ئامارێکی ترسناک بۆ برایەتیی درۆییەنەی گەلان!
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، هاوکارانم و خۆم لە #ڕێکخراوی کوردیپێدیا# بە بێ جیاوازیی لایەن و بەشەکانی کوردستان، شانبەشانی کارەکانی ترمان، خەریکی تۆمارکردن و ئەرشیڤکردنی شەهیدانی کوردستانین.
ژمارەکان بەداخەوە زۆرزۆرە و تاوەکوو ئێستا (22-01-2026) نزیکەی 26 هەزار شەهیدمان تۆمار کردووە!. شەهیدەکان وەک وتم سەربە هەموو لایەنەکانە و لە هەموو بەشەکانی کوردستانەوەن.
تۆماری شەهیدەکان بریتین لە ناوەکانیان، شوێن و ڕێکەوتی لەدایکبوون و شەهیدبوون، لایەنی پەیوەندیداریان، کورتەیەک لە ژیانیان، وێنە و فیلم و بەڵگەنامە ئەگەر بوو پێیانەوە پەیوەست دەکەین.
تا ئێرە ئەم قوربانییانە لەوانەیە بۆ ڕزگارکردنی کوردستان و پێکهێنانی ژیانێکی شاییستە بۆ مرۆڤی کورد ئاسایی بێت. دیارە ئەو 26 هەزار شەهیدە هەموو ئەوانە نین کە لە پێناوی ڕزگاریی کوردستاندا شەهیدبوون و ئێمە بەردەوام خەریکی کۆکردنەوە و ئەرشیڤکردنیانین. واتە ژمارەکە هەر لە هەڵکشاندایە.
=KTML_Bold=بەڵام ئەوەی کە ئاسایی نییە! لەو 26 هەزار شەهیدە، درووست =KTML_Red=483=KTML_End= کوڕ و کچیان کە سەربە #یەپەگە# و #یەپەژە#ن و ئێمە لە میدیاکانی ئەوانەوە وەرمانگرتوون، 53یان کچن و ئەوانی تر کوڕ، لەناو هەردوو شاری ڕەققە و دێرەزوور شەهیدبوون! دیارە ئەمانە هەموویان نین و زۆریان پاش ماوەیەکی زۆر شەهیدبوونیان ڕادەگەیەنن. ئەمە فاکتە، فاکتێکی سەیر! بەکوشتدانی ئەو #شەڕڤان#انە لە دەرەوەی کوردستان هەر دەبێت بە مەبەستەوە کرابێت، وەک پاڵپشتێک بۆ ئایدۆلۆژیا و درووشمێکی چەوت.=KTML_End=
ئەو ئامارە ژمارەی بریندار و کەنەفتەکانی تێدا نییە کە بە هەزاران مەزەندە دەکرێت.
دیارە ڕەققە و دێرەزوور دوو لە گەورەترین پارێزگاکانی داگیرکەری سووریان و ژمارەیەکی زۆر شارۆچکە، شارەدێ و گوندەواریان هەن و زۆری تر لەو شەهیدانە لەو ناوچانەدا شەهید بوون و لە دەرەوەی ئەم ئامارەن. ئەگەر بە تەواوەتی ڕۆبچینە ناو داتابانکی کوردیپێدیاوە و بزانین کام شارۆچکە یان گوند و ناوچە سەر بەو دوو شارەن و شوێنی شەهیدبوونی شەڕڤانەکانی ئێمەن، ئەوا ئامارەکە ترسناکتر و زۆرتر دەبێت و لەو ژمارەیەوە سەردەکەوێت بۆ هەزار زۆرتر یان هەزاران.
هەڵبەت لە مانگی 1ی 2026ەوە سەدانی تر لە بەرگریی ئەو دوو شارەدا شەهیدبوون ئەمە ئەگەر هیوادارم زۆرتر نەبێت، ئەوانە جارێ لە دەرەوەی ئەم ئامارەن و گەر ئەوانیان بچنەسەر ئەوا ئامارەکە زۆر گەورەتر و ترسناکتر دەبێت.
هیوادارم پڕۆفایلی ئەو شەهیدانەشمان دەستبکەوێت و لە داهاتوودا تۆمارێکی درووستتر بۆ بەدرۆخستنەوەی درووشمی برایەتیی گەلان درووستبکەین.
پرسیاری من لەوەدایە؛ ئایا گرتن و بەرگریکردن لەو دوو شارە عەرەبییە بۆ ئێمە بەرانبەر خوێنی تەنانەت یەک شەڕڤانیش بوو؟! یان دەمانویست بە بەکوشتدانی ئەو کوڕ و کچانەی ئێمە زۆرتر ڕەوایەتیمان بەو درۆ گەورەیە بدایە کە دەڵێت گەلان برای ئێمەن، عەرەب برای ئێمەن!
دەپرسم بۆچی جەرگی باوانی ئەو 483 شەهیدە سووتێنرا! ئەوانە خاوەنی هەزاران خوشک و برا و پسمام و دۆتمامن، خاوەنی هەزاران هاوڕێ و خۆشەویستن و ناتوانن تا دەیان ساڵ لەبیریان بکەن.
تکایە چی دی کوڕان و کچانی ئێمە بۆ درووشمی درۆییەنەی برایەتیی گەلان بەکوشت مەدەن. خاکی خۆمان لە پێشترە، مرۆڤی خۆمان ژێردەستترە، ژن و ژیان و ئازادیی خۆمان گرنگترە.
هیچ گەلێک برای گەلێکی تر نییە، هیچ گەلێکیش دۆستی تاسەری گەلێکی تر نییە! ئەوەی کە دۆستایەتی دەهێڵێتەوە تەنیاوتەنیا بەرژەوەندیی هاوبەش و قبوڵکردنی یەکدییە وەک نەتەوە و سنوور و زمان و کلتوور. [1]
#هاوڕێ باخەوان#
22-01-2026
لاهای - هۆڵندا