=KTML_Bold=منیش وەک خاتوونەکەی ڕۆژاوا بەرازم!=KTML_End=
ڕۆژانێکی سەختە! مرۆ نازانێت خەم لە چ لایەکی وڵات بخوات! ڕۆژهەڵات لە گڕگرتندایە و ڕۆژاواش لەژێر ئاگر و ئاسنی چەتە ئیسلامییە عەرەبەکان.
باری دەروونیی زۆرمان بەهۆی ئەو بوویەرانەوە بەتەواوەتی تێکچووە. لەنێوان سکرینی تەلەڤزیۆن و مۆبایڵەکانمان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تێداماوین و هیوا خوازین لێرە و لەوێ هەواڵێکی باش لە ڕۆژهەڵات یان سەرکەوتنێکی #شەڕڤان#انمان لە ڕۆژاوا و حەڵەبی کوردان دەستبکەوێت.
ئەوەی زۆرتر باری دەروونیی منی تێکدا بەدیلگرتنی ئەو کچە شەڕڤانە بوو لەلایەن ئەو چەتە ئیسلامییە عەرەبەوە! جارێک فیلمەکەم لە فەیسبووک کەوتە بەرچاو و ئیدی ببڕای ببڕ سەیری ناکەمەوە.
چەتە ئیسلامییە عەرەبەکان سووکایەتییان پێی دەکرد یەک جنێوی پێی دەدا و یەکیش پرچەکانی ڕادەکێشا! خاتوونەکەی ئێمەش تووشی شۆک ببوو! دەترسا و حەپەسابوو! نەیدەزانی مۆتەکەی خەونە یان ڕاستییە. بەڵام هەرزوو لەوە تێگەییشت کە بەداخەوە ڕاستییە و کەوتووەتە ناوبەناو مرۆڤانێک کە مێشکیان هیی چواردە سەدە لەمەوبەرە.
یەکیان زووزوو هاواری بەسەریدا دەکرد و دەیوت (یا خەنزیرە). خەنزیرە بە زمانی چەتە ئیسلامییە عەرەبەکان واتە مالۆس. مالۆس مێچکەی بەرازە.
ئەو چەتە ئیسلامییە عەرەبە، بە تێگەییشتنی خۆی کە بە خانمەکەی ئێمەی دەوت مالۆس! سووکایەتیی پێدەکات، نەیدەزانی بەراز چییە و چ خزمەتێکی بە ژینگە و مرۆڤایەتی کردووە!
بەراز، بەهۆی زۆریی زاوزێ و ئاسانیی پەروەردەکردنییەوە زۆرترین خزمەتی بە مرۆڤایەتی گەیاندووە! بەراز نەبووایە نیوەی زۆری مرۆڤایەتی بێ گۆشت دەمانەوە. لەوانە بوو زۆرێک لە مرۆڤایەتی لە هەندێک کات و باردا لە برسا بمردبان.
زۆرترین بەرهەمی پێست لە جیهاندا و بەدرێژایی مێژوو لە بەرازەوەیە. لەوانەیە ئەو چەتە ئیسلامییە عەرەبەی کە سووکایەتیی بە خاتوونەکەی ئێمە دەکرد، پشتووێنەکەی پشتی و ڕەخت و پێڵاوەکەی پێشی هەر لە پێستی بەرازەوە بێت.
زۆرترین بەرهەمەکانی هێلم و کەتیرە لە بەرازەوەیە! پۆشاک و ڕەخت و کەلوپەلەکانی تری ئەو چەتە ئیسلامییە عەرەبە، زۆرێک لەو هێلم کەتیرانەی تێدا بەکارهێنراوە کە بە خاتوونەکەی ئێمەی دەوت یا خەنزیرە.
زۆرێک لە بەرهەمەکانی ئەنسۆلین کە چارەسەرن بۆ نەخۆشیی شەکرە لە بەرازەوەن. کێ دەڵێت ئەو چەتە ئیسلامییە عەرەبە یان کەسانی نزیکی نەخۆشیی شەکرەیان نییە و ئەنسۆلینی خەنزیرە بەکاردێنن!
زۆرترین بۆریچکەی دەستکردی دڵ و چاندنی ئەندامەکان بۆ لەشی مرۆڤی نەخۆش لە بەرازەوەن. ناکرێت یەک لە ئەندامان یان کەسەکانی ئەو چەتە عەرەبە ئیسلامییە بۆریچکەیەکی بەرازی بۆ دڵی دانەنرابێت!
دیارە باسی سوودەکانی بەرازە کێوی ناکەم کە چەند خزمەتی پێشمەرگە و شۆڕشگێڕانی جیهانی کردووە، کە لە بێخواردنی و ڕۆژە سەختەکاندا فریادڕەسیان بوون! تەنانەت بۆ چەتە ئیسلامییەکانی #داعش# و عەرەبەکانی سووریاش ئەو سەردەمانەی خۆیاندەشاردەوە هەر ئەم بەرازە بووە کە بە زیندوویەتی هێشتوونییەوە!
