قادر دیلان، ساڵی 1928 لە شاری #سلێمانی# هاتۆتە ژیانەوه. قادر دیلان لەدایکبووی بنەماڵەیەکی ناسراوە لە شاری سلێمانی، کوڕی مەلا ئەحمەدی دیلانە. بەھرەی گۆرانی وتن لەلایەن قادر دیلانەوە ھەر لە تەمەنی منداڵییەوە سەری هەڵداوە. لە ساڵی 1948ەوە تیپێکی مۆسیقای دامەزراندووە کە بووەتە بناغە بۆ تیپێکی تری زیاتر بەناوبانگ و ساڵی 1952 ناوی کراوە بە #تیپی مۆسیقای مەولەوی#، لەنێوان ساڵانی 1953 و 1954 ئەو کاتەی لە کۆلیژی ئابووری لە بەغدا وەرگیراوه، بۆ یەکەمین جار سەردانی بەشی کوردی ئێستگەی بەغدای کردووە و دواتر بووەتە سەرپەرشتکاری تیپەکە گۆرانییەکانی (فریشتە) و (جوانی بێناو) ناسراوترین گۆرانییەکانی قادر دیلانن کە هەڵبەستی شاعیری کورد (عەبدوڵڵا گۆران)ن. قادر دیلان کەمانچەژەن بووە و لەگەڵ ئەوەشدا ئامێری مۆسیقی دیکەشی ژەنیوە. قادر دیلان یەکێک بووە لە کەسە چالاکەکانی گرووپی مۆسیقای مەولەوی لە سلێمانی. و لە ساڵی 1962ەوە چووەتە دەرەوەی وڵات و چوار ساڵ لە (پراگ) ی پایتەختی (چیکۆسلۆڤاکیا) ی جاران مۆسیقای خوێندووە و هەتا ئەو ڕۆژەی کۆچی دوای کرد هەرلە پراگ مایەوە.
هونەرمەند قادر دیلان، یەکێکە لە پێشەنگەکانی هونەری مۆسیقا و گۆرانی کوردی و یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە لە دامەزراندنی مۆسیقای هاوچەرخی کوردیدا ڕۆڵێکی باڵای هەبووە و بە یەکێک لە دامەزرێنەرە چالاکەکانی #تیپی مۆسیقای مەولەوی#ش دادەنرێت، یەکەم مۆسیقاری کوردی بوو کە میلۆدیی مییلی کوردی لە چوارچێوەیەکی ئۆرکێسترادا پێشکەش کرد.
لە #18-03-1999# لە شاری پراگ لە تەمەنی 70 ساڵیدا بە نەخۆشی شێرپەنجەکۆچی دووایی کردووە.
لە ڕۆژی 20-11-2007 تەرمەکەی هێنرایەوە کوردستان و لە شاری سلێمانی دووبارە بەخاک سپێردرایەوە.[1]