ناو: خالید
نازناو: خالید ئاغای حیسامی -هێدی
ناوی باوک: حاجی محەمەد ئاغای موکری
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #شێخان#ی شاری #بۆکان#
ساڵی لەدایکبوون: 1927
شوێنی کۆچی دوایی: شاری #هەولێر#
ڕێکەوتی کۆچی دوایی: #27-10-2016#
خالید ئاغای حیسامی کوڕی حاجی محەمەد ئاغای موکری ساڵی 1306ی ھەتاوی (1927) لە ئاوایی شێخاڵی سەربە بۆکان لە دایک بووە. باوکی شاعیری نوێخواز #ناسری حیسامی#یە، نازناوی بنەماڵەکەی (حیسامی)یە، لە عەشیرەتی دێبوکرین. ھەر لەو ئاوایییەش کە موڵکی باوکی بووە دەستی بە خوێندن کردووە لای مامۆستای تایبەتی. ساڵی 1945 پەیوەندی بە #کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان# کردووە و دواتر لە سەردەمی کۆماردا وەک پێشمەرگە و شاعیرێک چالاک بووە و بە نازناوی (شێواو) لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمەدا بەرھەمی بڵاو کردووەتەوە. پاش ڕووخانی کۆمار ڕووی لە #باشووری کوردستان# کردووە، ڕەگەڵ شۆڕشی ئەیلوول کەوتووە و لەوێش ھەم وەکوو پێشمەرگە و ھەمیش لە بەشی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی و ڕادیۆی دەنگی کوردستاندا چالاکی نواندووە. ھێدی لەلای #مەلا مستەفا بارزانی# ڕێزێکی زۆری ھەبووە بۆ یەکەمین جار لە ساڵی (1945) لە شاری #مەھاباد# مەلا مستەفا بارزانی ناسیوە و ئاشنایەتی لەگەڵ پەیدا کردووە.
لە دوای ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی 1961 چووەتەوە ناو شۆڕش و بۆ دووەمین جار چاوی بە بارزانی کەوتووەتە. لەسەر دەستی ئەو بووە بە خەباتگێڕی چەکدار لەناو شۆڕشدا. ماوەیەک لە #ڕانیە# و #سەنگەسەر# و #قەڵادزێ# ژیانی پێشمەرگەیی بردووەتە سەر. لە ماوەی گفتوگۆکەی نێوان شۆڕشی کورد و دەسەڵاتی #عەبدولڕەحمان عارف# لە #بەغدا#، لەلایەن شۆڕشەوە کراوە بە قایمقامی قەڵادزێ، لە پاشاندا گواستراوەتەوە ڕانیە، ماوەیەکیش لە ڕادیۆی (دەنگی کوردستانانی ئێراق)دا کاری کردووە. لە دوای وەستانی ڕادیۆ گواستراوەتەوە ناوچەی #باڵەکایەتی#، چاپخانەی شۆڕشی لێ بووە و کاری لە جاپکردنی ڕۆژنامەی خەباتدا کردووە.
لە دوای بەیاننامەی 11ی ئازاری 1970 گەشتی بەغدای ھەبووە، دکتۆر حەسەن حیسامی برای کە لە ئەڵمانیا دەژیا ھاتبووە بەغدا پێکەوە چوونەوە ئەڵمانیا. لەوێوە ڕووی کردە سوید، پاشان گەڕاوە کوردستان.
لەگەڵ کۆتایی شۆڕشی ئەیلوول گەڕاوەتەوە ئێران.پێشنیاری بۆ کرا لە ڕادیۆی کرا لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی بەشی کوردی #تاران# کار بکات، بەینێک کاری کردووە و پاشان بەجێی ھێشتووە. لەو ماوەیەدا پەیوەندی لەگەڵ بارزانییەکان ھەبووە تا ڕاپەڕینی 1991 و لەگەڵ ئەواندا گەڕاوەتەوە ئێراق.
=KTML_Bold=مردن=KTML_End=
خالید حیسامی تا کۆتایی ژیانی لە ھەولێر نیشتەجێ بووە. لە ئاکامدا لە پاش نیوەڕۆی پێنجشەممە 27ی تشرینی یەکەمی 2016ی زایینی (6ی خەزەڵوەری 1395ی ھەتاوی) لە تەمەنی ھەشتا و ھەشت ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و دوو ڕۆژ دواتر لە گۆڕستانی پیرمام بە خاک سپێردراوە. ھێدی وەسییەتی کردبوو تەرمەکەی بگەڕێنرێتەوە موکریان و لە شاری مەھاباد و لەکن ھێمن و ھەژار ڕادەست بە خاک بکرێت کە نەلوا.
