کوڕی ئەحمەد ئاغای کوڕی حاجی بایز ئاغایە، ساڵی 1937 لە گوندی (#تورجان#) ی سەربە شاری #بۆکان# لەدایک بووە. لە تەمەنی منداڵیدا لە خۆشەویستی دایک بێ بەش کرا. کە تەمەنی گەیشتە حەڤدە ساڵی تووشی نەخۆشییەکی سەخت هات و ماوەی سێ ساڵ لەپێ کەوت، پاشان بەدرێژایی ژیانی توانای ڕۆیشتنی ئاسایی لەدەست دا. بەهۆی بیروباوەڕی پێشکەوتنخوازی و هەڵوێستی نیشتمانپەروەرییەوە لەلایەن ڕژێمی پەهلەوییەوە ڕووبەڕووی زیندان و ئەشکەنجە کرایەوە. سەرەڕای ئەو هەموو کوێرەوەری و دەربەدەرییە توانی کۆلیژی حقوق لە زانکۆی تاران ببڕێ و ساڵی 1968 لە بەشی کوردی ڕادیۆی تاران دامەزرا. =KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/698/0005.JPG=KTML_Photo_Alt=سوارە ئیلخانی زادە=KTML_Style=width:20%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/698/0005.JPG=KTML_Photo_End=
سوارە یەکێکە لە شاعیرە هەرە خوێندەوارەکانی ئێران و ئاگاداری گۆڕانکارییە ئەدەبییەکانی جیهان بوو. ئاڵوگۆڕێکی گەورەی لە هەڵبەستی نوێی کوردیدا هێنایە گۆڕێ. هەرچەندە ژمارەی هەڵبەستەکانی کەمن، بەڵام هەر هەموویان لە ڕووی داڕشتن و بیری قوڵ و هەستی شاعیرانەدا هەڵبەستی دانسقەن. ئەم شاعیرە نوێخوازە عەشقی سرووشت بووە، سرووشتێک کە لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا بێ و ئازادی ژیان ئەندێشەی پێ ببەخشێ. سوارە جگە لە هەڵبەستی کوردی، بە فارسیش هەڵبەستی نووسیوە، لە بواری پەخشان و نووسینیشدا ئەدیبێکی لێهاتوو بووە. ئەو کاتەی لە بەشی کوردی هەردوو ڕادیۆی ئێران و# کرماشان#دا کاری دەکرد، بەرنامەیەکی ئەدەبی هەبوو بە ناونیشانی (تاپۆ و بوومە لێڵ) کە خزمەتێکی زۆری مەسەلە ئەدەبییەکانی کوردی کرد. سوارە ئێلخانی زادە لەو تاقە شاعیرانەیە کە بایەخێکی زۆری بە زمان داوە و ناوەرۆکی هەموو بەرهەمەکانی باس لە ئازادی و پاکی و جوانی ڕۆحی مرۆڤ ئەکات. کۆی بەرهەمە ئەدەبییەکانی بە ناوی #زەمزەمەی زوڵاڵ# چاپکراوە ئەم شاعیرە هەڵکەوتووە ڕۆژی چوارشەممە #14-01-1976# بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردووە. [1]