شێرکۆ کرمانج لە #هەولێر# لە دایکبووە. لە کۆڕەوەکەی 1991 کوردستانی بەجێهێشت و دوو ساڵ وەک پەنابەر لە ئێران بووە. لە 1993 کۆچیکردوە بۆ ئوسترالیاو ئێستا لەوێ نیشتەجێیە. شێرکۆ لە کوردستان ئەندازیاری شارستانیی تەواو کردوە. دواتر لە ئوسترالیا ئەندازیاری شارستانی و ژینگەپارێزی تەواوکردۆتەوە. هەر لە ئوسترالیا لە 2004 ماستەرو لە 2010 دکتۆرای لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ساوس ئوسترالیا تەواوکردوە.
شێرکۆ نوسەری کتێبی شوناس و نیشتیمان لە عێراق ە کە لە 2013 بە ئینگلیزی لەلایەن دەزگای لین ڕاینەر بۆ چاپ و پەخش لە ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکە لە 2015 لەلایەن دەزگای ئاراس و دار الساقی لوبنانی تەرجومەی عەرەبی کراوەو چاپ و بڵاوکراوەتەوە. لە 2017 دا کتێبی شوناسی عێراق: ململانێ نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی لەلایەن دەزگای سەردەم چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبی بەسیاسیکردنی ئیسلام ی لە 2005 لەلایەن دەزگای سەردەم و لە 2019 لەلایەن دەزگای ئەندێشە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
شێرکۆ لە دەیان کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەشداریکردوە و باس و لێکۆڵینەوەی لەسەر پرسی کورد و عێراق و ئیسلام پێشکەشکردوە. تائێستا هەژدە توێژینەوەی وەک ئارتیکل یان بەش لە کتێب بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردۆتەوەو بەبەردەوامیش لە ڕۆژنامەو گۆڤارە کوردییەکان بابەت و توێژینەوە بڵاودەکاتەوە.
شێرکۆ لە 2010 بۆ ماوەی 18 مانگ گەڕایەوە کوردستان و وەک بەڕێوەبەری تواناسازی لە #وەزارەتی خوێندنی باڵا# کاری دەکردو لە زانکۆی سەلاحەدینیش دەرسی دەگوتەوە. دواتر بۆ ماوەی ساڵێک توێژەری پۆست دکتۆرا بوو لە زانکۆی ساوس ئوسترالیا. لە 2013 ەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ مامۆستا بوو لە سکوڵی دیراساتی نێودەوڵەتی لە زانکۆی ئوتارا لە وڵاتی مالیزیا. لە 2018 ەشەوە وەک پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی شارقە لە ئیمارات مامۆستای زانکۆیەو ئەدجونت پرۆفیسۆریشە لە #زانکۆی کۆیە# لە هەرێمی کوردستان، عێراق.[1]