خۆشباوەڕی، لە تايبەتمەندييه خراپەکانی ئێمەی کورد
بەختياری شەمەيی
ئەوه ڕاستييەکی نکوڵيلێنەکراوه که ئێمەی کورد لەدوای ڕووخانی ئيمپراتۆرێتيی ماددەوه هەتا ئێستا وەک نەتەوه، نە خۆمان وەک نەتەوەيەکی ئازاد و نه کوردستانەکەيشمان وەک نيشتمانێکی سەربەخۆ و يەکگرتوو نەبينيوەتەوه و له و سەردەمانەوه، هەتا ئەمڕۆ له سەنگەر و هەڵوێستی بەرگری لەخۆکردن و جەنگ و شەڕ و بەربەرە کانێ و ململانێی مان و نەمانداين.
لێرەدا بۆ کورتکردنەوەی ڕێگای دوور، دەڵێين : مەبەستەکه و پرسيارەکه لەم وشانەدا ئەمەيه: بۆچی بەدرێژايی ئه و مێژووه (جگە لە چەند کەسایەتییەکی زۆر کەم و دەگمەن نەبێت)، هەرگیز پشتیوانی کردن و دەربڕینی هاوخەمی و هاوسۆزی و هاوکاری کردنی ئێمەی کورد نەبووەتە دیاردە و نەبووەتە ڕووداوی هەستپێکراوی ناو نەتەوە سەردەستەکانی دراوسێمان!؟
جگە لەو چەند کەسە کەم و دەگمەنە نەبێت، ئیتر نەبووه و نەمانبينيوه که وەکو کۆڕ و کۆمەڵ و پارت و يانه و ڕاديۆ و تەلەڤيزيۆنێک، یان چەند ڕامياريزان و ياريزان و سەماکار و نووسەر و ڕۆشنبير و هۆزانڤان و شانۆکار و کۆمەڵناس و گۆرانيبێژێکی نەتەوه دراوسێکانمان له فارس و عەرەب و تورک، هەڵوێستێکی مرۆڤپەروەرانە و هاوئايينيانە و دراوسێيانەيان بەرامبەر ئه و هە موو شەڕ و کوشتار و ماڵوێرانی و سەرگەردانی و ستەملێکراوييەی که دەسەڵاتداره داگيرکەر و ڕەگەزپەرست و تاڵانچييەکانی ئه و نەتەوانە و ئه و د ەوڵەتە داگيرکەرانەی کوردستان بەسەر ئێمەی کورددا هێناويانه، هەبێت. هيچ کەس و کۆڕ و کۆمەڵێکيانمان نەبينی و لێمان نەبيستن که بە تەنها بەياننامەيەک، هۆنراوەيەک يان گۆرانيەک، يان بە نامەيەک، هە ستی دراوسێيانه و مرۆڤپەروەرانەی خۆيان بۆ ئێمەی کورد دەرببڕن و له و ماڵوێرانی و ئازار و ستەم و کارەساتانەدا هاوسۆز و هاوخەممانبن. بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی ئەم هەلومەرج و نيمچه ئازادييەی که لە باشووری کوردستاندا بەدەستمان هێناوه يان باشتره بڵێين ئەم ئازادييەی ئێستا بوونی هەيه، دەبينين دەيان کەسی بەناو دۆستی کورد له شێوەی ڕامياريزان و ياريزان و سەماکار و گۆرانيبێژ و شانۆکار و نووسەر و ڕۆشنبيرمان لێ پەيدابوون که گوايە دۆستی ئێمەی کوردن، ئەی پێشتر ئەمانه لەکوێ بوون و بۆ هيچ هەڵوێستێکی مرۆڤانه و دراوسێيانەيان بەرامبەر ئه و هەموو ڕابوردووه پڕ له کارەساتانەماندا نەبووه. ئەی خێرە ئەمڕۆ خۆیان کردووە بە گوايە دۆستمان و پەیتا پەیتا سەردانمان دەکەن و گۆرانيمان بۆ دەڵێن!؟ لەڕاستيدا وەڵامەکەی ڕوون و ئاشکرايە، ئەمڕۆ دۆستايەتی کردنی کوردی باشوور و باشووری کوردستان، بەرژەوەنديی تايبەتی و پارەی زۆری تێدايه.
ئەوەی دەیبینین ئەوەیە کە بەلێشاو ئاهەنگ و فيستڤاڵ و بۆنەی جۆراوجۆر بۆ ئه و تازە دۆستانه ساز دەکرێن و بانگهێشتنی باشووری کوردستان دەکرێن. پارەی زۆريان بۆ خەرج دەکرێت و بڕە پارەی زۆريان بە دیاری دەدرێتێ، لەباشترين هۆتێل و شوێنی مانەوەدا خزمەت دەکرێن.
ئيمتيازی کارکردن و کۆمپانيا کردنەوەيان دەدرێتێ، بەلێشاو دێن و زەوی و خانوو و شوقه دەکڕن يان ئەوانەيشيان هەر به دياری دەدرێتێ، لە زانکۆکاندا دادەمەزرێنرێن و بۆيان هەيه بەخۆڕايی بخوێنن.بۆ ئەوان خوێندن بەخۆرايیە!؟.
