لە مانگی تەموزی ساڵی 1929 لەدایک بووە. لە تەمەنی شەش ساڵییەوە خراوەتە بەر خوێندنی فێربوونی قورئان. لە ماوەیەکی کەمدا قورئانێکی زۆری لەبەر کردووه. پاشان وانەی نەحو و سەرف و ڕەوشت و عەقیدەی لەتەک براکانی (شێخ عومەر و شێخ عوسمانی ڕابەری گشتیی پێشووی بزووتنەوەی ئیسلامی) خوێندووە.
لە ساڵی 1952ی زایینی دەبێتە یەکەم بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی لە دێی پریسی سەروو. هەروەها لە ساڵی 1962ی زایینی لە سەرەتای دروستبوونییەوە ئەبێتە بەڕێوەبەری پەیمانگای ئیسلامی و پێشنوێژ و گوتاربێژی مزگەوتی گەورەی موحەممەد پاشا لە #هەڵەبجە#.
لە ماوەی ژیانیدا بەتایبەت لە شەستەکان زۆر ناڕەحەتی و چەرمەسەری و دەردەسەری لەپێناو بانگەوازی ئیسلامی و گوتار و هەڵوێستەکانی بینیوه. بۆیە لە ساڵی 1975 دوور ئەخرێتە بۆ شارۆچکەی (الحصیبة) لە ڕۆژئاوای بەغدا. پاشان میری ئەیگوازێتەوە بۆ ناسریە پاشان بۆ کەربەلا و پاشان بۆ فەللوجە و ئینجا بەسرە. پاشان بەپێی داخوازیی ئەنجوومەنی حوکمی زاتی و زانایانی ئایینیی کوردستان لە ساڵی 1979 ئەگەڕێنرێتەوە شوێنی خۆی لە هەڵەبجە.
دوای شۆڕشی ئێران و هەڵایسانی شەڕی نێوان عێراق و ئێران، دەسەڵاتدارانی عێراقی تەنگیان بە زانایان بەگشتی و زانایانی هەڵەبجە بەتایبەتی هەڵچنی، چونکە وایان لە هەڵەبجە ئەڕوانی کە بنکەی ڕابوونی ئیسلامییه. بۆیە تۆمەتی گرێدانیان بە شۆڕشی ئێرانەوەی دەدانە پاڵ، لەبەر ئەوە زۆریان لەسەر توند ئەکەن تا لە ئەنجامدا فشاریان دەخەنە سەر تا لە شار دەربچن و کۆچ بکەن. دوای ئەوەی کە شێخ عوسمان و شێخ عەلی هەڵەبجە دەچنە ئێران و پەیوەندی بە ڕابیتەی ئیسلامیی دەکەن، لە کۆنگرەیەکدا ڕابیتە دەگۆڕێت بە بزووتنەوەی ئیسلامی. شێخ عوسمان عەبدولعەزیز کە برای مەلا عەلی بوو دەکرێتە ڕابەڕی گشتی و مەلا عەلیش بە جێگری ڕابەر هەڵدەبژێردێت.
لەساڵی 1997 مەلا عەلی لەجێی برای دەبێتە ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی و شێخ عوسمانیش بە پێشەوای ڕابوونی ئیسلامی.
دوای گرتنی عەلی باپیر لەلایەن هێزەکانی فرەڕەگەزەوه، مەلا عەلی ڕابەریش دەگیرێت و دوای چەند ڕۆژێک ئازاد ئەکرێت.
پاش ململانێیەکی کورت لەگەڵ نەخۆشی، ڕۆژی 17-03-2007 لە لەندەن کۆچی دوایی کرد.[1]