ئەمە ئەو زانیارییە گشتییانەن کە من لەسەر بەراز تا ئێستا زانیومن!
دڵنیام سوودی زۆرزۆرتری بۆ مرۆڤایەتی هەیە بۆیە لێرەوە سەیری زیرەکیی دەستکرد دەکەم و سوودەکانی تری بەرازتان بۆ دەگوێزمەوە. بە گەڕانێکی سادە جگە لەوانەی سەرەوە باسمکردن، ئەمانەش هەن:
کۆلاجینی پێستی بەراز لە چاکبوونەوەی برین و سووتاوی و نەشتەرگەریی جوانکاریدا بەکاردێت. جەلاتین لە ئێسک و پێستی بەرازەوە دێت و زۆر پێویستە لە کەپسولەکاندا بۆ دەرمان و ڤاکسین، واتە هەموو ئەو کەپسولانەی ئێمە دەیانخۆین لە بەرازەوەیە. بەبێ ئەم ماددانە زۆرێک لە بەرهەمە پزیشکییەکان بوونیان نەدەبوو. ئەو چەتە عەرەبە ئیسلامییە بەم نزیکانە دەکەوێتە بەر ئاگری شەڕڤانان و کۆلاجینی پێستی بەرازی بۆ بەکاردێت بۆ چاکبوونەوەی.
توێژەران کار لەسەر چاندنی زۆرتری ئۆرگانەکانی بەراز بۆ مرۆڤ دەکەن. بەراز بۆ ئەم مەبەستە لە هەموو ئاژەڵەکانی تر گونجاوترە، چونکە ئەندامەکانی لە قەبارە و کارکردندا زۆر لە ئەندامەکانی مرۆڤ دەچن. ئەمەش دەتوانێت لە داهاتوودا کەمیی ئەندامی بەخشەر چارەسەر بکات.
هیپارین کە مادەیەکی ڕوونکەرەوەی خوێنە و زۆر گرنگە بۆ نەشتەرگەری، زۆر جار لە ڕیخۆڵەکانی بەرازەوە دەردەهێنرێت. بەبێ ئەم مادەیە، زۆرێک لە نەشتەرگەرییەکان مەترسیدارتر دەبوون. لەوانەیە ئەو چەتە ئیسلامییە عەرەبە لە ڕۆژانی داهاتوودا بکەوێتە بەر دەستڕێژی شەرڤانێکی تری کچ و بۆ چارەسەرکردنی هیپارین بەکاربهێنرێت!
دیسان جەلاتینی بەرهەمەکانی بەراز لە شیرینی و تەنانەت هەندێک خواردنەوەشدا هەیە. دڵنیام ئەو شیرینییە حەڵەبییەی کە چەتە ئیسلامییە عەرەبەکان شانازیی پێوەدەکەن، تژییە لە جەلاتینی بەراز و ئەو خواردنەوە گازی و وزەبەخشانەشی کە دەیخۆنەوە هەر جەلاتینی بەرازی تێدایە.
گلیسرین، مادەیەکی چەورە و لە بەرازەوە دێت کە بۆ کەرەستەی جوانکاری و شێداری و نەرمی پێست بەکاردێت و هەر چوار ژن و خوشک و دایک و کچی ئەو چەتە ئیسلامییە عەرەبە بەکاری دێنن بۆ ئاراییشت.
هەمان ئەم گلیسرینە لە هەویری ددان و سابووندا هەیە و بەبێ ئەم پێکهاتەیە ئەو بەرهەمانە نەرمکەر نابن و ئەو کواڵیتیییەیان نابێت. بەڵام کە ئەو چەتە عەرەبە ئیسلامییانە دەبینم، لەوە ناچێت ڕۆشنبیرییەکی واهییان ببێت و هەویری ددان و سابوون بەکاربهێنن.
هیچ بۆیە و ڕەنگێک نییە جەلاتینی بەرازی تێدا بەکار نەهێنرابێت، بۆیەی پۆشاک، خانووبەرە، ئوتۆمبیل و پرچ و زۆری تر!
بەراز، ئاژەڵێکی ئاسایی نییە، زۆر دەبەخشێتە مرۆڤایەتی و چەتە ئیسلامییە عەرەبەکانیش بەداخەوە بەشێکی زۆر خراپی مرۆڤایەتین. هەر بۆیە دەبێت ڕێزێکی تایبەتیی لێ بگیرێت و لەبەردەم هەموو نەخۆشخانەکان و ساڵۆنی جوانکارییەکان پەیکەری بۆ درووستبکرێت.
ڕێزگرتن لە بەراز واتە ڕێزگرتن لە ژیان.
منیش وەک ڕێزێک بۆ ئەو خاتوونە دیلەی هاوزمانم و هەموو ئەو بەرهەمە گرنگانەی بەڕێز بەراز پێشکەشمانی دەکات، بەشانازییەوە بەرازم. [1]
#هاوڕێ باخەوان#
#10-01-2026#
لاهای - هۆڵندا