لە ساڵی 1925ز. لە گوندی (لۆدێ) دەڤەری #بۆتان# لە #باکووری کوردستان# هاتووەتە دنیاوە، لە منداڵییەوە هەستی بە ستەمی کاربەدەستانی (تورکیا) کردووە بە تایبەتیی دوای کوژاندنەوەی شۆڕشەکەی کورد لە (ئاگری داغ) لە ساڵی 1930ز. بە سەرکردایەتی #ئیحسان نووری پاشا#، بۆیە لە ناوەڕاستی سییەکانی سەدەی ڕابردووەوە بەخاو و خێزانەوە زێدی باب و باپیرانیان بەجێهێشت و ڕوویان کردووەتە #باشووری کوردستان# و لە #زاخۆ# جێگربوون و ملیان دایە کاروکاسبی.
سەبری، لە تەمەنی هەرزەکارییەوە هەستی کوردایەتی لەلا خولقاوە و چووەتە پاڵ #پارتی هیوا# و لەسەر چالاکی ڕامیاری لە ساڵی 1945ز. بە تاوانی پشتگیری کردنی شۆڕشی بارزان گیراوە و لە شاری #موسڵ# خراوەتە بەندیخانەوە و کاتێکیش کە #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە ساڵی 1946ز. دامەزرابوو ئەندامێکی بە جەرگ و چالاکی ئەم پارتە نەتەوەییە دیموکراتییەی کورد و لەو سەردەمەوە بەهرەی شاعیریی لەلا خولقاوە و هۆنراوەی نیشتمانی داناوه. لەگەڵ هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولی کورد لە (#11-09-1961#ز.) بووەتە #پێشمەرگە#ی کوردستان و ئەرکی چەکداری و خەباتکاری و ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی بەجێهێناوه، لە دوای ڕێککەوتننامە مێژووییەکەی (11ی ئاداری 1970ز.) دێتە شاری #هەولێر# و دوای ماوەیەک دەچێتە #بەغدا# و بەشداری نووسینی ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکانی وەک (التاخی و برایەتی لە دواییشدا بەیان و ڕۆشنبیری نوێ و نووسەری کورد) دەکات.
لە دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ لە کوردستان لە بەهاری (1974ز.) دووبارە دەچێتەوە پاڵ شۆڕشی کورد و لە بەشی ڕاگەیاندن ئیش دەکات و لە دواییدا لەبەر باری تەندرووستی دەچێتەوە بەغدا تاکوو هەردەم لەژێر چاودێری پزیشک بێت و لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری (1991ز.) لەگەڵ کۆڕەوە ملیۆنەکەی کورد دەچێتە دەرەوەی وڵات و لە ساڵی 1992ز. خۆی دەگەیەنێتە وڵاتی (نەروێژ) و دەبێتە پەنابەر و لە هەموو چالاکییەکی وێژەی و ڕۆشنبیری و ڕامیاری کورد لەو وڵاتەدا بەشداری دەکات تاکوو لە (#25-10-1998#ز.) کۆچی دوایی کردووە.
سەبری بۆتانی شاعیرێکی هەستناسکی بەهرەداربووه، شاعیری سرووشت و جوانی بوو، هۆنراوەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا بڵاودەکردەوە، لە دواییدا لە دیوانێکی خنجیلانە بە ناوی (شین و شادی) لە ساڵی (1979ز.) لە بەغدا بە چاپی گەیاند و دەکەوێتە (262) لاپەڕەی قەبارە ناوەنجی و زۆربەی هۆنراوەکانی لە سەرکێشی سووکی (7 بڕگەیی 3-4 خۆماڵی کوردین) و ناوەرۆکێکی پتەویان هەیه. [1]