زانکۆی #سلێمانی# (بە ئینگلیزی: University Of Sulaymaniyah) یەکێکە لە گەورەترین زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و ساڵی 1968 دامەزراوە، سەرەتا لە سێ کۆلێژ پێکهاتبوو بەڵام دواتر ژمارەی کۆلێژەکان زیادی کرد بەهۆی ویستی خوێندنی زیاتر لە زانکۆکە، کەمپی سەرەکی زانکۆ دەکەوێتە شاری سلێمانی هەرێمی کوردستان و زانکۆ هەر بە ناوی شارەکەوە ناونراوە.
ساڵی 1981 حکوومەتی عێراقی زانکۆکەی هەڵوەشاندنەوە و گواستیەوە بۆ شاری هەولێر و ناوی لێنرا زانکۆی سەڵاحەدین، ساڵی 1992 بۆ جارێکی دیکە زانکۆی سلێمانی بنیاتنرایەوە لەلایەن چەندین کەسی ڕۆشنبیر و زانستخوازەوە و بە شێوەیەکی فەرمی لە 14/11/1992 زانکۆ کرایەوە.
کۆلێژەکان:
زانکۆی سلێمانی خاوەنی 19 کۆلێژە و قوتابییەکان لەدوای تەواوکردنی خوێندن دەبنە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بواری خۆیان.
کۆلێژی ئەندازیاری
بەشی ئەندازیاری لە ساڵی 1995 کراوەتەوە و سەرەتا تەنیا بەشی ئەندازیاری ئاودێری بووە، ساڵێک دواتر بەشی ئەندازیاری بیناکاری و ساڵی 1999 ئەندازیاری تەلارسازیش کراوەتەوە، ئەندازیاری کارەباش ساڵی 2004 کراوەتەوە.
کۆلێژی پزیشکی
یەکێکە لە بەناوبانگترین بەشەکانی زانکۆ و ساڵانە سەدان خوێندکار وەردەگرێت، خوێندکاران بۆ ماوەی شەش ساڵ دەخوێنن و لە ماوەی ئه و شەش ساڵەدا قوتابی بەشێوەیەکی گشتی فێری هەموو بابەتە پزیشکییەکان دەبێت و لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندن وانەکانی بەشێوەی تیۆری و کەمێکی بە پراکتیکی دەخوێنێ، دوای دەرچوونیش شارەزاییەکی ئەوتۆی لە بوارەکەی خۆیدا دەبێت بە شێوەیەکی زۆر باش.
ئەم بەشە ئەرکێکی قورس دەخاتە سەر خوێندکار و هەوڵدانێکی زۆری دەوێت بەهۆی ئەو ئەرکە گەورەیەی لە ئاییندەدا لەسەریانە.
لە قۆناغی یەک خوێندکار بە ئامێر و بەشەکانی نەخۆشخانە دەناسرێت، لە قۆناغی دووەمیش مێژووی نەخۆشی و هۆکاری تووشبوون و باری لەناکاو و نیشانەکان دەناسێت، لە ساڵی سێیەمدا وانەی پراکتیکی زیاتر دەبێت هاوشان لەگەڵ وانەی تیۆری.
لە سێ ساڵەکانی کۆتایی وانەکان زۆرینەی دەبنە پراکتیکی و کرداری و ساڵی شەشەمیش بە شێوەیەکی گشتی لە نەخۆشخانەکان دەبێت.
وانەکانی ساڵی یەکەم:
Human Biology
Medical Chemistry
Biophysics
Critical Thinking (Academic Debate)
English
Computer
Kurdology
Anatomy
کۆلێژی پزیشکی ددان
لە دوای پزیشکی گشتی بە پلەی دووەم دێت لەسەر ئاستی کۆلێژ و سکوڵ و فاکەڵتییەکان، خوێندن لەم بەشه بۆ ماوەی 5 ساڵە و دوای تەواوکردنی ئه و وادەیە بە سەرکەوتوویی خوێندکار دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی (بەکالۆریۆس B.D.S) لە پزیشکی و نەشتەرگەری دەم و ددان.
