باڵندەی چێرگ کە یەکێک لە دەگمەنترین باڵندەکانی کوردستان و تەنانەت جیهانە، مەترسی لەناوچوونی لێ دەکرێت.
چێرگ کە لە زمانی زانستی به (otis tarda) بەناوبانگە، گەورەترین باڵندەی گیاخۆری جیهانە.
ئەو باڵندەیە کە ئێستا به هێمای ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت ئێران ناسراوە، سەرەرای کێشی زۆری خاوەنی دوو باڵی درێژ و پڕهێزە و بەو هۆیەوە نازناوی قورسترین باڵندەی جیهانی پێدراوە کە توانای فڕینی درێژ مەودای هەبێت.
ناوچە دەشتاوییەکانی کوردستان یەکێک لە ژینگە ڕەسەنەکانی چێرگه و ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەورەترین ژینگەکانی ئەو باڵندەیەی لەخۆ گرتووە.
چێرگ لە دەشتەکانی خوارووی دەریاچەی ورمێ (کانی بەرازان، گردە قیت، مەیمەند، قەرەشلاغ) لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوایی (ورمێ)، دەشتی قوروە، دەشتی گەز، دیواندەڕە و زەرینەی ئوباتۆ لە پارێزگای سنه و دەشتی هەشتلان و تلێسم لە پارێزگای کرماشان بینراوە.
ئەو باڵندەیە زیاتر لە نێو کێلگەکانی گەنم و جۆ و نیسک و وێنجە هێلانە دەکات.
ناوچەی موکریان بەتایبەت دەشتەکانی نێوان بۆکان و مەهاباد گرنگترین ژینگەی باڵندەی چێرگ لە کوردستان و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاسته کە نزیکەی 45 دانە لەو باڵندەیەی لەخۆ گرتووە.
ئامارێکی دروست بۆ ڕێژەی ڕاستەقینەی ئەو باڵندەیە لە کوردستان لەبەر دەست نییە، بەڵام دەشتی سووتاو لە بۆکان سەرەکیترین و گەورەترین ژینگەی چێرگه که زیاتر لە 20 باڵندەی چێرگ تێیدا دەژی.
لە ماوەی ڕابردوودا، یەکەمین ناوەندی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی چێرگ لە ئێراندا لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە.
ئێستاکە ئەو باڵندە دەگمەن و ئەفسانەییەی کوردستان ڕووبەڕووی هەڕەشەی لەناوچوون بووەتەوە و تەنانەت خراوەتە ناوریزی سوور (دۆخی مەترسیدار)ی یەکێتی نێودەوڵەتی پاڕاستنی ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکان (iucn)ی سەر بە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
کورتە فیلمی ” چێرگ لە بۆکان دا “
ئەوکەسانەی زانیاریان لە بارەی چێرگەوە نیە یان قەتیان نەدیوە ئەم کورتە فیلمە ببینن
کورتە فیلمی ” چێرگ لە بۆکان دا ” بە دەرهێنانی کاک محەمەد باوەردی موقەدەم
ئەو کەسانەی فایلە پڕکوالیتەکەیان (بەکەیفیەتەکەیان) دەوێ پەیوەندی بەکەن بە بەشی پەیوەندی ئەم ماڵپەڕەیەوە http://www.kizanyari.com یان لەم ئەدرەسەوە https://www.youtube.com/watch?vkty41spkny4
چێرگ باڵەندەیەکی ئەفسانەیی، مل و قاچ درێژ، باڵ و دەنووک پان و تووک ڕەنگاڕەنگ و جنجر، چێرگ و چرگ باڵەندەیەک کە لەسەر زەوی هێلانە دەکات و تەنیا لە لەوەڕگەکان و مەزراکانی دانەوێڵەدا دەژیت.
چێرگ چەندین ساڵە کە لە ژێر چاودێری دایە، دەگوترێ هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە، بەپێی ئاماری یەکێتی نێودەوڵەتی پاراستنی ژینگە، چێرگ لە لیستی سووردایە و ژمارەیان کەمترە لە 40 هەزار دانە، ئەوان لە وڵاتانی ڕووسیا، ئیسپانیا، هەنگاریا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژین.
دەستەیەکی چێرگەکان لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژین، لە دەشتی سووتاو، دەشتێک بە پانایی 1600 دۆنم واتە 400 هێکتار کە ساڵانە میوانداری لە 20 تا 25 سەر چێرگ دەکات.
دەشتی سووتاو ئێستا بە سەرەکیترین ژینگەی چێرگ لە هەموو ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەندرەێت، بە دەستپێشخەری ڕێکخراوەی ژینگەپارێزی بۆکان و هەوڵی چالاکڤانانی ژینگەپارێزی بۆکان، یەکەمین ناوەندی لێکۆڵینەوەی چێرگناسی ئێران لەو شارە کراوەتەوە.
چێرگ بەهۆیی ڕاوی لە ڕادەبەدەر و تێکچوونی جێژینی لە مەترسی لەناوچووندایە.
20150921221841127085