مەلایەکی واهیم دەوێ!
زۆر جار وتوومە، هەموو مەلاکانی ئەم دەیان ساڵەی ڕابردوومان هێندەی دێڕە شیعرێکی نالی و خانی و وەفایی خزمەتیان بە ئێمە نەکردووە. کەسیان نابنە خاکی بەرپێی مەلای جزیری. کەسیان وێنەی ئەوان بە کردەوە و تێکستەکانیان هەستی نەتەوەیی ئێمەیان بەگوڕ نەخستووە، کەسیان وێنەی ئەوان دەروونی ئێمەیان بە شیعرەکانیان لە داخ و کەسەری تورک و فارس و ئەعراب ئارام نەکردووە.. کەسیشیان وێنەی یەک تاکە دێڕی ئەوان نەبوونەتە ئافراندنی ئاوازێک بۆ گۆرانییەک کە ئێمەی ئاسوودە کردبێت و ڕۆژانە نەستانە بیڵێینەوە.
لەمەدا دادپەروەرم چونکە کەمیانم بینی تەنانەت جلی کوردیش لەبەربکەن! پێشتر مەلاکان لەژێر کەواکەیانەوە جلی کوردییان لەبەردەکرد و مێزەرێکیان دەکردە سەریان. کەم و زۆر شتێکی کوردەواری بە ڕووخساریانەوە مابوو. لێ ئێستە کردوویانەتە دزداشە و زۆریان هەروەک سەلەفییە وەهابییەکانی عەرەبستانی سعودیە عەگال-ئاسا پەڕۆیەکی سپی دەدەن بەسەریاندا پێشەکەی وەک داڵ تیژدەکەنەوە و عەبایەکی عەرەبیش بە کۆڵێک سوورمە و توورمەوە دەدەن بە شانیاندا.
زۆریان ڕانکەکانیان کردووەتە سێ چارەک! و میزاجی کوردەوارییان بە شێوەیەک تێکداوە کە دینیان کردووم.
بە جۆرێک یەک لەو مەلایانە لە وڵاتێکی عەرەبیدا ببینیت هەر نازانیت کە ئەمە هاوزمانی تۆیە!
ئەگەرچی بۆ من ڕوواڵەت لە ناواخن و بیرکردنەوە و خزمەتی ئەو مەلایانە گرنگتر نییە، بەڵام کەمیانم بینی مشەخۆر نەبن. بۆ بژێویی ژیانیان عەرەق بکەنەوە و نانی ڕۆژانەیان پەیدا بکەن، کار بکەن کار!
کە دەڵێم مشەخۆر لەمەشدا دادپەروەرم، چونکە کابرا بێ ئەوەی کار بکات، جوانترین و نوێترین پۆشاکی لەبەردایە. باشترین ئۆتۆمۆبیل دەهاژوێ! هەندێک لەو مەلایانە ئۆتۆمبیلی زرێپۆشیان هەیە. ئیدی جوانترین ژن یان ژنان و خۆشترین خواردن و هەر ژەمێک لە ماڵێک ئەوە بووەتە گاڵتەوگەپی زۆر کەس! تەنانەت خودی نوێژکەرانیش!
واز لە لایەنە فەلسەفی و لاهوتییەکە دەهێنم کە من بۆ پەرستن و خودای خۆم پێویستم بە کەس نییە و مەلام هەر ناوێت! ئەوە کارێکی خودی و تایبەتیی نێوان خۆم و خودای خۆمە و پێویستم نە بە مەلا فڵان هەیە و نە بە مەلا فیسار!
ئەوەی من لێرەدا دەمەوێت بیڵێم کە مرۆڤەکان دەبێت لایەنێکی باشەیان بۆ دەوروبەر و نەتەوە و ژینگەکەیان هەبێت.
کەم لەو مەلایانەم بینی بەردێکیان خستبێتە سەر بەردێکی وڵاتەکەمان، هاوارێک بن دژی دوژمنانمان لە ڕۆژانی نەهاتدا.
من ئەو لەشکرە مەلایەم بۆ چییە کە بە هەموویان نەتوانن دێڕێکی وەک #نالی#:
تەبعی شەککەرباری من، کوردی ئەگەر ئینشا دەکا
ئیمتیحانی خۆیە مەقسوودی، لە عەمدەن وا دەکا
بنووسن! بە دۆست و نەیارمان بڵێت ئێمەش زمانمان هەیە و لە تەبعیدا وەک شەککەرە!
دیسان مەلایەکی وەک نالی-م دەوێت خوداپەرستییەکەی وەک مەلاکانی جاران بێت. شانبەشانی مزگەوت و خوداپەرستی باسێکی زوڵف و ڕووخسارم بۆ بکات. خەو بە شاعیرێکەوە ببینێت و شاکارێکم بۆ تۆمار بکات.