لە قۆناغی یەکەم و دووەم زیاتر ئه و وانانە دەخوێنرێن بەشێوەی تیۆری و پراکتیکی کە پێیان دەگوترێ (Basics) کە پەیوەندییان بە دەم و ددانەوە هەیە و هەندێک وانەی پەیوەندیداریش بە پزیشکی گشتی لەم دوو قۆناغە و قۆناغی سێیەم بەتایبەتی دەخوێنرێ، لە قۆناغی چوارەم وە پێنجەم بە تایبەتی، خوێندکار ڕاستەوخۆ لە کلینیکی ناو زانکۆ نەخۆش وەردەگرێ و وانە پراکتیکییەکانی لەسەر جێبەجێ دەکات بە سەرپەرشتی مامۆستای پسپۆڕ و وەکو پزیشکێک مامەڵە لەگەڵ نەخۆشەکە دەکات.
دوای تەواوکردنی ئه و پێنج ساڵە، ساڵێکیش وەکو پزیشکی نیشتەجێی خولاو لە ناوەندەکانی ددان لە ناوەوە و دەرەوەی سنووری شار دەوام دەکات و دوای ئه و ساڵە دەتوانێت کلینیکی تایبەت بە خۆی دابنێت.
کۆلێژی دەرمانسازی
بەشی دەرمانسازی (بە ئینگلیزی: Pharmacy) له بەشه پزیشکیەکانە و لە هەرێمی کوردستاندا لە ڕووی ئاستی نمرەوە دوای هەریەک لە بەشەکانی پزیشکی گشتی و پزیشکی ددان دێت.
زانستی دەرمانسازی بریتییە لە تەکنیک یاخود زانستی دروستکردن و دەستەبەرکردنی دەرمان، پسپۆڕی دەرمانسازی پسپۆڕییەکی پزیشکی و تەندروستییە، کاری سەرەکی بریتییە لە فەراهەمکردنی دەرمان و زانینی پێکهاتە سەرەکییەکانی هەروەها چۆنیەتی بەکارهێنانی دەرمان بە شێوەیەکی ڕاست و تەندروست و دیاریکردنی ژەمە دەرمانەکان، لێکۆڵینەوە لە دەرمان و دروستکردنی، چۆنیەتی کارکردنی و کاریگەرییەکانییە بەگشتی لە سەر زیندەوەران و بەتایبەت لە سەر مرۆڤ.
کۆلێژی پەرستاری
بەشی پەرستاری (بە ئینگلیزی: Nursing) بەشێکی پزیشکییە، لە دوای پزیشکی گشتی و پزیشکی ددان و دەرمانسازی، لە ئاستی چوارەمدایە.
کاری سەرەکی پەرستاری بریتییە لە چاودێریکردن و گرنگیدان بە نەخۆش بە شێوازێکی تەندروست و زانستی هەروەها هاوکاریکردنی پزیشک لە چارەسەرکردن و پێشکەشکردنی یارمەتییە پزیشکیەکانی وەکوو: تیمارکردن و دەرزی لێدان، چاودێری کردنی باری تەندروستی و دەروونی نەخۆش، ئامادەکردنی فایلی تەندروستی تایبەت بە نەخۆش، هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگە لە نەخۆشییە باوەکان و ڕێنوێنی کردنیان بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشییە وەرزیەکان، چەندان کاری تریش.
پیشەی پەرستاری بنچینەی پزیشکییە، بایەخدارە وەکوو بەشە پزیشکییەکانی تر، بەشێکی دڵخوازی خوێندکارانە، ڕێژەی وەرگرتن لەو کۆلێژە 75% کچان وەردەگرن و 25% بۆ کوڕانه.
