توانا ئەمین، چیرۆکنووس و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و وەرگێڕی کوردە، لە ساڵی 1981 لە شاری #سلێمانی# لەدایک بووە. لە 2003 دەستەی نووسەرانی (گۆڤاری تێکست) بووە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری. لە 2005–2007 سەرپەرشتیاری بەرنامە فەرهەنگییەکانی (ڕادیۆ نەوا) بووە. لە 2007 سەرپەرشتیاری هەفتەنامەی فەرهەنگیی- کولتووریی (پەیک) بووە، لە 2008 لە بەشی زمان لە (ڕۆژنامەی ئاوێنە) کاری کردووە. چوار جار خەڵاتی (باشترین چیرۆک)ی لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە سلێمانی وەرگرتووە. لە 2011 خەڵاتی (باشترین چیرۆکنووسی لاوی ساڵ)ی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری لە #هەولێر# وەرگرتووە. لەسەر کتێبەکانی سێ جار دەستخۆشانەی لە یەکێتی نووسەرانی سویدی وەرگرتووە. بەڕێوبەری نووسینی گۆڤاری (کۆنسێپت) بووە کە وەرزەگۆڤارێکی ڕەخنەیی فیکریی بووە لە سلێمانی. ئەندامی کارای فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی جیهانیی و یەکێتی نووسەرانی سویدییە.
توانا ئەمین جگە لەوەی نووسەرە، حەزێکی زۆری بۆ کاری چاکەخوازی و خۆبەشی هەیە و چەندین
کەمپینی بۆ هاوکاریی هەژاران و منداڵانی سەرجادە و ئاژەڵی بێلانە درووست کردووە. لە کاراترین ئەو کەسانەبووە کە یاسای پاراستنی ئاژەڵانی کوردستانی لە پەڕڵەمانی کوردستان دەرچوواندووە.
ئێستاش وەک ڕۆشنبیرێکی ئازاد و سەربەخۆ دژی نادادییەکان و دەسەڵاتی کوردی بەردەوامە لە نووسین.
$بەرهەمەکانی توانا ئەمین$
توانا ئەمین پتر لە (20) کتێبی لە بوارەکانی نووسین، چیرۆک، لێکۆڵێنەوە، وەرگێڕاندا چاپ کردووە و (20) کتێبی تریشی ئامادەیە بۆ چاپ. ئەمانەی لای خوارەوە نموونەیەک لە کتێبە چاپ کراوەکانێتی:
=KTML_Bold=1- مەنفا و خوێندنەوە=KTML_End=
ئەم کتێبە گفتوگۆی ڕووناکبیر و نووسەرای کوردە لەبارەی: (تاراوگە)، ( قەیرانی خوێندنەوە)، (کێشەی ڕۆمانی کوردی)، (پەیوەندی نێوان مێژوو و ئەدەب) و چەند باسێکی تری زیندووی دونیای ئەدەبی کوردی. لەو ڕۆشنبیرە کوردانەی لەم کتێبەدا بەشدارن: #شێرکۆ بێکەس#، ئازاد حەمە، #مەریوان وریا قانع#، #جەمال غەمبار#، د. #ئەحمەدی مەلا#، #ڕەئوف بێگەرد#، #لەتیف هەڵمەت#...هتد.
ئەم کتێبە دوو جار چاپ کراوە. چاپی یەکە لە دووتوێی 387 لاپەڕەدا و لە لایەن (ڕەخنەی چاودێر)ەوە ساڵی 2008 چاپ کراوە.
=KTML_Bold=2- پیاسەیەک پێکەوە.. پیاسەیەک بەتەنیا=KTML_End=
ئەم کتێبە بەشێک لەو توێژینەوە و لێکۆڵینەوە ئەدەبیی-سۆسیۆلۆژیانەیە کە نووسەر نووسیووینی.. لەم کتێبەدا لەبارەی: (پەیوەندی نێوان خۆتەقاندنەوە و جوانی)، (مەحوی و کوفر)، (وێکچوون لەنێوان شار و لەشفروشدا)، (پێکەنین و گێڕانەوە) و چەند بابەتێکی تر دەخوێنیتەوە.
ئەم کتێبە لە دووتوێی 200 لاپەڕەدا و لە لایەن (یانەی قەڵەم)ەوە ساڵی 2008 چاپ کراوە.
