنگترین ئەو پرسیارانەی لەم پەرتووکەدا بە دوایاندا وێڵ بوویت چی بوون و دواجار ئاکامی پرسیارەکانت بە چی گەیشتن؟
نەجاتی عەبدوڵڵا: ئەوەی زیاتر بۆ من گرینگ بوو و من لەم پەرتووکەدا بەدوای دا دەگەڕام ئەوە بوو داخۆ، مێژووی ئێمە، کە مێژوویەکی نەنووسراوە لە کوێی ئەو پلەبەندییە دایە کە شتراوس بۆ مێژوو کردوویەتی. شتراوس لای وایە لە ڕەوتی مێژوودا دوو جۆر مێژوو هەیە. یەکەمیان مێژووی کەڵەکەبوو و ئەوەی دیکەشیان مێژووی وەستاوە. بێگومان مێژووی گەلانی سەردەستەی ئێمە هەموویان مێژووی کەڵەکەبوون و توانیویانە بەخششێکی بەردەوام و دواجار دەستکەوتی مێژووییان بۆ خۆیان چنیوەتەوە و بە پێچەوانەشەوە مێژووی کورد هەمیشە مێژوویەکی وەستاو بووە، بەو مانایە کە نەیتوانیوە خاوەنی بەخششێکی بەردەوام بێ و دابڕان و خاڵی سپی زۆر لەناو مێژووی کورد هەیە، کە ڕەنگە خاڵە سپی و بۆشاییەکان زۆر زیاتر بن لە خاڵە پڕ و نووسراوەکان، هەر بۆیە ئەم مێژووە نەیتوانیوە مێژوویەکی بەردەوام بێ و بەخشش و داهاتێکی وای ببێ، کە بەردەوام بەسەر یەکەوە کەڵەکە ببن. شتراوس لەم پەرتووکەدا ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ئەو گەلانەی مێژوویان نەنووسراوەتەوە مانای وا نییە کە مێژوویان نییە، بەڵکوو زیاتر ئەوەیە کە ئەو مێژووە بۆ ئێمە نەناسراوە دەنا ئەوانیش ( لە ماوەی دەیان و هەتا هەزاران ساڵاندا، مرۆگەلی ئەوێش وەک ئەوانی دیکە خۆشەویستی، ڕق، ئازارچەشتن، داهێنان و شەڕیان کردووە) و لە ڕەوتی مێژوو بەردەوام بوون بەڵام ئەوەیە کە مێژووەکەیان بۆ ئێمە نەزانراوە و نەنووسراوەتەوە.
سەردەم: کاتێک ئەم پەرتووکەت بە فەرەنسی خوێندووەتەوە زۆر سەرنجی ڕاکێشاویت و وەک خۆت دەڵێیت هەمیشە لەناو جانتاکەتدا بووە، پێم خۆشە بزانم چ شتێک وای لێ کردیت هەر زوو ئەم پەرتووکە گرنگ بێت بە لاتەوە؟
نەجاتی عەبدوڵڵا: ئەم پەرتووکە لەناو ئەو فەزای دیکتاتۆری و هەناسەکوژییەی کە دیکتاۆرییەت لە ئێراقدا بۆ وەچەی ئێمەی درووستکردبوو، لەناو ئەو باڵادەستییە فەرهەنگییەی کە کولتووری بەعس بە شەو و ڕۆژ باڵادەستی و نزمدەستیی فەرهەنگی ئێمەی نیشان دەدا، بۆ من چۆڕە ئاوێکی زۆر سازگار بوو لەناو تینوێتی بیابانێکدا، گەڵایەکی سەوز بوو، کە بەتوندی دەستم پێوە گرت، تێگەیشتم کە کولتوورەکان هیچیان لەیەکتر بەرزتر نین و ئەوە بۆ من هەناسەیەک بوو، سەرچاوەی بیرێکی پاکوبێگەردی ئینسانیی بوو دژ بە ڕەگەزپەرستیی و جیاکاریی ئیتنیکی، کە هێندە پەرتووکەکەیان لا خۆشەویست کردم، کە بەردەوام پێم بوو.
سەردەم: بە گشتی سەرنجمان داوە بەڕێزت بە زۆری گرنگی بە وەرگێڕانی بابەتی مێژوویی دەدەیت، ئەم گرنگیدانەت لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە و بابەتە مێژووییەکان دەتوانن چ ئیزافەیەک بخەنە سەر کاروانی مەعریفی و ڕۆشنبیریی خوێنەری کورد؟
نەجاتی عەبدوڵڵا: مێژوو بۆ من کۆڵەگەیەکی گەورەی نیشتمانسازیی و درووستکردنەوەی ئینسانی کوردە بەو ئاڕاستەیەی کە بەشداریی بکات لە درووستکردنی مەعریفەیەکی نیشتمانپەروەرانە و مەدەنی، بێگومان مەبەستم لەوەدا ئەوەیە تاکی کورد ببێتە تاکێکی ڕەخنەگر بۆ مێژووی خۆی و لەسەرووی هەمووشیانەوە خوێندنەوە و دیدێکی ڕەخنەگرانەی بۆ ئەو شکست و داڕووخانە گەورانە هەبێت کە مرۆڤی کورد لەسایەی ناسیۆنالیزمی ئیتنیکی کوردییەوە تووشی بووە. بەداخەوە وەچەکانی پێش ئێمە بواریان نەبووە، یان بۆیان نەلواوە بە دیدێکی ڕەخنەگرانە ئەو پاشخانە سەد یان سەدو پەنجا ساڵەی بزووتنەوەی کوردایەتی بخوێننەوە، ئەمە لەگەڵ خۆیدا وای کردووە ئەم بزووتنەوەیە زۆر لە ئامانجی درووستکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی دوور بکەوێتەوە. خوێندنەوەی مێژوو بۆ بەشداریکردنەوە لە خوێندنەوە و ڕەخنەگرتن و دووبارە داڕشتنەوەی بینای کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و ئینسانیی بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە. جگە لەوەش مێژوو بۆ من هەم عەشق و هەم زانستێکە هەموو بوونی ئۆنتۆلۆژی خۆمی تێدا دەبینمەوە.
[1]