کۆلێژی زانست
هەریەک لە بەشەکانی جیۆلۆجی و بایۆلۆجی و کۆمپیوتەر و کیمیا و بیرکاری لە خۆ دەگرێت.
کۆلێجی زانست بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1965 دا دامەزرا کە یەکێک بوو له و کۆلێجانەی ئه و سەردەمە زانکۆی سلێمانیان پێک هێنا و دواتر لە ساڵی 1982 دا کۆلێجەکە گواسترایەوە بۆ هەولێر و زانکۆی سەڵاحەدین دامەزرا، پاشان لە ساڵی 1992 دا جارێکی تر کۆلێجەکە لە زانکۆی سلێمانی دامەزرایەوە کە له و کاتەدا تەنها دوو بەشی هەبوو، هەر له و کاتەوە هەتا ئێستا کۆلێجی زانست بەردەوام لە گەشەکردندایە و بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیووە لە ڕووی ڕێژەی وەرگرتنی خوێندکاران و ژمارەی ئەندامانی ستافی کۆلێجەکە و کەلوپەل و ئامێر و تاقیگە و هەروەها لە ڕووی ئەنجامدانی توێژینەوەوە.
کۆلێژی پەروەردە
کۆلێژی پەروەردە بریتییە لە زانستە فێرکارییەکان و ئامانجی پێگەیاندنی فێرکار و مامۆستای داهاتووە بۆ خوێندنگا ئامادەییەکانی وەزارەتی پەروەردە لە بوارەکانی : فیزیا و ماتماتیک و کیمیا و زیندەوەرزانی و زانستی کۆمپیوتەر.
کۆلێژی زانستە کشتوکاڵییەکان
لە دامەزراندنی زانکۆوە یەکێک بوو لە بەشە سەرەکییەکان و بە دوو بەش کرایەوە: بەشی بەرهەمی ڕووەکی و بەشی بەرووبومی ئاژەڵی و دواتریش چەندین لقی تر کرانەوە.
کۆلێژی هونەرە جوانەکان
یەکەمین فێرگەی هونەرە لە کوردستان، ساڵی 1998-1999 دامەزراوە و سەرەتا بەشی شێوەکاری لەخۆگرتبوو، دواتر کرایە سێ بەشی سەرەکی کە نیگارکێشان، پەیکەرسازی، سیرامیک بوون.
کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان
یەکێکە لە کۆلێژەکانی دوای دووبارە دامەزراندنەوەی زانکۆ و سەرەتا تەنیا سێ زمانی (ئینگلیزی و عەرەبی و کوردی) لەخۆدەگرت و دواتر لە 1993 بۆ 1994 بەشی خوێندنی ئیسلامی کرایەوە و لە 1997 بەشی جوگرافیاش کرایەوە، لە ساڵی 1998 هەریەک لە بەشی مێژوو و کۆمەڵناسی کرانەوە و لە ساڵی 2000 بەشی ڕاگەیاندن کرایەوە، دواتریش بووە خاوەنی سەرەکی بەشەکانی: جوگرافیا و مێژوو و کۆمەڵناسی و ڕاگەیاندن و کاری کۆمەڵایەتی و شوێنەوار.
کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان
لەم کۆلێژە خوێندکار زانستە ئیسلامییەکان دەخوێنێت و ساڵی 2005 لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دامەزراوە بە ناوی (سکووڵی کوردستان) کە ئامانجی پێگەیاندنی پیشنوێژ و وتارخوێن بووە.
سەرەتا ئەم کۆلێژە لە دوو بەشی پێشنوێژی و وتارخوێنی پێکهاتبوو و ئێستا لە سێ بەش پێکهاتووە کە بریتین لە: خوێندنی ئیسلامی، بەشی بنەماکانی ئایین، بەشی فقه و اصول.
کۆلێژی زمان
ئەم کۆلێژە هەر سێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و زمان و ئەدەبی فارسی لە خۆ دەگرێت و تا ئێستاش بەردەوامە.