=KTML_Bold=هۆنراوە=KTML_End=
خالید حیسامی شاعیری سەردەمی کۆمار بووە و ھاوکات لەگەڵ #ھەژار موکریانی# و #ھێمن موکریانی# دەستی بە هۆنراوە وتن کردووە و شێوازی تایبەت بە خۆیشی ھەبووە و زۆربەی هۆنراوەکانیشی دەکەونە قاڵبی ئەدەبیانی بەرگرییەوە. ھێدی لە غەزەلدا دەستێکی باڵای ھەبووە و زمانی غەزەلەکانی ساکار و ناوەرۆکەکەشیان ئەویندارانە و نیشتمانیی، ھەروەھا تایبەتمەندیی گشتیان ئەوەیە کە بەرەو ئاقارێکی ئەرێنیدا دەچن.
ساڵی 2008 لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریی ھەرێمی کوردستانەوە کۆڕێکی گەورە بۆ ڕێز لێنان لەم شاعیرە بە بەشداری شاعیران و نووسەرانی کورد لە شاری ھەولێر بەڕێوەچوو.
=KTML_Bold=بەرھەمەکان=KTML_End=
کاروانی خەیاڵ (بەشێک لە ھەڵبەستەکانی شاعیر).
ئاوێنە شکاو یان بیرەوەریی ھێدی (ژیاننامەی شاعیر بە قەڵەمی خۆی).
کاروانی خەیاڵ و ئاوێنە شکاو (هۆنراوە و بیرەوەریی ھێدی).
نموونە هۆنراوەیەکی ھێدی کە لەلایەن #ناسر ڕەزازی# کراوەتە گۆرانی:
=KTML_Bold=کوردستان یان نەمان=KTML_End=
سڵاو پێشمەرگەی قارەمان -چاکترین ڕۆڵەی کوردستان
کوڕی نەبەزی نیشتمان -سڵاو پێشمەرگەی قارەمان
ھەڵۆی خوێناوی سەر بەردان -پەڕکوڕی ڕەوەز و زەردان
پڵینگی سەر شاخ و ھەردان -پێشمەرگە جوامێری مەردان
کوڕی کوردی ئازا و دلێر -ھەستە ڕاپەڕە وێنەی شێر
لە کوردستان ڕامێنە تێر -وێران بوو وڵاتی زەنوێر
ھا، بڕوانە ئەو کیژۆڵە -برا گچکەکەی لە کۆڵە
چۆن دژ داماوە لەو چۆڵە -چەندە ھەژار و کڵۆڵە
ئەو پیرەمێردی بێتاوان -ڕووت و ھەژار و سەرگەردان
سەری ناوەتە سەر بەردان -کێ ماڵی لێ کردووە وێران؟
دوژمن ئاغایە لەسەر تۆ -ماڵی تۆ دەخوا بەفیڕۆ
کێ ما نەگا بە مافی خۆ! -ئێمە تا کەی دەستەوئەژنۆ؟
ئەو خاکە خاکی کوردییە -خۆ خاوەنی دیکەی نییە
سەبەب بۆ ھێرشی وی چییە -کوردستانە و کورد خێوییە
شەڕی مە شەڕی ژیانە -شەڕی باوەڕ و ئیمانە
لەگەڵ وەتەندا پەیمانە -یان کوردستان، یان نەمانە
دوژمن لە ھێرشت تاساو -قەڵای ھومێدی ڕووخاوە
لە دەستوبردت ڕاماوە -ڕۆژی ڕەشی لەبەر چاوە
لە کردەوەی ڕەنجە ڕۆیە -مانی بەفێڵ و دھۆیە
ئەوگەف و گەرمە درۆیە -لەرزی شەو نخونی تۆیە
باخوێنی من و تۆ برا -بڕژێ، سوورکا دەشت و چیا
یاقوتی ناو سەوزە گیا -کوردستان ڕەنگین تر ئەکا
تابڕژێ خوێنی گەش و ئاڵ -لەسەر کەویان دەبێتە خاڵ
شین دەکا گوڵان سەری ساڵ -دەیکەنە تەواف کوڕو کاڵ
کاتێ کوردستان بو ڕزگار -ھاتەدەر لەدەستی زۆردار
کەس نەما بەدڵی خەم بار -بو بەشایی دێھات و شار
ئەوسا بەرزکە ئاھەنگت -گۆرانی و گاڵتەو جەفەنگت
تاکیژو کوڕ بێن بەدەنگت-ماچ بکەن لولەی تفەنگت
[1]