ھەڤاڵ ئەبوبەکر حسێن محەمەد یان ھەڤاڵ ئەبوبەکر (لە (1ی کانوونی دووەمی 1971) لە ھەڵەبجە لەدایکبووە.
پارێزگاری #سلێمانی#ە (4ی کانوونی یەکەمی 2017-)، پێشتر سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بوو (11ی کانوونی یەکەمی 2015-25ی ئابی 2016) لە پشکی #بزووتنەوەی گۆڕان#.
=KTML_Bold=بڕوانامەکانی=KTML_End=
لە ساڵی 1990دا بڕوانامەی دبلۆمی لە پەیمانگای تەکنیکیی موسڵ بەدەستھێناوە.
لە ساڵی 2002دا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی کوردیی زانکۆی سلێمانی بەدەستھێناوە.
لە ساڵی 2006دا بڕوانامەی ماستەری لە ڕۆژنامەوانی و ڕۆژنامەگەریی کوردی لە زانکۆی سلێمانی بەدەستھێناوە.
لە ساڵی 2010دا بڕوانامەی دکتۆرای لە ڕۆژنامەوانی و ڕۆژنامەگەریی مۆدێرن لە زانکۆی سلێمانی بەدەستھێناوە.
=KTML_Bold=کار و چالاکییەکانی=KTML_End=
ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی ھەرێمی کوردستان (28ی تەممووزی 1998-2001).
لە ساڵی 2002 دا ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بووە.
ئەندامی فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی (2003-).
ئەندامی لیژنەی باڵای ڕاگەیاندنی سەرژمێری گشتی لە ھەرێمی کوردستان (2004-).
=KTML_Bold=ھەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014=KTML_End=
لە ڕۆژی 30ی نیسانی 2014دا ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە ئەم ھەڵبژاردنە تەنیا لە 30ی کانوونی دووەمی 2005دا بەڕێوەچوو.
ھەڤاڵ ئەبوبەکر سەرۆک لیستی بزووتنەوەی گۆڕان بوو بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و پاڵێوراوی گۆڕان بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی. لە کاتی بەڕێوەچوونی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکاندا، ململانێکی توند لەنێوان #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و بزووتنەوەی گۆڕان ھەبوو بەتایبەت لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی، کە پاڵێوراوی یەکێتیی ئاسۆ فەرەیدوون بوو.
لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکاندا، بزووتنەوەی گۆڕان توانی 12 کورسی بەدەستبھێنێت بە کۆکردنەوەی 359٫600 دەنگ، کە ھەڤاڵ ئەبوبەکر 241٫241 دەنگی بەدەستھێنا.
لە دوای ڕێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان لەبارەی پۆستەکانی پارێزگای سلێمانی، کە بڕیارە دوو ساڵی سەرەتا بۆ یەکێتی و دوو ساڵی کۆتایی بۆ گۆڕان بێت، ڕۆژی 11ی کانوونی یەکەمی 2014 ھەڤاڵ ئەبوبەکر وەکوو سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ھەڵبژێردرا.
ڕۆژی 25ی ئابی 2016، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ھەڤاڵ ئەبوبەکری لەپۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا بەخشی و وەکوو پاڵێوراوی گۆڕان بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی پەسەندیکرد.
=KTML_Bold=پارێزگاری سلێمانی=KTML_End=
دوای ئەوەی لە 25ی ئابی 2016، لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە متمانەی پارێزگاری پێدرا، بەھۆی کێشەی یاسایی بوونی سەرۆکایەتی ھەرێم، نووسراوی پەسەندکردنی وەکوو پارێزگار ڕەوانەی #وەزارەتی ناوخۆ# نەکرا، بۆیە بەشێوەیەکی کاتی سەردار قادر وەکوو جێگری پارێزگاری سلێمانی مامەڵەی دەکرد و دوای تەواوبوونی ماوە یاسایییەکەی ناونیشانی لەبری پارێزگاری سلێمانی پێ بەخشرا و دواتر لە مانگی ئایاری 2017 دەستی لەکارکێشایەوە، پاشان عومەر قەڵادزەیی پۆستی لەبری پارێزگاری سلێمانی وەرگرت.
دوای ئەوەی 29ی تشرینی یەکەمی 2017، پەڕڵەمانی کوردستان دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی دابەشکرد، نووسراوی پەسەندکردنی ھەڤاڵ ئەبوبەکر وەکوو پاڵێوراوی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ پایەی پارێزگاری سلێمانی ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆ کرا. دواتر بە فەرمانی ژمارە (5155)ی 28ی تشرینی دووەمی 2017 کە بەئیمزای #نێچیرڤان بارزانی# دەرچووە، ھەڤاڵ ئەبوبەکر وەکوو پارێزگاری سلێمانی بەپلەی بریکاری وەزارەت لەوەزارەتی ناوخۆ دامەزرێنرا.
ڕۆژی 3ی کانوونی یەکەمی 2017 وەزارەتی ناوخۆ فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ دەرکرد، ڕۆژی دواتر لە ڕێگەی نووسراوێکەوە دەستبەکاربوونی خۆی بەوەزارەتی ناوخۆ ڕاگەیاند.
[1]