ساڵی 1937 لە شارۆچکەی #هەریر#ی سەر بە پارێزگای #هەولێر# لە باوەشی خێزانێکی کرستیان هاتۆتە ژیانەوە خوێندنی لە هەریر و #شەقڵاوە# و هەولێر تەواوکردووە و فرانسۆ پاش ئەوەی خانەی مامۆستایان تەواودەکات ساڵی 1960−1961 لە ناوچەکانی بلێ و بارزان و لە دەڤەری باڵەکایەتی دەبێت بە مامۆستای وەرزش، لە سەرەتای چوونی بۆ ناو کاری سیاسەت دەبێتە ئەندامی حیزبی شیوعی ئێراق و پاشان بەرپرسی لێژنەی ناوچەی حیزبەکە، بەڵام بەهۆی ئەو خۆشەویستییە زۆرەی بۆ #مەلا مستەفا بارزانی# دەیبێت لە ساڵی 1963 پەیوەندی بە #پارتی دیموکراتی کوردستان# دەکات و دەچێتە ڕیزەکانی ئەم حیزبە و لە شۆڕشی ئەیلول بەژداری دەکات، لە ماوەیەکی زۆر کەمیشدا دەبێتە بەرپرسی لێژنەی ناوچەی گەڵاڵەی پارتی دواتر لە ساڵی 1969 دەبێتە بەرپرسی لێژنەی ناوچەی باڵەکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان. بەهۆی دڵسۆزی و بەوەفایەتییە زۆرەکەی بۆ پارتی زۆر جێگای بایەخی مستەفا بارزانی بوو وە هاوڕێی نزیکی #ئیدریس بارزانی# و #مەسعود بارزانی# بوو، لەکاتی دامەزراندنی دەزگای پاراستن ڕۆڵێکی چالاکی هەبوو، هەریری لە تەمەنی 33 ساڵی لە دوای ڕێکەوتننامەی #11ی ئازار# لە ساڵی 1970 بۆ 1974 دەبێتە قایمقامی شارۆچکەی #چۆمان#، لە کۆنگرەی نۆیەمی پارتی لە ساڵی 1979 دەبێتە ئەندامی یەدەگی سەرکردایەتی پارتی لە کۆنگرەکانی 10و11و12 ئەم حیزبە بە ئەندامی سەرکردایەتی و پاشان مەکتەبی سیاسی پارتی هەڵبژێردراوە.
کاتێک لایەنە کوردستانییەکان لێک نزیکبوونەوە بۆ درووستکردنی بەرەیەکی سیاسی و چەکداری هاوبەش فرانسۆ دەبێتە نوێنەری پارتی لە بەرەی کوردستانی کە لە ساڵی 1988 لەنێوان حەوت پارت و لایەنی سەرەکی باشووری کوردستان درووستکرا.
لەیەکەم هەڵبژاردنی پەڕڵەمان دەبێتە پەڕڵەمانتار و سەرۆکی فڕاکسۆنی پارتی، لە دوای 31 ئاب 1996 هەریری لە کابینەی سێیەمی حوکمەتی هەرێمی کوردستان دەبێتە وەزیری هەرێم بەڵام پاش ماوەیەک لە پۆستەکە نامێنێت و دەبێتە بەرپرسی لقی دووی پارتی و پارێزگاری هەولێر کە تاوەکوو ڕۆژی تیرۆر کردنی لە پۆستی پارێزگاردا مایەوە.
لە 18ی شوباتی 2001 و لە ئەنجامی کردەوەیەکی تیرۆریستییەوە فرەنسۆ هەریری تیرۆرکرا.[1]