کۆیە
چلۆن بۆ سوورمە نابێ خاکی شارێک
کە حاجی پێی لەسەر دانابێ جارێک
#هێمن موکریانی#
ئەم شارۆچکەیە لە 5 شارەدێ (#شۆڕش#، #سکتان#، #ئاشتی#، #سێگردکان#، #تەقتەق#) پێکدێت. شارۆچکەیەی کۆیە خاوەن پێگەیەکی جیۆگرافی گرنگە لەسەر ئاستی ئێراق و کوردستاندا. ڕووبەرەکەی 2050کم چوارگۆشەیەو بەرزیەکەی 620م لە ڕووی ئاستی دەریاوە دەبێت و بەدووچیای خنجیلانە دەورەدراوە. ئەوانیش چیای باواجی کە بەرزیەکەی 1260 کم و چیای هەیبەت سوڵتان کە بەرزیەکەی 1092 کم لە ڕووی ئاستی دەریاوە دەبێت. مێژووی درووستبوونی شاری کۆیە، بۆ نزیکەی 2500 ساڵ بەر لە زاین دەگەڕێتەوە. کە سەرەتا لە گوندی ئاسکی کۆیە بووە و پێی گوتراوە ئەسکی کۆ، بەڵام دواتر لەژێر گوشاری هێزە شەرانگێزیەکانی ناوچەکە خەڵکەکە ڕوویان لە حەمامۆک کردووە کە خاوەنی سەرچاوەی ئاوی زۆرە و بەوناوچەیش گوتراوە کاولە کۆ. دواتریش لە شوێنی ئێستای کۆیە جێگیربوون کە مێژویەکەی بۆ 1600 ساڵ لەمەو بەردەگەڕێتەوە. کۆیە زیاتر لە 80 شوێنەواری هەیە لەوانە: خرابە، کلێسە، قەڵای شیلە، ئەسکی کۆیە، گوبتەپە، سکتای قەیسەری، باواجی، سماقۆڵی میرسەید، چنارۆک و حەمامۆک. بۆ یەکەمین جاریش بە فەرمی لە ساڵی 1885 قوتابخانە لەو شارەدا دامەزراوە. لە ساڵی 1918 کۆیە کراوە بە شارۆچکە. بەهۆی خەباتگێڕی کوردایەتی ناوچەکە ئەو شارۆچکەیە تووشی نەهامەتی و وێرانکاری کراوە لەلایەن ڕژێمی پێشووی بەعس و بەوهۆیەوە لە ساڵی 1988 ڕژێمی بەعس شارۆچکەی کۆیەی بچوککردووەتەوە و کردوویەتی بە شارەدێ، بەڵام دوای ڕاپەڕینی گەلی کوردستان لە ساڵی 1991 جارێکی تر حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆیەی کردەوە شارۆچکە.=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/2768/0004.JPG=KTML_ImageCaption_Title=قشڵەی کۆیە=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=قشڵەی کۆیە=KTML_ImageCaption_End=
لەخۆرهەڵاتی پایتەختی هەرێم (#هەولێر#) بەدووری (70کم) دوورە. کۆیە لە بناری چەند چیایەک بنیادنراوە کە خۆرهەڵات و باکوور وخۆراوای شارەکەیان داپۆشیووە، وەک چیای هەورێ و هەیبەت سوڵتان کە (1206) م و باواجی (1266) م لەسەر ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. باشووری شاریش دەەبێتە دەشتێکی فراوان و لە هەندێ شوێندا خاکەکەی دەبێتە گردۆلەو هەلەت وپەلەت وشەپۆلاوی خۆی دەنوێنێت. مێژووی درووستکردنی شاری کۆیە لەهیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی نەهاتووە و باسی لێوە نەکراوە، بەڵام چەندین ڕای جیاواز هەن لە کۆتایی هەموویان یەک دەگرنەوە و بەڵگەیەکی بەهێز درووستدەکەن، کە ئەم شارە دوو هەزار ساڵ بەر لەزایینی ژیانی تێدا بووە. چەندین پاشماوەی شوێنەواری