عومەر چنگنیانی لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو لە شاری #سلێمانی#/ باشووری کوردستان لەدایک بووە.
· لەبنەڕەتدا خەڵکی دێی (چنگنیان)ە، کەلادێیەکی سەربەناوچەی شارباژێرە، هەر بۆیە ئەو نازناوەیشی بۆخۆی هەڵبژاردووە.
· ئەلفبێ ی خوێندنی لە حوجرە و مزگەوتەکانی سلێمانی و دەوروبەری دەستپێکردووە، هەر بەفەقێیاتی تادوواین پلەکانی خوێندنی حوجرە ڕۆیشتووە.پاشان چووەتە پەیمانگای خوێندی ئیسلامی (مزگەوتی گەورە) لە سلێمانی و ئەو پەیمانگایەی بە پێشکەوتوویی، تەواوکردووە.
· وەک ئەندامێکی فەقێیانی، سەربە یەکێتی زانایانی ئایینی، کە ئەو کات سەرۆکەکەی مامۆستا مەلاعوسمان عەبدولعەزیز بوو، بەژداری لە شۆڕشی مەزنی ئەیلول کردووە.
· بۆ ماوەیەک بەر لە خوێندنی زانکۆ لە خزمەت مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، لە مزگەوتی گەیلانی، لە بەغدا خوێندویەتی.
· بەهۆی حەزی خۆیی و هاندانی مامۆستا ئەحمەدی برای بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس چووەتە مەدینە و هەر لەوێ لە کۆلێژی (الدعوە وأصول الدین) لە ساڵی 1980ز، بەپلەی (جید جدا)تەواوکردووە.
· لە سەرەتای هەشتاکان، دوورخراوەتەوە بۆ شاری #هەولێر#، پاش چەند ساڵ لە ئیمام و خەتیبێتی لە مزگەوتی شیخ عەبدولقادری گەیلانی و ڕازی نەبوونی بە پابەند بوون بە فەرمانەکانی دەسەڵات و دوعانەکردن بۆ سەرۆکەکەی.
· بەژداری لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی کوردستان کردووە لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی پێشوو، هەر لەپاش ڕاپەڕینیش ڕاستەوخۆ دەستی بەبانگەوازی خۆی کردووە لە مزگەوتی ئیمان لە سلێمانی و قوتابخانەیەکی بەناوی عومەری کوری خەتتاب داناوە. لەبەر گۆڕانکارییە سیاسییەکان و شەڕەکانی کورد کوژی، بەر ئەو شاڵاوە کەوتووە و قوتابخانەکە لەکار خراوە و کتێبخانە تایبەتییەکەشی سوتێنراوە.
· چەند جارێک بۆ پلەی ماستەر خوێندوێتی لە وڵاتە عەرەبێکان، بەڵام بۆ هەرجارێکیان لەدووا ساتەکاندا نەیانهێشتووە ئەو پلەیە وەرگرێت، گرنگترین هۆکارەکانیشی کوردزمانی ئەم و ڕەگەزپەرستی ئەوان بووە.
· هەفتانە لەرۆژانی شەممە لە ڕۆژنامەی خەبات و چوارشەممان لە ڕۆژنامەی ئەڤرۆ، بەزاراوەی کرمانجی ژوورو (بادینی) بابەتی جێگیری خۆی هەیە، جگە لە چەندین بڵاوکراوەی لە ڕۆژنامە و گۆڤارە جیاجیاکانی کوردستان.
عومەر چنگنیانی بۆ ماوەی چەند ساڵێک دەبێت، ڕاوێژکاری ئایینی مەکتەبی ناوەندی ڕاگەیاندنی #پارتی دیموکراتی کوردستان#ە و ئەندام و ڕاوێژکاری کۆربەندی هزری ئیسلامییە کە بارەگای سەرەکی لە هەولێری پایتەختە و پێشکەشکاری بەرنامەی (ئایین و کۆمەڵ)، لە زاگرۆز تی ڤی و پێشکەشکاری بەرنامەی (ئایین و ژیان)ە لە ڕادیۆی زاگرۆس.