هونەرمەندی ناسراوی کورد مامۆستا عوسمان عەلی، ساڵی 1944 لە گەڕەکی مەڵکەندی شاری #سلێمانی# لەدایکبووە، تاوەکوو پۆلی پێنجەمی سەرەتایی خوێندووە، دواتر بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان چووەتە بەر کارکردن.
ساڵی 1963 بەهۆی بارودۆخی سیاسی کوردستانەوە چووەتە ڕیزی شۆڕشەوە و بووە بە پێشمەرگە.
سەرەتای کاری هونەریی لە ساڵی 1965ەوە دەستپێکردووە و لە ساڵی 1969 بووە بە ئەندام لە کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی بەشی موزیک و گۆرانی، کە دواتر وەک یەکێک لە گۆرانیبێژە کاراکان ڕۆڵی خۆی دیوە لەو بوارەدا.
ساڵی 1967 خێزانی پێکهێناوەو سێ کچ و کوڕێکی هەیە.=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2010/3161/0006.JPG=KTML_ImageCaption_Title=عوسمان عەلی و حەمەی نێرگز=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=عوسمان عەلی و حەمەی نێرگز=KTML_ImageCaption_End=
لە دوای هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی ئەیلول، لەگەڵ ئەندامانی #تیپی مۆسیقای سلێمانی# و تیپی مۆسیقای شۆڕش کاریانکردووە، دواتر لە ساڵی 1975ەوە لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی وەک ئەندامێکی چالاک و هەتا دوا چرکەکانی ژیانی بەردەوام بووە، بەڵام هاوکات هاوکاری بەرهەمەکانی: تیپی مۆسیقای مەولەوی، تیپی مۆسیقای شۆڕش و تیپی مۆسیقای نەورۆزیشی کردووە.
هەروەها لە زۆربەی بۆنە نیشتمانی و کۆمەڵایەتییەکان و کۆنسێرت و فێستیڤاڵەکان دا لە ئێراق و هەرێم دا بەشداریکردووە.
هەمیشە ئەندامێکی چالاک و دیاری یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان بووە.
هونەرمەند لە ساڵی 1996ەوە بووە بە لێپرسراوی کارگەی جلوبەرگی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
لە شەوی 21/22 ی حوزەیرانی ساڵی 2005 دا و لە کاتی چڕینی مەقام دا دوا هەناسەی بەخشی بەجیهانی قەشەنگ و فراوانی هونەری کوردی، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو هونەرەدا بۆ هەتاهەتایە لەیەکتری دانەبڕێن.
خوالێخۆشبوو توانی لە مێژووی ئەو فەرهەنگەدا پاشماوەیەکی بایەخدار ببەخشێ بە ئەرشیفی موزیکی کوردی و کۆمەڵێک بەرهەمی نایاب تۆمار بکات.
دوای مەرگی مامۆستا عوسمان عەلی، کەناڵی کوردسات ئەلبوومێکی گوڵبژێری لە گۆرانی و بەرهەمەکانی، بە هاوکاری بنەماڵەی هونەرمەند ئامادە و بڵاوکردەوە.[1]