کۆن کە هەندێکیان بە پاشماوەی گۆتییەکان ناسراوە، لەم شارۆچکەیە بەبەرچاو دەکەون (قەڵای شیلە -جل بەسەر- قازبەگی-کلیسە- ساتو قەڵا-گۆکتەپە- شێخەلوان- سکتان-حمامۆک-قەیسەری -خان-تاقی کۆن -مزگەوتی گەورە-زۆری گۆرستان) . کویە بەسەر پێنج گەرەک دابەش بووە، گەڕەکی (باییز ئاغا- قەڵات- بەفر قەندی- سەرباغ- هەواو) . ڕێژەی دانیشتووانی ئەم شارە (95246) کەسن و لە دوو گەل پێکهاتوون (کورد- کلدان) . کلدانەکان لەناوچەی هەرمۆتە دەژین، کە لە باشووری شاری کۆیە. هەر لە کۆنەوە ئەمشوێنە ئاوەدان بووە و خەڵکی لێ ژیاوە. وشەی هەرموتە واتە جێگای مردوان (ارچ الموت) هەروەها ناوی کۆیە بە کۆهسار هاتووە کە وشەیەکی زەردەشتی یەو بە واتای ناوچەی شاخ و بەردەڵان دێت. هەر لە کۆنەوە ئەمشارۆچکەیە شوێنی سەرهەلدان و ڕۆشنبیری و زانست بووە و گەڵێک کەسایەتی بلیمەت و ناوداری تێدا هەلکەوتووە وەک (مەلای گەورە- حاجی قادری کۆیی-سامی عەبدال- تاییر تۆفیق. مامۆستا باکووری.سێوە. دڵداری شاعێر و چەندانی دیکە) . سەرا (قشڵە) لەگەڵ گەیشتنت بەشارۆچکەی کۆیە لەسەربەرزایێکدا قەڵایەکی کۆن دێتە بەرچاو کە پێی دەڵێن سەرا. ئەم قەڵایە مێژووی درووستکردنی بۆ سەردەمی ئاشورییەکان دەگەڕێتەوەو لەسەر دەمی میر محەمەد پاشای ڕەواندوز لەسەر شوێنەواری قەڵای ئاشووریەکاندا قەڵایەکی درووستکرد، لە سەردەمی عوسمانیشدا کرا بە قشلە کە تا ئێستا پشکنینی ئەوتۆی بۆ نەکراوە. ئەم قەڵایە لە چەندین ژووری گەورە و بچووک پێکهاتووە لەناوەڕاستیدا گۆڕەپانێکی گەورە هەیە کە لە سەردەمی زوودا بۆ مەشقی سەربازی بەکار دەهات. قەیسەری کۆیە بازاڕێکی سەرداپۆشراوی هونەری سەرنجراکێشی کۆنی ئەم شارەیە کە لە دوو بەش پێکهاتووە، ئەمبازاڕە لەناوەڕاستی شاری کۆیە و ڕووبەرێکی مامناوەندی داگیر کردووە. قەیسەری کۆیە لەم دوایانەدا کاری نۆژەن کاری بۆ کراوە لەسەر شێوازی کۆنی خۆی کە چەندان دوکان و فرۆشگای تێدایە. مزگەوتی گەورەی کۆیە دەکەوێتە ناوەڕاستی شارۆچکەی مێژووی درووستکردنی بۆ ساڵی 1360 کۆچی دەگەڕێتەوە و لەلایەن حاجی مەلا بەکری ئاغا حەوێزی درووستکراوە و نزیکەی ساڵێک بەردی مەرمەری بۆ تاشراوە. ڕووبەری هۆڵی نوێژکردنی نزیکەی 600م چوارگۆشەیە، یەکێکە لە مزگەوتە جوانەکان، کە چەندین جۆر نەخشی تێدایە. خانە کۆنەکەی کۆیە دەکەوێتە ناوەڕاستی شارۆچکەی کۆیە مێژووی درووستکردنی دیار نییە، بەڵام تەمەنی ئەم خانە لە سەرووی سەدو پەنجا ساڵ دەبێت. خانەکە لە (65-70) ژوورو لەدوو نهوم پێکهاتووە و بەشێکی لێ دارماوە. بەبوونی ئەمخانە لەم ناوچەیەدا ئەوە دەگەێنێت کە شارۆچکەی کۆیە هەر لە کۆنەوە مەڵبەندی بازرگانی وبنکەیەک بووە بۆحەسانەوەو مانەوەی ئەو کەسانەی کە گەشتیان دەکرد بەو ڕێگایەوە.[2]