ناسح حەیدەری؛ شاعیر و ڕووناکبیر
بنەماڵەی حەیدەری بنەماڵەیەکی دیار و هەڵکەوتووی کوردستان و شاری #هەولێر#ن، خاوەنی دەیان کەسایەتیی گەورەی سیاسی و فکری و ڕۆشنبیری و زانستی و ئایینی و کۆمەڵاتین. لە ڕشتە جیاجیاکاندا خزمەتێکی زۆریان پێشکەش بە گەل و نیشتمانەکەیان کردووە، ئارەقە و فرمێسک و خوێنی زۆریان بۆ ڕشتووە، ئێستاش نەوەکانیان ئاڵای ئەو بنەماڵە هێژایەیان بەبڵندی ڕاگرتووە و لە خزمەتی کولتووری و زانستی بەردەوامن و شوێن پەنجەیان دیارە.
ئەم بنەماڵەیە شانازی ئەوەیان لە مێژوودا پێدەبڕێ، کە یەکەم نەمامی بیری نوێ و پێشکەوتنخواز ئەوان لە شاری هەولێر ناشتویانە و بەخوێن پەروەردە و گەورەیان کردووە.
ناسح حەیدەری یەکێکە لە ئەندامانی ئەو بنەماڵە هێژایە.
ناسح عەبدوڵڵا سەبغەتوڵڵا کەبەناسح حەیدەری ناسراوە، شاعیر و ڕووناکبیرێکی هەڵکەوتووی کوردستانە.
ساڵی 1898 لەئامێزی خێزانێکی ڕووناکبیرو زانستپەروەردا لە قەڵای هەولێر لەدایک بووە.
قۆناغەکانی خوێندنی لە هەولێر تەواوکردووە و ساڵی 1925 بەفەرمانبەر دامەزراوە و ماوەی 30 ساڵ خزمەتی کردووە و ساڵی 1955 خانەنشین بووە.
حەیدەری بەحوکمی ئەوەی لەخانەوادەیەکی ڕۆشنبیردا گەورە بووبوو، هەر لە منداڵییەوە خولیای هەڵبەست و ئەدەب بووە و لەژێر کاریگەریی هەڵبەستەکانی نالی و سالم و کوردی و حاجی قادری کۆیی و مەحویدا بووە.
حەیدەری زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی و تورکی زانیوە و بە زمانەکانی عەرەبی و کوردی هەڵبەستی نووسیوە.
هەموو هەڵبەستەکانی لە دووتوێی دیوانێکی 268 لاپەڕەییدا کۆکراوەتەوە و چاپکراوە.
ئەم شاعیر و ڕووناکبیرە ناسراوەی کورد لە 2ی تشرینی دووەمی 1986 لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی تایبەتیی خانەوادەی حەیدەری لە شاری هەولێر بەخاک سپێردراوە.[1]