=KTML_Bold=3- کچی ناو تابلۆکە=KTML_End=
ئەم کتێبە کۆمەڵە چیرۆکێکی نووسەر و ڕۆماننووسان (#کاروان عومەر کاکەسوور#) و (ئیسماعیل حەمەئەمین) پێشەکیان بۆ نووسیوە.
ئەم کتێبە لە دووتوێی 130 لاپەڕەدا و لە لایەن (یانەی قەڵەم)ەوە ساڵی 2009 چاپ کراوە.
=KTML_Bold=4- پەیکەری فەرهاد=KTML_End=
ئەم ڕۆمانە لە نووسینی ڕۆماننووسی هاوچەرخی فارس (عەباس مەعروفی)ە، بەڕای ڕۆشنبیرانی ئێرانی (پەیکەری فەرهاد) سەختترین کاری ئەم نووسەرەیە. ئەم ڕۆمانە لە لایەن توانا ئەمینەوە کراوە بە کوردی و ڕۆماننووس و ڕووناکبیری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی (#عەتا نەهایی#) پێیداچۆتەوەو لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکاری لەسەر نووسیووە و هەر لەگەڵ کتێبەکەدا چاپ ببووە.
ئەم کتێبە دوو جار چاپ بووە، چاپی یەکەمی لە دووتوێی 192 لاپەڕەدا و لە لایەن (دەزگای ئاراس)ەوە ساڵی 2009 چاپ کراوە.
=KTML_Bold=5- فڕین لە قەفەسێکی کراوەدا=KTML_End=
ئەم کتێبە بریتییە لە کۆمەڵێ وتار و لێکۆڵینەوە لەمەڕ: (ھیومانیزم)، (جوانی)، (ئاوێنە)، (خۆکوشتن)، (ماسک)، (غەمگینی)، (فڕین)... و چەند تەوەرێکی تر.
ئەم کتێبە لە دووتوێی 172 لاپەڕەدا و لە لایەن (ڕێکخراوی کۆنسێپت بۆ پەرەپێدانی کلتوریی)ەوە ساڵی 2009 چاپ کراوە.
=KTML_Bold=6- سەگێک لە ئاوێنەدا=KTML_End=
ئەم کتێبە چیرۆک و تێکستەکانی توانا ئەمینی لە خۆی گرتووە و چیرۆکنووس (#شێرزاد حەسەن#) پێشەکی بۆ نووسیووە.
ئەم کتێبە لە دووتوێی 272 لاپەڕەدا و بە سپۆنسەری (ئاسیاسێڵ)، ساڵی 2010 چاپ کراوە.
=KTML_Bold=7- خودا لەسەری مرۆڤدا=KTML_End=
ئەم کتێبە بریتییە لە پێشەکییەکی درێژ و چەند وتووێژکی فیکریی لەمەڕ هەستیارترین و پڕکێشەترین کێشەی فەلسەفیی لە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتیدا کە: (خودا)یە.. خودا کێیە..؟ خودا چییە..؟ خودا لە کوێیە..؟ کێ ئەم کۆنسێپتە پێناسە دەکات و چیی ڕۆڵی دەداتێ؟ ئینسان دەتوانێت بێ جەبەڕووتی ئەم چەمکە، ئەخلاقیانە مامەڵەی خۆی و مامەڵەی جیهان و مامەڵەی یەکتر بکات؟ کتێبەکە دەیەوێت بەرسڤی ئەم پرسیارانەی بداتەوە بە لێکۆڵینەوە و پێشەکییەکی درێژ و گفتۆگۆی چەندین تیۆلۆگ و ڕووناکبیری ئایینی و ئاتیست و پسپۆڕی فیزکیی و تەنانەت قەشە و مەلاش کۆتایی دێت.
ئەم کتێبە دوو جار چاپ بووە، چاپی یەکەمی لە
2012دا و چاپی دووەمی لە لایەن (کۆمەڵەی یۆگا)وە ساڵی 2015 کراوە.
=KTML_Bold=8- کەوتن=KTML_End=
ئەم کتیبە لە نوووسینی نووسەری فەرەنسی و براوەی خەڵاتی نۆبڵ (ئەلبێر کامۆ)یە و توانا ئەمین وەریگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی و (بەیان سەلمان) پێداچۆتەوە و بەراوردی کردووە بە دەقە فەرانسییەکەی.
ئەم کتێبە لە دووتوێی 200 لاپەڕەدا لە لایەن (ناوەندی ئاوێر)ە و ساڵی 2013 چاپ کراوە.