کۆلێژی یاسا و زانستی ڕامیاری
ساڵی 1998 بە فرمانی زانکۆیی ژمارە (7/5/4957) دامەزراوە، ئامانج لێی پێگەیاندنی نەوەیەکی زانا لە بواری ڕامیاری و بەگەڕخستنی هەوڵی لۆجیکی و زانستی بۆ ڕووناکبیری یاسایی و ڕامیاری بووە لە کوردستان، لە هەر سێ بەشی یاسا-بەیانیان، یاسا-ئێواران، زانستی ڕامیاری-ئێواران پێکدێت.
کۆلێژی بەڕێوبردن و ئابووری
یەکێکە لە کۆنترین کۆلێژەکان و لە 1976 دامەزراوە و دواتر لە 1999 جارێکی دیکە کرایەوە بە هەردوو بەشی ئامار و ئابووری، لە ساڵی 2000 بۆ 2001 بەشەکانی ژمێریاری و کارگێڕی کرانەوە.
کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت
ئەم کۆلێژە لە ساڵی 2004 بەناوی مامۆستایان دامەزرا لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستەبەرکردنی مامۆستا بۆ قوتابخانەکان و ساڵێک دواتر چوار بەش کرانەوە کە بریتیبوون لە: زمانی ئینگلیزی و ماتماتیک و کۆمپیوتەر و زانستە کۆمەڵایەتییەکان و پەروەردەی وەرزش.
دەرچووی ئەم کۆلێژە گرنگی دەدەن بە وانە وتنەوەی پۆلی 1 بۆ 9ی بنەڕەتی و ناوەندی.
کۆلێژی پەروەردەی وەرزش
لە هەریەک لە بەشی پەروەردەی وەرزش و بەشی وەرزشی بنەڕەت پێکدێت.
کۆلێژی بازرگانی
لە بەشەکانی (ژمێریاری دارایی و وردبینی، کارگێڕی پرۆژەکان، دارایی و بانک، گەشت و گوزار، تەکنەلۆجیای زانیاری، بازرگانی نێودەوڵەتی) پێکدێت.
کۆلێژی پزیشکی ڤێتێرنەری (ئاژەڵان)
ساڵی 1995 دامەزراوە، زانستی پزیشکی ڤێتێرنەری کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر تەندروستی کۆمەڵ و تەندروستی ژینگە و چاودێریکردنی تەندروستی ئاژەڵ، ئەم بەشە لێکۆڵینەوە دەکات لە قەدەغەکردن، دەستنیشان کردن و چارەسەرکردنی نەخۆشی، هەروەها ناڕێکی و برینداری لە ئاژەڵ هەموو جۆرەکانی ئاژەڵ ئاژەڵە کێوییەکان و ماڵییەکان.
خوێندن لەم کۆلێژە بەردەوام دەبێت بۆ ماوەی 5 ساڵی ئەکادیمی و بە زمانی ئینگلیزییە، قوتابی دوای دەرچوون دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە نەشتەرگەری و پزیشکی ڤێتێرنەری و شارەزاییەکی باشیشی دەبێ لە ڕێگاکانی پشکنین، دیاریکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی ئاژەڵ، هەروەها دەبێتە سەرمەشقی کۆمەڵگە لەڕووی تەندروستی ئاژەڵییەوە.
کۆلێژی پەروەردەی مرۆڤایەتی - سەیدسادق
هەریەک لە بەشەکانی جوگرافیا و مێژوو لە خۆدەگرێت.
بڕوانامەکان
جیا لە بڕوانامەی بەکالۆریۆس، لە زانکۆی سلێمانی هەریەک لە بڕوانامەکانی ماجستێر و دکتۆرا بەدەستدێن لە بەشە جیاوازەکاندا.
کارمەندان
خاوەنی نزیک لە 2000 مامۆستا و فێرکار و زیاتر لە 3000 کارمەندی بواری جیاجیایە.[1]