ساڵی 1910 لە #قەڵادزێ# لەدایکبووە، سەرەتای خوێندنی لە حوجرەی (مەلا محەمەد دێلوویی) دەستپێکرد وە، پاشان نێردراوەتە خوێندنگە و تا پۆلی شەشەمی سەرەتایی خوێندووە، پاش ماوەیەک چووەتە #سلێمانی# و وەک پۆلیس دامەزراوە.
لە تەمەنی هەرزەکاریدا دەستی داوەتە هەڵبەست نووسین، ساڵی 1937 بە هۆی بڵاوکردنەوەی پەرتووکی (#هەنگاوێک بۆ سەرکەوتن#) لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەوسای ئێراقەوە بۆ ماوەی شەش مانگ بەند دەکرێت و لە پیشەکەشی دوور دەخرێتەوە، پاش ئازادکردنی بووەتە فەرمانبەری شارەوانی و دواتریش لە فەرمانگەی ئاوی چوارتا دامەزراوە.
بە هۆی ڕۆڵی بەرچاوی لە پێکهێنانی کۆماری #مەهاباد# دا، ساڵی 1946 کراوەتە جێگری فەرماندەی هێزی #بۆکان#.
ساڵی 1971 دوای ئەوەی پەرتووکی (گەشتی ئەستێرەی مەریخ) ی بەچاپ گەیاند، بە هاندانی چەند کۆلکە مەلایەکی ئەوسا لە بیتوێن شاربەدەر کرا و ڕووبەڕووی چەرمەسەرییەکی زۆر بووەوە.
شەوی #12-01-1988# کۆچی دوایی کرد و لە گردی سەیوان بە خاکسپێردرا، دوای تێپەڕبوونی سی ساڵ لە ڕێکەوتی #19-06-1992# دا گۆڕەکەی گواسترایەوە بۆ بەرزایی گۆڕمریەم لە چیای کێوەڕەش.
لە ماوەی تەمەنیدا چەندین پەرتووکی بەنرخی نووسیوە، کە بە داخەوە هێشتا ژمارەیەکیان ماوە بە چاپ بگەیەنرێن.
$بەرهەمە چاپ کراوەکانی ئەمانەن:$
1-بەسەرهاتی ئەرمەن -مێژوویی -دوای مردنی ساڵی 1992چاپ کراوە.
2-چیرۆکی زێڕینای #ئامێدی# -مێژوویی -ساڵی 1971 چاپ کراوە.
3-فەرزۆ خانی پشکۆ -مێژوویی -ساڵی 1971 چاپ کراوە.
4-ماهراکۆ -مێژوویی -ساڵی 1971 چاپ کراوە.
5-بوکێکی ناکام -کۆمەڵایەتی -ساڵی 1971 چاپ کراوە.
6-کۆنگرێسی دوڕندە و مەل -دوای مردنی ساڵی 1992 چاپ کراوە.
7-هەنگاوێک بۆ سەرکەوتن -ساڵی 1937 چاپ کراوە.
8-گەشتی ئەستێرەی مەریخ -ساڵی 1971 چاپ کراوە.
9-بەهەشتی دڵداری -هەڵبەست -دوای مردنی ساڵی 2006 چاپ کراوە.
10-دوو بەرگی پەرتووکی بەسەرهاتی سیاسی کورد.
11-گوڵاڵە کانی ڕۆژگار.
$ئەوانەیشی کە تا ئێستا چاپ نەکراون بریتین لە:$
1-مێژووی کورد و کوردستان لە سەردەمی ئیسلامەوە تا ساڵی 1971.
2-ئاران پور -مێژوویی.
3-نەریمان بەختیاری -مێژوویی.
4-ئاسوورییەکان -مێژوویی.
5-بەسەرهاتی ئارات پور -مێژوویی.
6-خەونی چوونە بەهەشتی مەنگوڕی.
7-جیهانێکی ئازاد.
8-دەستووری ژیان -هەڵبەست.
9-جیهانێکی بە پێکەنین -هەڵبەست.
10-شەوێک لە عوسبەتول ئومەم -هەڵبەست.
11-خالیق و خەلیقەت.
میرزا خاوەنی هەڵوێستی بەرزی نەتەوەیی بووە و هیچ کاتێکیش سازشی لەسەر هەڵوێستەکانی خۆی نەکردووە، ساڵی 1978 لە فێستیڤاڵی هەڵبەستی یەکێتی نووسەرانی کورد لە سلێمانی بەشداری کردووە و، یەکێک بووە لەو شاعیرە بەشداربوانەی فێستیڤاڵەکە کە وێڕای بوونی ژمارەیەک لە پیاوانی بەعس لەنێو هۆڵەکەدا زۆر نەترسانە هەڵبەستی نیشتمانی خوێندۆتەوە.
هێندە حەزی بەئازادی وڵاتەکەی کردووە وەسییەتی کردووە هەر کاتێک لە دوای مردنی ئەو، شەوەزەنگی ژێردەستیی لە وڵات ڕەویەوە، لە گۆڕ بیهێننە دەرەوە و سەرلەنوێ لاشەکەی بشۆنەوە.[1]