=KTML_Bold=9- دەنگی پێی ئاو و ماچێک بە تامی خۆڵەمێش=KTML_End=
کۆمەڵێک شیعری فارسی و تورکی و بیانییە توانا ئەمین وەریگێڕاوە بۆ کوردی.
ئەم کتێبە لە دووتوێی 400 لاپەڕەدا لە لایەن (دەزگای جەمال عیرفان)ە و ساڵی 2015 چاپ کراوە.
=KTML_Bold=10- ماڵی یار=KTML_End=
هەڵبژاردەیەکە لە شیعرەکانی شاعیری بەناوبانگی ئێرانی (سوهراب سپێهری)یە و توانا ئەمین وەریگێڕاوە.
ئەم کتێبە لە دووتوێی 200 لاپەڕەدا لە لایەن (کتێبخانەی
فێربوون)ە و ساڵی 2016 چاپ کراوە.
=KTML_Bold=11- کوندەپەپوی کوێر=KTML_End=
ئەم کتێبە لە نووسینی نووسەری بەناوبانگی ئێرانی (سادق هیدایەت)ە و توانا ئەمین وەریگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی. ئەم ڕۆمانە سوریالی و کورت، بەڵام قووڵ و قژەژە، لە ئەدەبیاتی فارسییدا وەک شاکارێکی سەدەی بیستی خۆیان دەیناسێنن. ڕۆمانەکە گێڕانەوەیەکی تاکبێژی پچڕپچڕی کەسێکە لە دۆخێکی ڕۆحیی ماندوودا؛ کەسێک کە ڕۆحی بریندارە و بەردەوام لە ئازاردا دەژی؛ لەو ئازارانەی هەروەک خۆی دەڵێت: ناتوانی لە لای کەس باسی بکەیت!
ئەم کتێبە لە دووتوێی 192 لاپەڕەدا لە لایەن (ناوەندی ئاوێر)ە و ساڵی 2016 چاپ کراوە.
=KTML_Bold=12- مینایی شین=KTML_End=
کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە ئەدەبیی و ئیستاتیکیی توانا ئەمینە، کە توێژەری فەلسەفە (بەکر عەلی)، پێشەکی بۆ نووسیوە. لەم کتێبەدا ئەم لێکۆڵینەوانە دەخوێنیتەوە: (مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و هەڵەکانی شەرحی مەحوی)، (هيومانيزم وەک گوتار، ڕامانێک لە شیعری
ئەپسێردی کوردی)، (هەوڵێک بۆ خوێندنەوەی فەلسەفەی خەیاڵ، گوتارێکی شارناسیانە)، (چێژ لە ئیستاتیکای توندوتیژییدا)، (چۆن خۆشەویستی بکەین.. چۆن خۆشەویستی بخوێنینەوە)، (داهێنەر کێیە؟)، (نیگایەکی ھێرمۆنۆتیکی لە ماسک، ئیستێک لەنێوان ھێماناسیی و فەلسەفەدا)، (بۆ ئینسانی نوێ دڵی تەنگە؟!)، (شوشەییبوون یان لە تۆڕکەوتنی کۆمەڵایەتی)، (لەبارەی هونەی باڵاوە)، ( گیرۆدەبوون بەدەست ژیانەوە؛ یان داشی ناو یارییەکی میتافیزکی)، (لەسەردەمێکدا کە هەمووان قسە دەکەن... من بۆ دەمەوێ بێدەنگ بم!)
ئەم کتێبە لە دووتوێی 475 لاپەڕەدا لە لایەن (ناوەندی ئاوێر)ە و ساڵی 2016 چاپ کراوە.
=KTML_Bold=13- تریفەی مانگ=KTML_End=
ئەم کتێبە ھەڵبژاردەیەکە لە چیرۆکە نایابەکانی نووسەری فەڕەنسی (گێ. دو. مۆپاسان) کە توانا ئەمین وەیگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی و (بەیان سەلمان) وەرگێڕانەکەی بەراوردکردووە بە دەقە ئۆرگیناڵەکەی.
ئەم کتێبە لە دووتوێی 350 لاپەڕەدا لە لایەن (ناوەندی ئاوێر)ە و ساڵی 2016 چاپ کراوە.
=KTML_Bold=14- ژوولیا و دەستنووسەکەی مەولانا=KTML_End=
کتێبی سەرجەم تێکست و چیرۆکەکانی توانا ئەمینە.
