کاکەی فەلاح نازناوی شاعیری خەبات و ڕاپەڕین و ڕۆژنامەنووسی لێهاتووی کورد حەمە حەمەئەمین کوڕی قادره. لە ڕۆژی #1990-10-09#دا لە تەمەنی 62 ساڵیدا لە شاری #سلێمانی# کۆچی دوایی کرد.
کاکەی فەلاح لە ساڵی 1928دا لە چوارتا (شارباژێڕ) ی سەربە پارێزگای سلێمانی چاوی بەژیان هەڵهێناوە و لە خێزانێکی هەژاردا پەروەردەبووە و خوێندنی سەرەتایی لە شارەکەی خۆی و ناوەندیی لە سلێمانی تەواوکردووە. چووەتە پاڵ پارتی کۆمنیستی و خەباتی چینایەتی کردووە و هۆنراوەی نیشتمانی داناوە و لەسەر هەڵوێستی ڕامیاری چەند گیراوە و ئەشکەنجە دراوه، بەڵام کۆڵی نەداوەو هەر بەردەوام بووە لەسەر بیروباوەڕی شۆڕشگێڕی خۆی.
ئەم شاعیرە بەهرەدارە بە هۆنراوەی ڕامیاری هاتۆتە گۆڕەپانی وێژەی کوردی و هەوڵی داوە بە وشەی سووک و سادە واتای قووڵ و جوان پێکەوەبنێ و بیخاتەسەر کێشی سووکی خۆماڵی و پشت لەکێشی کۆن بکات و تا لە گۆڕەپانی خەباتی ڕامیاری پتر دەچووە پێشەوه، هۆنراوەکانی پڕ خۆشتر دەبوون و چاکتر دەبوونە زمانحاڵی میللەتەکەی لەو کاتەی، کە لەسەر بەشداریکردنی لە ڕاپەڕینەکەی کانوونی دووەمی 1948ی گەلانی ئێراق بەساڵ و نیوێک سزادرا و لە ناسریە و #ئەبوغرێب# سزاکەی بەسەر دەبات.
دوای تەواوبوونی سزاکەی دەگەڕێتەوە سلێمانی و خەباتی نهێنی دەکات تاکوو لە ئەنجامدا دەکەوێتە دەست پیاوانی ڕژێمی پادشایەتییەوە بە 5 ساڵ بەندی 3 ساڵ دەست بەسەر فەرمانی دەدرێ و دوای تەواوکردنی سزاکەی دێتەوە سلێمانی.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/86/0005.JPG=KTML_Photo_Alt=کاکەی فەلاح=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/86/0005.JPG=KTML_Photo_End=
شاعیر خاوەنی بیروباوەڕێکی پتەو بووه، هەرچەند دوژمنانی ویستوویانە بە زەبرو زەنگ لە ڕێگای لابدەن، کەچی بێ هوودەبووه. جگە لە تێکۆشانی شۆشڕشگێڕی و هۆنراوە و وێژە ئەم مرۆڤە گەورەیە کارێکی بەنرخی لە ڕۆژنامەگەری کوردیدا کردووە بە دەرچوواندنەوەی ڕۆژنامەی ژینی، کە کاتی خۆی پیرەمێرد لە ساڵی 1939وە تاکوو ڕۆژی کۆچی دوایی لە 1950-06-19 دەری دەچواند، دوای ئەوی ئەویش ماوەیەک مامۆستا گۆران و ئەحمەد زرنگ سەرپەرشتیان دەکرد. ئەم وێژەناسە بەتوانایە ئەو ڕۆژنامەیەی لە10ی کانوونی یەکەمی 1970 دەرچوواندەوه.
کاکەی فەلاح وێژەناسێکی خامەڕەنگینی بەرهەم زۆربوو، لە ماوەی ژینی دا گەلێک پەرتووکی بەنرخی بەچاپ گەیاند لەوانە:
1. دوو کۆمەڵە هۆنراوەی منداڵان بەناوی چرۆ و سروود ساڵی 1966 و 1968
2. لەگەڵ شەپۆلەکانی دیوانێکی هۆنراوە لە ساڵی 1967دا چاپکراوه.
3. ئۆدیبی پاشا - وەرگێڕانە لە عەرەبییەوە- لە ساڵی 1978 چاپکراوه.
4. دیوانی کاکەی فەلاح - بەغدا- ساڵی 1980 چاپکراوە و بەپێشەکی دکتۆر عیزەدین مستەفایه
5. کاروانی هۆنراوەی نوێی کوردی - بەرگی یەکەم لە ساڵی 1979 و بەرگی دووەم لە1980
6. چۆلەکەی پاساری - سلێمانی لە ساڵی 1983دا چاپکراوه
لە دوای کۆچی دوایی شاعیریش دیوانێکی نوێی کاکەی فەلاح لە ساڵی 2004 بەچاپ گەیەنراوەو لەکۆکردنەوە و ئامادەکردنی بنەماڵەکەیەتی.[1]