سەرنج بدەن! لەلايەن دەسەڵاتی کوردی يان پارته کوردييەکان يان سەرۆک و بەرپرسەکانەوه هە موو پێداويستييەکيان بۆ دابين دەکرێت، بەڵام مەخابن، زۆربەی یپێشمەرگه دێرينەکان، ڕۆڵه ئازاکان و شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژانی سەخت و تەنگانه، زۆربەی ڕۆشنبيران و نووسەران و گۆرانيبێژان و هونەرمەندە دڵسۆزەکانی خۆيشمان بە هەژاری و نەداری و هەناسە ساردييەوه سەردەنێنه و هیچ بەرپرس و لایەنێک ئاوڕێکیان لێنادەنەوه!؟ هە ڕ بۆنموونه، هونەرمەندێکی گەورەی ميلليی وەکو ئەحمەد شەماڵی نەمر، هەتا بە هەژاری و بێ خانە و لانەيی کۆچی دوايی نەکرد، کەس باسی نەکرد و کەس لێی نەپرسييەوه!؟ هەروەها هونەرمەندێکی ديکەی ميللی، خوالێخۆشبوو سەڵاح داوده به هەژاری و بێ خانە و لانەيی سەری نايەوه و کەس لێی نەپرسييەوه. هونەرمەنديکی ميلليی و يەکێ له پێشمەرگه ئازا و دڵسۆزەکانی کورد و کوردستان، نەمر و گيانپاک، ئيبراهيم سەعيد، ناسراو به بلەی سەعه کەڕ، له ژوورێکی داروخاوی کرێچێتيدا، له بێکەسی و هە ژاريدا، پاش چەند ڕۆژێک له گيان دەرچوونی، ئينجا به مردنەکەيزانرا...!؟.
ئایا ئەمە ئازادی و ديمۆکراسييه، يان ئەمه شەرم و شەرمەزارييە بۆ ئەمڕۆی کۆمەڵگەکەمان!؟ ئێستاش به سەدان پێشمەرگەی دێرين و زيندانيی ڕامياری و بريندار و کەمئەندام و پەککەوتەی کارەساتەکانی شۆڕش، ئێستاش به سەدان هونەرمەند و شانۆکار و نووسەر و ڕۆشنبيری هەڵکەوتوو و دڵسۆزمان هەن که به هەژاری و نەداری دەژين و هیچ دەسەڵاتدار و لایەنێکی پێوەندیدار لێيان ناپرسنەوه و ئاوڕێکی هاوکاری کردنيان لێ نادەنەوە. نموونەکان زۆر زۆرن و ئەگەر بەدوايدا بڕۆين، وەک دە ڵێن ئەم هەويره ئاو زۆر دەکێشت و ئەم نووسينە ش زۆر درێژ دەبێتەوه.
بەداخەوه لە بیرکردنەوە و تێگەیشتندا، کەسانی خۆشباوەڕ و ساده و ساکار، لەناو ميللەتی ئێمە دا زۆر زۆرن. ئێستا له ڕاگەياندنەکاندا باو باوی ئەوەيە که خانمه گۆرانيبێژێکی عەرەب گۆرانييەکی بۆ کورد چڕيوه!؟ ئێ ئينجا چييە!؟ خۆ ئەمه پەرجوو / موعجيزه نييە. ئەی ئه و خانمە بەڕێزه بۆچی لەکاتی ئەنفالکردن و لەناوبردنیی کورد و وێرانکردن و سوتماک کردنی کوردستاندا ئێمەی کوردی لەبير نەبوو!؟ خۆ کەس دەستی نەگرتبوو !؟.
ئەنفال کردنی کورد و وێران کردنی کوردستان لای کەس شاراوه نەبوو!؟ ئەی بۆ نووسەر و ڕۆشنبير و گۆرانيبێژ و کەسێکی ناوداری ئه و نەتەوه دراوسێيانەمان نەبينی تەنها وشەيەکمان بەباشه بۆ بنووسن، گۆرانييەکمان بۆ بڵێن، هە ڵوێستێکی مرۆڤپەروەرانەمان نيشان بدەن!؟ مەسەلەکه ئەمەيە که ئەمڕۆ ئەم دۆستايەتی کردن و گۆرانی بۆ کورد وتنانه بۆ بەرژەوەنديی تايبەتييه و پارەی موفت و خزمەتکردنی زۆری تێدايه.
ئێمەی کورد، زۆربەمان ئەوەنده خۆشباوەڕ و سادە و ساکارين، دڵمان به و گۆرانی و دۆستايەتييە تازەبابە تەی ئه و گۆرانی بێژه خۆپەرست و بەرژەوەند پەرستانە خۆشه!؟
له کۆتايیدا دەبێ بڵێين: ئاخۆ ڕۆژێک دێت که ئێمەی کورديش وەکو نەتەوە ئازاد و پێشکەوتووەکانی ديکه له خۆمان و له ژيان و له بەرژەوەندی و دۆست و دۆستايەتيی ڕاستينه تێبگەين!؟ بەخۆمان و بەمێژووماندا بچينەوه و بزانين و تێبگەين بەرژەوەنديی باڵای نەتەوەيی و نيشتمانيمان لەچيدايه و دۆستان و دوژمنانمان کێن و کێنين!؟….. بەهيوای ئه و ڕۆژه.
09-03-2013