ئەم کتێبە لە دووتوێی 330 لاپەڕەدا لە لایەن (ماڵی وەفایی)ە و ساڵی 2016 چاپ کراوە.
=KTML_Bold=15- گەردانەی تەم=KTML_End=
ئەم کتێبە هەڵبژاردەیەکە لە ژیان و شیعر و نامەکانی شاعیری ئێرانی (سوهراب سپێهریی)ە توانا ئەمین کردوویەتی بە کوردی.
ئەم کتێبە لە دووتوێی 140 لاپەڕەدا لە لایەن (ناوەندی ئاوێر)ە و ساڵی 2016 چاپ کراوە.
=KTML_Bold=16- پەیامبەر=KTML_End=
ئەم کتێبە لە نووسینی نووسەری لوبنانی (جوبران خەلیل جوبران) و توانا ئەمین کردوویەتی بە کوردی. پێک هاتووە لە 28 گوتار، دەرباری (ژیان) و (خوشەویستی) و (هاوسەرێتی) و (منداڵ) و (سامان) و (بەخشین)...هتد. کتێبێکە لەسەر ئاستی فۆرم و تەکنیک سادە و لەسەر ئاستی ناوەرۆک قووڵە، خوێندنەوەی بۆ هەموو کەسێک دەشێت لە هەر
تەمەنێکدا بێت و سەربە هەر ئایینێک بێت. (پەیامبەر) لە لیستی پڕفرۆشترین کتێبەکانی سەدەی بیست بووە و بۆ زیاتر لە 50 زمانی جیهانی وەرگێڕدراوە.
ئەم کتێبە لە دووتوێی 182 لاپەڕەدا لە لایەن (ماڵی وەفایی)ە و ساڵی 2017 چاپ کراوە.
=KTML_Bold=17- تۆ لە پەنهانترین کەلێنی پیرۆزی دڵمدایت=KTML_End=
ئەم کتێبە گوڵچنێکە لە جوانترین شیعر و چیرۆک و کورتەی فەلسەفە و گفتوگۆکانی بیرمەند و عاریفی بەنگالی (ڕابیندرانات تاگوور) و توانا ئەمین کردوویەتی بە کوردی. تاگوور، یەکەم نووسەری ئاسیاییە کە خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتووە و کتێبەکانی بۆ نزیکەی سەرجەم زمانە زیندووەکانی جیهان وەرگێڕدراوە. پەیامی ئەم نووسەر لەسەرخۆشەویستی و سرووشتدۆستییە و لە سەرجەم نووسینەکانیدا ستایشی خوداوەند و ژیان و مرۆڤ دەکات.
ئەم کتێبە لە دووتوێی 227 لاپەڕەدا لە لایەن (ماڵی وەفایی)ە و ساڵی 2017 چاپ کراوە.
=KTML_Bold=18- ئەڤینم خۆش دەوێت، بەڵام لە ژن دەترسم=KTML_End=
ئەم کتێبە هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی نووسەر و
ئەکتەریی سینەمای ئێرانی (حسێن پەناهی) و توانا ئەمین کردوویەتی بە کوردی. یەکێک لە سیما سەرەکییەکانی ئەدەبیاتی پەناهی، داکۆکیکردن و بەرگیکردنییەتی لە ژیان. ئەو بە جەختەوە، لە دەقەکانیدا، بە شوێن ژیانێکی سادە و لەدەستچوودا وێڵە، سەرگەردانە، هەڵوەدایە.
ئەم کتێبە لە دووتوێی 202 لاپەڕەدا لە لایەن (کتێبخانەی یادگار)ە و ساڵی 2017 چاپ کراوە.
=KTML_Bold=19- شیر و هەنگوین=KTML_End=
ئەم کتێبە شیعری کچە شاعیری هیندی-کەنەدیی (ڕۆپی کور)ە و توانا ئەمین بە هاوکاری سیامەند، ج، ئەحمەد کردوویەتی بە کوردی. ئەم کتێبە بۆ زیاتر لە 30 زمان وەرگێڕدراوە و کتێبێکی دڵگیرە و چێژ و ئازارەکانی مرۆڤبوون و مێیینەبوون، بە زمانێکی شیعریی لە کەمترین وشەدا بە هاوئاهەنگی چەندان هێڵکاریی جوان دەگێڕێتەوە.
