لە بنەماڵەیەکی ڕۆشنبیر و ئایینپەروەر لە شاری #سلێمانی# لە ساڵی 1955 لەدایکبووە.
ساڵی 1978/1979 پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانی لە شاری #هەولێر# تەواوکردووە، و لە ناوچەکانی قەرەداغ، دوکان، #دەربەندیخان# و پاشان ناوشاری سلێمانی مامۆستا بووە.
لە ساڵی 1978ەوە ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد بووە. لەسەر داوای خۆی لە ساڵی 1994 دا خانەنشین کراوە، تاکوو دەرفەتی تەواوی هەبێت بۆ خزمەتکردن لە بواری ساغ کردنەوە و کۆکردنەوەی بەرهەمی ئەدەبی و ڕۆشنبیری نەتەوەی کورد. ساڵی 2000 کۆچی دوایی کردووە.
مامۆستا ئومێد پڕۆژەیەکی ئەدەبی بەدەستەوە بوو بەناوی (پڕۆژەی سەد کتێبی کوردی) ، توانی نزیکەی 70 پەرتووک و نامیلکەی لێ چاپ بکات، بەڵام بەژمارەی کەم بەهۆی بێتوانایی دارایی، سامانێکی ئەدەبی زۆری جێهێشتووە بەڵام زۆربەیان دەستنووسن.
لە ڕۆژی #16-01-2000# دا لە تەمەنی 45 ساڵیدا، کاتێک کە تەواو سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ئەدەبی بووە، کۆچی دوایی کردووە و لە #گردی سەیوان# لە سلێمانی نێژراوە. ژمارەیەکی زۆر دەستنووس و 3 جگەرگۆشەی بەناوی (سیامەند، سایە و شاد) لەپاش بەجێ ماوە.
ناوی هەندێک لە بەرهەمەچاپکراوەکانی
ئەم بەرهەمانەی لە دەزگای ئاراس لە هەولێر بڵاوبوونەتەوە:
ڕەشید نەجیب: ژیان و بەرهەمی
ئەشکی باوان: بەرهەمە بڵاونەکراوەکانی کامەران موکری
پیرەمێرد و پێداچوونەوەیەکی نوێی ژیان و بەرهەمەکانی: دوو بەرگ لە 900 لاپەڕەدا
دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی -2003
ئیسماعیل حەقی شاوەیس -کۆکردنەوە
بەرهەمی تر..
گۆران نووسین و پەخشان و وەرگێڕاوەکانی. [1]