یا کۆمەڵە زیوی بوخەلا دوور لە سەخا بێ
موغلەق بە بەخیلی، بە مەسەل مشتی مەلا بێ
#مەلای جزیری#م دەوێت (ئەڵڵا تەعالا) لەگەڵ شاکاری (سەباحولخەیری یا خانم)م بۆ تێکەڵکێش بکات بە بەژن و باڵای یارەوە و ئەو شاکارە عیرفانی و دڵدارییەم بۆ بئافرێنێت.
ل دیدارا تە حەیرانم، «صَباحُ الْخير يا خانم»
وەرە بیناهییا چەهڤان، ببینم بەژن و بالایێ
مەلایەکم دەوێت وەک #سالم#، باسی شومێتیی تورکم بۆ بکات کە چۆن زیان بە گۆڕستانەکانیش دەگەیەنن.
زستانی ئەووەڵین بوو دڕا بەرگی شێخەباس
ڕۆمی ئەوەندە شوومە لە شەخسیش دەدا زەرەر!
مەلایەکی واهیم دەوێت، وەک مەلاکانی پێشتر سەرباری مزگەوت و وتاردان، گەنجینەیەکی کوردەواریی وەک ڕشتەی مرواریم بۆ کۆبکاتەوە.
مەلایەکی واهیم دەوێت، دەیان ساڵ لەگەڵ هاوزمانانیدا خۆی و ڕەخت و بڕنەوەکەی بۆ ئازادیی وڵاتەکەم تێبکۆشێت.
مەلایەکم دەوێت وەک #مەلای گەورە#ی کۆیە، جیاوازیی نێوان کوڕ و کچ نەکات و وانەی نەتەوەیی بە فەقێکانی بڵێتەوە:
ئێوە بێ قەدر و قیمەت بێ عەسکەر و بێ عەلەم
بێ تاج و تەخت و دەوڵەت، لەژێر دەستی کوللی عالەم
چ لە مەلایەک بکەم کە ژەهری کتێبەکانی سەید قوتب و ئیبن تەیمییە و مەودودی دەخەنە مێشکی گەنجەکانمانەوە.
چ لە مەلایەک بکەم ژنی وەک لەلا ناقیس و ئەقڵ بێت و بە مرۆڤیان نەزانێت و دەبێت هەر لە خزمەتی پیاواندا بن.
چ لە مەلایەک بکەم تیرۆرستانی عەرەبی لەلا فریشتە بن و فریشتەکانی ئێمەشی لەلا کافر و زندیق!
مەلایەکم دەوێت وەک مەلا ڕەحیمی وەفایی و مەلای جزیری کە شیعرەکانیان ئەوەندە جوانن زۆریان کرابێتنە گۆرانی و دەروونمان ئارام بکەنەوە.
مەلا گوروون-ی شاری #سلێمانی#-م دەوێت کە بەدەستی داگیرکەری ئێراقی عەرەب شەهید بوو.
خەزنەویم دەوێت، #شەڕڤان# لە کوێ بێت، ئەو لەوێ وتاری ئاگرین دەدات. لەگەڵ خەم و ئازاری تەواوی کوردە لە هەر کوێیەک بن.
مەلایەکم ناوێ بەئاشکرا مووچەی ئێران و تورکەکان وەربگرێت و وانەی سەربڕین بە خوێندکارە داماوەکانی بڵێتەوە و ڕەوانەی بەرەی نوسرە و #داعش# و هەیئەی تەحریری شامیان بکات.
چ لە مەلای ئیخوانی بکەم کە هەمیشە لە بەرەی دژە کورددایە و بۆ یەکجار تاکە وشەیەکی بە بەرژەوەندیی نەتەوەکەیدا بەدەم نەهاتووە. هەمیشە پۆشەری هێرشەکانی تورک و ئەعراب و فارسە لە دژمان.
مەلایەکم دەوێت ڕێزی خۆی و نەتەوەکەی بگرێ نەک بە زۆر لەسەر مینبەر بیهێننە خوارەوە.
مەلایەکم دەوێت وەک #قانع# هەردەم لە ڕیزی چەوساوەکانی نەتەوەکەی بێ، شیعریان بۆ بنووسێت و ئاڕاستەیان بکات! پێیان بڵێت:
با هەموو جووتیار و پاڵە و ڕەنجدەران
یەکگرن تا دەبنە هێز و پشتیوان
مەخابن لەو هەموو مەلایەی ئێستا جگە لە نامەلا، مەلایانێکی زۆر کەم دەبینم.
لە خۆڕا نەوتراوە: مەلای نامەلا![1]
#هاوڕێ باخەوان#
17-01-2026
لاهای - هۆڵندا