بڵاوکردنەوەی فەرمانێکی وەزاریمان بۆ ڕێکخستنەوەی پێدانی ژمارەی سپاردنی کتێب، نیگەرانی نووسەران و ڕوناکبیرانی کوردستانی لێکەوتەوە، وەک هۆکارێک بۆ بەرتەسکردنەوەی ئازادیی چاپکردنی کتێب لێکیان دایەوە، بۆیە بەپێویستمان زانی ئەم ڕوونکردنەوەیە بڵاو بکەینەوە:
1-ئەو فەرمانەمان پشتی بەڕێنمایی ژمارە (6)ی ساڵی 1999ی #وەزارەتی ڕۆشنبیری# بەستووە، کە ئەویش لەبەر ڕۆشنایی یاسای چاپەمەنیی هەرێمی کوردستان ژمارە (10)ی ساڵی 1993 دەرچووە.
کە لەمادەی نۆی ئەو یاسایەدا زۆر بەروونی بڵاوکرنەوەی ئەو بابەتانەی قەدەغە کردووە کە جنێوو تانوت لێدان و ناوزڕاندنی کەسان و دەستدرێژی بۆ سەر حورمەتی ئاین و مەزهەبەکان و دابونەریت و سیستمی گشتی تێدا بێ.
2-فەرمانەکەی وەزارەتمان جەختی لەو مادە یاساییە کردۆتەوە، هیچ نێتێکی خراپی بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادیی بیروڕا لەپشتەوە نییە.
3- ئەم فەرمانە بۆ ڕێکخستنەوەی پێدانی ژمارەی سپاردنە، بەجۆرێک ڕێگە لەبڵاوکردنەوەی ئەو کتێبانە بگرێ کە زمانی کوردی دەشێوێنن، داڕشتن و ڕێزمانی کوردی و خاڵبەندی لەبەرچاو ناگرن.
هەروەها بۆ ئەوەی کتێبەکان مافی خەڵکی دیکە پێشێل نەکەن و سنورێک بۆ جنێودان و ناوزڕاندن دابنرێت.
4-ئەمڕۆ 28-9-2020، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەی باڵای پێدانی ژمارەی سپاردن بەسەرۆکایەتیی جێگری بەرێوەبەری گشتیی کتێبخانە گشتییەکان و ئەندامێتی بەرێوەبەری کتێبخانە گشتییەکانی پارێزگاکانی #هەولێر#و #سلێمانی# و #دهۆک# و #هەڵەبجە# و ئیدارەی #گەرمیان# درا و لەپارێزگاکانیش لیژنەی لاوەکی دروست دەکرێ بۆ وەرگرتنی داوای ئەو نووسەرانەی داوای ژمارەی سپاردن دەکەن و ناردنی بۆ لیژنەی باڵا لەڕێی ئیمەیلەوە. ئەوە بۆ یەکەمجاریشە داوای ژمارەی سپاردن لە هەڵەبجە و گەرمیان وەردەگیرێت، ئەوەش بۆ کارئاسانی بۆ نووسەران و ڕووناکبیران.
5- نووسەران و ڕووناکبیرانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە، هیچ هەوڵێک بۆ بەرتەسکردنەوەی ئازادی نییە، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان هەردەم داکۆکیکاری مافەکانی نووسەران و ڕووناکبیران و ئازادی بیروڕا دەبێ.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان
#28-09-2020#
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!