ناوی یونسی کوڕی مەلا ڕەئوفی کوڕی مەحمودی کوڕی مەلا سەعدی خادم ئەلسجادەیه. لە ڕۆژی #20-02-1918#دا لە شاری #کۆیە# هاتۆتە ژیانەوه.
لەبەرئەوەی ئەم وڵاتە لەژێردەستی تورکەکاندا دەیناڵاند و میری نەخۆشەکەی تورکیاش، بەهۆی ئەوەوە لە شەڕی یەکەمدا شکابوو و تەواو پەرێشان و کەنەفت بوو، گرانی و قاتوقڕی و نەخۆشی و بێدەرەتانی، وەک هەموو وڵاتێکی گیرۆدەی دەستی شەڕ و وێرانی، ئەم کوردستانەشی ئابڵۆقەدابوو.
ئێستەش چیرۆکی سامناکی شەڕی سەفەربەرلک و ئاوارەیی و کوشتن و تاڵان و بڕۆ و بێگار و سەرانە و لافاوی نەخۆشی و کارەساتی ڕۆژانەی ژەندرمەکان و لەبرسانا بەکۆمەڵ مردن و نرکەو ناڵەی منداڵ و ئافرەت و پیری لێقەوماو و بێدەرەتان بەسەر دەمی هەموو ئەو پیرانەوەیە کەدڵ و زمانیان بەئاگری ئەو شەڕەبرژاوە و خۆیشیان نازانن چۆن ماون و بۆچی لەو کاروانی مردن و کۆچکردنە دابڕاون و ڕێگایان هەڵەکردوه... هتد.
لەو گێژاوە سەختەدا دڵدار سەری هەڵداوە و هاتۆتە جیهانەوه. باوکی فەرمانبەرێکی بچووک بووە و لەتاو هەژاری و نەبوونی و گەڕان بەشوێن پاروە نانێکی ژیان و گوزەریدا، خێزانەکەیان زۆر تاڵ و سوێری و سارد و گەرمی چەشتوه، پاش ماوەیەک باوکی دەکەن بەفەرمانبەری سەرژمێری #ڕانیە# و لە تەمەنی دە ساڵیدا دڵدار دەخرێتە قوتابخانەوەو پۆلی یەک و دووی سەرەتایی لەرانیەتەواوکردوه.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/401/0003.JPG=KTML_Photo_Alt=دڵدار=KTML_Style=width:20%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/401/0003.JPG=KTML_Photo_End=
دڵدار لەبارەی ژیانی ڕانیەوە دەڵێت: هەرچەند ڕۆژێکی چاک و چوار ڕۆژانیش نەخۆش بووم، سەرەڕای ئەوەش ڕانیەم هەر لەلا خۆش بوو، بەتایبەتی سەوداسەری قوللەبووم. هەر کاتێک چاک بووبامایەوه، مەلەم لەڕووبارەکەو لەبن دار بییەکان ڕاوە چۆلەکەم دەکرد.
دوای ماوەیەکی کەم باوکی لەسەر فەرمانەکەی لادەبەن و ناچار بەماڵەوە دەگەڕێنەوە بۆ کۆیە و خوێندنی سەرەتایی لە کۆیە تەواو دەکات. لەبارەی خولیای هۆنراوەی و چێژ لێ وەرگرتنی خۆیەوە دەڵێت: هێشتا لە قوتابخانەی سەرەتاییدا بووم، کە دیوانی #حاجی قادری کۆیی#م زۆرتری لەبەر کردبوو، هەمیشە بەوردی سەرنجم لە هەڵبەستەکانی عەونی و ڕاجی و عاسی و حسێنی و هیرانی دەدا و لەبەریشم دەکردن، بەوانەش دابین نەبووم هەڵبەستی هەرکەسێکم دەستبکەوتایە دەمنووسیەوە و لەبەریشم دەکردن. بەتایبەتی هەڵبەستی #وەفایی#، #کوردی#، #بێکەس# و #پێرەمێرد#م زۆر لەبەرکردن و هەر لەو ساڵەدا هەستم بەوەدەکرد، کە چێژ لە هەڵبەست وەرگرم و زۆر گیرۆدەی بووم.
لە 1935دا لە پۆلی یەکی ناوەندیدا بووم، کە دیوانی '#نالی#'م زۆر بەوردی خوێندەوه، هەڵبەستەجوانەکانی 'نالی' لەگەڵ هەڵبەستە ئاگرینەکانی حاجی قادری لەسەر پێشەوایەتی وێژەی لە مێشکمدا شەڕیان بوو. ئەو کێشەکێشە دەرگای هونەری شاعیری لێکردمەوه، زۆر کەڵکەڵەی وام لەکەلەدا بوو حەزم دەکرد لەبۆتەی هەڵبەستەدا دایڕیژم. ئەوجا بەناو خەڵکیاندا بڵاوبکەمەوەو ئیتر هەر خۆم تاقیکردەوه.
دڵدار، یەکەمین هۆنراوەی لە ساڵی 1935دا داناوە و لەژمارەی 2ی ساڵی 1935دا لە گۆڤاری ڕووناکیدا بڵاوکردۆتەوه.
لە ساڵی 1940دا لە شاری #کەرکووک# قۆناغی دواناوەندی تەواو دەکات و ئینجا ڕوو دەکات بەغدا و چووەتە کۆلێژی یاسا و ساڵی 1945 بڕوانامەی کۆلیژی یاسایی وەردەگرێت و دەبێتەپارێزەر.
لە تەمەنی سی ساڵیدا بەژەهراویبوون لە 1948-11-12دا لە شاری #هەولێر# کۆچی دواییکرد و سەری جوانەمەرگی نایەوه.
وەک دیارە زۆر خولیای زانین و بەتایبەتی فەلسەفە بووه، ئەم یادگارانەشی بۆ بەجێهێشتووین:
1- فی طریقی الی معرفة الحقائق انتقادات الی قلب البهائیین
2- وتارێک دەربارەی عومەری خەییام
3- زمانی کوردی و ئەدەبیات
4- نارکۆزی کۆمەڵایەتیمان
5- اقتصادنا الوطنی
6- بیرەوەرییەکانی یونس ڕەئوف دڵدار
تێبینی: وێنەکەی دڵدار لەلایەن کاک #سۆران# کارباسیانەوە ساغکراوەتەوە و پێشکەشی کوردیپێدیا کراوە.