ئەم کتێبە لە دووتوێی 200 لاپەڕەدا لە لایەن (کتێبخانەی یادگار)ە و ساڵی 2018 چاپ کراوە.
=KTML_Bold=20- ڕازی گوڵی سوور=KTML_End=
هەڵبژاردەی چەند شیعرێکی بیانییە و و توانا ئەمین کردوویەتی بە کوردی.
ئەم کتێبە لە دووتوێی 211 لاپەڕەدا لە لایەن (ماڵی وەفایی)ە و ساڵی 2018 چاپ کراوە.
=KTML_Bold=21- مرواریی تاقانە=KTML_End=
ئەم کتێبە کۆمەڵێ تێکست و یاداشتە لە نووسینی توانا ئەمین. کتێبەکە تێڕامانێکی فەلسەفیانەیە لە ئینسان و دەوروبەر بەڵام بە زمانێکی سادە و شیعریانە، بە شێوەیەک هەمووان بتوانن تێی بگەن. ئەم کتێبە بۆ دوو ئاست دابەش دەبێ، ئاستێکیان نزیک لە ژیانی ڕۆژانە و خەمە جڤاکی و ئینسانییە گشتییەکانە کە هەر کەسەمان هەمانە. بە چاوێکی کونپشکیانەوە دەپرسێ (پارە چییە؟)، (پەیوەندی و خیانەت چین؟)، (موڵکایەتی چیە؟) (خۆشەویستی چییە؟)، (تەنیایی چییە؟)، (شار چییە؟)، (دڵ چییە؟)، (خوداپەرستی چییە؟) و هتد... ئاستی دووەم ؛ پرسە گەردوونی و وجودییەکانە وەک ئینسان؛ گاهێ عیرفانی و گاهێ گومانکارانە دەپرسێت: (ئێمە بۆ هەین؟)، (لە کوێوە هاتووین؟)، (کێ ئێمەی درووست کردووە؟)، (ئەم شتانە بۆ وان؟)، (ئەوانەی دەمرن دەچن بۆ کوێ؟)، (ئازار بۆ
هەیە؟)، (ژیان چییە؟)، (مەرگ بۆ هەیە؟) و هتد...
ئەم کتێبە لە دووتوێی 400 لاپەڕەدا لە لایەن (کتێبخانەی گۆڵدن بووک)ە و ساڵی 2019 چاپ کراوە.
=KTML_Bold=22- ژووری شین=KTML_End=
ئەم کتێبە بیرەوەریی و نووسینە دەربارەی عیرفان، لە لایەن شاعیری ئێرانی (سوهراب سپێهری)یەوە نووسراوە و و توانا ئەمین کردوویەتی بە کوردی. لەم کتێبەدا بونیادێکی عیرفانی و سیستمێکی ساغی فیکریی سازوتەبا، بۆ ڕوانین و وردبوونەوە لە شوناس، لە شوێن، لە ڕەنگ، لە دەنگ و.... بەگشتی بۆ جیهان ئامادەیە، کە مرۆڤ دەتوانێت بە کۆمەکی ئەم تێگەیشتنە، باشتر ببینێت و باشتر بژی. بۆ باشتر تێگەیشتنی خوێنەر لە پەیامەکانی کتێبێکە، نووسەر 670 پەڕاوێزی بۆ داناوە.
ئەم کتێبە لە دووتوێی 300 لاپەڕەدا لە لایەن (دەزگای فام)ە و ساڵی 2025 چاپ کراوە.
=KTML_Bold=23- گفتوگۆیەک لەبەردەم ئاوێنەدا=KTML_End=
ئەم کتێبە گفتوگۆی نووسەری کورد توانا ئەمینە لەگەڵ (زیرەکیی دەستکرد)، لەبارەی کۆمەڵێک پرس، لەوانە:
(فەلسەفە)، (زانست)، (ئایین)، (هونەر). لەم کتێبەدا تیشک دەخاتە سەر دەستکەوت و مەترسییە چاوەڕوانکراوەکانی زیرەکیی دەستکرد لە ئێستا و ئاییندەیەکی نزیکدا.
ئەم کتێبە لە دووتوێی 198 لاپەڕەدا لە لایەن (دەزگای فام)ە و ساڵی 2025 چاپ کراوە.[1]
=KTML_Link_Facebook_Begin=https://www.facebook.com/PageTwanaAmin=KTML_Link_Facebook_Between=فەیسبووکی: توانا ئەمین=KTML_Link_Facebook_End=